ئایا رۆژئاواى کوردستان لە پرسى نەوتدا ئەزموونى هەرێم دووبارە دەکاتەوە؟

ليست هناك تعليقات


ئیدارەى باکورو رۆژهەڵاتى سوریا سەرەتایەکى نوێی لەوەبەرهێنان و هەناردەکردنى نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى دەست پێکردوە، بۆ ئەوەش هەوڵەکانى لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیاى گەورەى بوارى نەوت دەستى بە گفتوگۆ کردوە تا لەو رێگەیەوە نەوتەوە سەرنجى کۆمەڵگەى نێودەڵەتى بەلاى خۆیدا رابکێشێت و پشتیوانی بۆ مانەوەى دەستبەر بکات.

رۆژئاواى کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانى نەوت و گاز بە جۆرێک کە زۆرینەى نەوتى سوریا کەوتووەتە هەردوو پارێزگاى دێرەزوور و حەسەکە کە ئیستا ئەو دوو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) دان و لەلایەن هێزەکانى ئەمریکاو هەسەدەوە سەرپەرشتى دەکرێن کە پێشتر ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵى داعش و گروپە چەکدارەکانى دیکەدا بوون.

بەپێى ئامارەكان  لە ئیستادا هەسەدە لە ٩٠%ى کیڵگە نەوتییەکان و لە ٤٥%ی گازى سروشتیی رۆژئاواى کوردستان بە پارێزگاى دێرەزووریشەوە لەژێر دەستیدایە.

"کێڵگەى عومەر" کە لەپارێزگاى دێرەزوورە بە گەورەترین کێڵگەى نەوتی سوریا دادەنرێت کە لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٧ وە هەسەدە لەژێر دەستى داعش دەریهێناو دواى ئەو کێڵگەى "تەنەک" دووەم گەورەترین کێڵگەى نەوتى سوریایە کە ئەویش لە هەمان پارێزگایەو لەلایەن هەسەدەوە سەرپەرشتى دەکرێت.

هاوکات ١٥ کیڵگەى نەوتى دیکەش هەر لە پارێزگاى دێررەزووردان، کۆى نەوتى کێڵگە نەوتیەکانى ئەو پارێزگایە نزیک دەبێتەوە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و لەلایەن ئیدارەى رۆرژئاواى کوردستانەوە سەرپەرشتى دەکرێت.

بەرپرسى دۆسییەی ئابورى لە ئیدارەى خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بڕە نەوتەى بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت یان فرۆشتنیان بەبازرگانان و ئەوانیش دەیفرۆشن بەحکومەتی سوریا، ئەوەى دەمێنێتەوە بۆ پێداویستیەکانى کارەباو کشتوکاڵ و کارگەکان بەکاردەهێنرێت.

ئیبراهیم حامید بەرپرسى دۆسییەی ئابورى لە ئیدارەى خۆسەر تایبەت بە شارپرێسى راگەیاند" کە داهاتى ئەو نەوتەى دەفرۆشرێت لە بۆ خزمەتگوزارى و موچەو خەرجییە سەربازییەکان و قەرزى هاوڵاتیان و پێداویستییەکانى دیکەى بەرێوەبردنى رۆژئاواى کوردستان خەرجى دەکرێت کە زۆر بە شەفافى و بە ژمارەو ئامارى ورد تۆمار کراون".

حامید ئەوەش روون دەکاتەوە کە ئەوان ئەزموونى هەرێمى کوردستانیان لەبەرچاوە کە نەوت بووەتە سەرچاوەى نیگەرانى گەلى باشور، بۆیە بەوتەى خۆی ئەوان هەرگیز ئەو ئەزموونە دووبارە ناکەنەوە، بۆ سەلماندنى ئەوەش دەڵێت، هەر کەس دەتوانێت زانیارى لەبارەى نەوتى باکورو رۆژهەڵاتى سوریاوە وەربگرێت.

داهاتی نەوت بووەتە کۆڵەکەی سەرەکی ئیدارەی سەربەخۆی کوردەکان لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کەبودجە تەرخاندەکات هەزار شەڕکەری هەسەدەو بەخێوکردنی هەزارەها بەندی داعش لەچەندین بەندیخانەی ئیدارەکەدا.

زۆرینەى نەوتى سوریا کەوتووەتە پارێزگاى حەسەکە کە سەرجەم دانیشتوانەکەى کوردن و کەوتووەتە رۆژئاواى کوردستان کە گەورەترین کێڵگەى ئەو پارێزگا کوردنشینە "سوەیدیە"یە کە رۆژانە نزیکەى ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوتى لێ بەرهەم دەهێنرێت هەر لەو کێڵگەیەش ٢٦ کێڵگەى غاز هەیە.

کێڵگەى نەوتى رمێلان کە دەکەویتە سنورى پارێزگاى حەسەکەو بە دووەم گەورەترین کێڵگەى نەوتى پارێزگاکە دادەنرێت و تەنیا لەو کێڵگەیە نزیکەى هەزارو ٣٣٠ بیرە نەوتى تێدایە کە بەرهەمى رۆژانەى دەگاتە ٩٥ هەزار بەرمیل.
جگە لەو کیڵگە نەوتیانەش هەریەکە لە کێڵگە نەوتییەکانى (شەدادى، و یوسفییە،هۆل، جەبسە) کەوتوونەتە حەسەکەو رۆژانە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، هەر لە کێڵگە نەوتیەکانى حەسەکە رۆژانە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار مەتر سێجار گازى سروشتى بەرهەم دەهێنرێت.

بەکۆى گشتی رۆژئاواى کوردستان رۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەێنێت و لەچەند رێگایەکەوە ئەو نەوتە دەفرۆشێت و ئەمریکاش ئەو رێگایانەى مسۆگەر کردوە بۆ ئەوەى بەربەست بۆ فرۆشتنى نەوتى رۆژئـاوا دروست نەبێت

لەئێستادا کۆمپانیا بیانییەکان و بەتایبەت کۆمپانیاکانى ئەمریکاو فەڕەنساو بەریتانیا لەهەوڵى دۆزینەوەو پەرەپێدانى زیاترى نەوتى رۆژئاواى کوردستانن بۆ ئەوەى رێژەى دەرهێنانى نەوت لەوەى ئێستا هەیە بەرەو زیاترى بەرن.

سەرەتاى ئەم مانگە ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان و کۆمپانیای "دێلتا کریسانت ئینێرژ"ی ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بۆ تایبەتە بە پەرەپێدان، فراوانکردن و دەرهێنانی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان واژۆکرد.

بەرپرسى بەرهەمهێنانى نەوت لە رمێلان رایدەگەیەنێت کە ئەو کێڵگانە پاشماوەی کۆنی پیشەسازی داڕوخاوی نەوتی سوریان کە بەهۆى داعشەوە وێران بوون، ئەو جەنگانە زۆربەی توانستی بەرهەمهێنانی نەوتیان وێرانکردوە ژیرخانەکە وێرانبووە.

ئەم گرێبەستە تەنیا لەرووی ئابورییەوە گرنگى بۆ کورد نییە، بەڵکو لەرووی سیاسیی و دیبلۆماسییەوە کاریگەرى گرنگى بۆ کورد دەبێت و سەرەتایەکى باشە بۆ دان نان بە ئیدارەى بەڕێوەبەردنى کورد لە سوریا، هاوکات بەرپرسانى رۆژئاواش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجى سیاسى ئەم رێکەوتنە گەورە و گرنگە و وەک دانپیانان بە ئیدارەى سەبەخۆى رۆژئاوایە، هەروەها ترسى کشانەوەى ئەمریکا بەشێوەیەکى کتوپر لە رۆژهەڵاتى فرات کەمتر دەکاتەوە.

کامەران حاجۆ بە شارپرێسی راگەیاند"ئەو کێڵگانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە کە ژمارەیەکى زۆر لە بیرە نەوتەکان ئامادەنین بۆ بەرهەمهێنانی تەواو، بۆیە ئەگەر نۆژەن بکرێنەوە ئەوا بەرهەمهێنانى نەوت زۆر زیاد دەکات، لەئێستادا کار بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەى ئەو کێڵگانە دەکەین بۆ ئەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکەین".

ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیاى زەبەلاحى بوارى نەوت گفتوگۆى کردوە بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا بکەن،بەڵام تائێستا هیچ کۆمپانیایەک بڕیارى کۆتایی نەداوە وەبەرهێنان لە رۆژئاوا بکات بەهۆى ئەو لەشکرکیشەى تورکیا کردویەتى.

لەوبارەیەوە کامەران حاجۆ باسى لەوە کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تەنها گفتوگۆی سەرەتایی بوون و نەگەیشتووەنەتە رێککەوتن، بەڵام لەگەڵ چەندین کۆمپانیایەکى ئەمریکى رێککەوتوون و دەست بەکارکردن لەو کێڵگانە کراوە.

بەرهەمهێنانى نەوت لە سوریا بە ناوە کوردى و عەرەبییەکانەوە ساڵى ٢٠١٠ و پێش سەرهەڵدانى شۆرشى سوریا ٤٥٠ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام بەهۆى شەڕەوە ئەو رێژەیە دابەزیووە، لەو ژمارەیەش ٣٣٠ هەزار بەرمیلى لە ژێر کۆنترۆلە کورددایە.

لە ئێستادا ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات کۆمپانیاکانى وڵاتەکەى هان بدات لە کیڵگە نەوتییەکانى رۆژئاواى کوردستاندا وەبەرهێنان بکەن، بەڵام تائیستا روون نییە کەهێشتا روون نییە کەکۆمپانیاکان ئامادەبن یان بتوانن وەبەرهێنان بکەن بۆ کاراکردنەوەی کێڵگەکان یان نا

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن دەیانەوێت ئەو نەوتە بپاریزن تادەرفەتێک دروستنەبێت بۆ خەلافەتی ئیسلامی تا کێڵگەکان بگرنەوەو بەکاری بهێنن بەمەبەستی تەرخانکردنی بودجە بۆ هەستناوەیان.

حکومەتەکەی ئەسەد وەک خێرو بەرەکەت تەماشای دەکات، حکومەتی سوری زیانی گەورەی پێگەیشتووە بەهۆی کەمی سووتەمەنی دوور مەداوە لەئەنجامی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپا لەسەر هاوردەی وزەی و پارەی نییە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ بنیادنانەوەی وڵاتەکە.

لوقمان ئەحمێ وتەبیژى ئیدارەى خۆسەر دەڵێت، رژێمى سوریا بەدرێژایی چەندین ساڵى رابردوو ئەو نەوتەى بۆخۆى بردووەو خەڵکى رۆژئاواش لە گرانى و هەژاریدا ژیان و گەلى کوردى پێ سەرکووتکراوە.



لوقمان ئەحمێ بە شارپرێسی راگەیاند" چەندین جار رژێمى سوریا داواى نەوتى رۆژئاواى کوردستان و دێرەزووری کردوە تەنانەت لە دێرزور لە نزیک بیرە نەوتەکان سوپاى سوریا پەلامارى شەڕڤانانى ئێمەى داوە، بۆ ئەوەى دەست بگرێت بەسەر نەوتدا، بەڵام ئێمە وتوومانە سەرجەم پرسەکان بە نەوتیشەوە پێویستى بە رێککەوتنى دیمەشق و ئیدارەى خۆسەر هەیە". 

مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بڕیاری کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا دەرکرد و هێزەکانى بەرەو هەرێمى کوردستان کشانەوە، بەڵام دواى هەفتەیەک جارێکى دیکە ترەمپ بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانى بگەڕێنێتەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان بەبیانووى پاراستنى کێڵگە نەوتییەکان.

ترەمپ لە کۆنفڕانێسکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،"ئێمە دەمانەوێت سەربازەکانمان بگەڕێنینەوە نیشتمان، بەڵام چەند سەربازێکمان بەجێهێشتووە چونکە ئێمە نەوت دەپارێزین کە داهاتى نەوتەکەى بۆ کوردەکان دەبێت".

چاودێرانى سیاسى پێیانوایە کە نەوت بووەتە فریادڕەسى کوردو ئەگەر نەوت لە رۆژئاواى کوردستان نەبوایە ئەوا ئەمریکا هێزەکانى لە سوریا نەدەهێشتەوە، بۆیە لەئێستادا ئەو نەوتە ئەمریکا لەگەڵ کورد بە هاوبەشى بەرێوەى دەبەن.

بەڵام پرسیارى سەرەکى ئەوەیە کە ئایا رۆژئاواى کوردستان لە پرسى نەوت و گازدا ئەزموونى هەرێمى کوردستان دووبارە دەکەنەوە یان نا؟ وەڵامى ئەو پرسیارە لە داهاتوودا دەست دەکەوێت.

مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ ئیدارەى خۆسەر مووچەى سەرجەم فەرمانبەرانى ژێر دەسەڵاتى خۆی زیاد کردو رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونى داهاتى نەوتەوە مووچەى فەرمانبەرانیان زیادى کردوە، جەختیشیکردەوە ئەگەر داهاتى نەوت زیاتر بێت ئەوا سەرجەم کەرتەکانى ژیان دەبووژێننەوە.

بەپێچەوانەى رۆژئاواى کوردستانەوە ماوەى چەندین ساڵە نەوت دەفرۆشێت و لەئێستاشدا زیاتر لە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بەڵام تائێستا هیچ شەفافیەتیەک لە دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتەکەی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا نیوەى داهاتەکەى دەچێتەوە خەزێنەى حکومەت، باقى تری بەوتەى بەرپرسانى حکومەت بۆ خەرجى کۆمپانیاکانى نەوتە.

ڕاپۆرتی شارپرێس
س.هـ

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif