نرخی نەوت بەرز بوویەوە

ليست هناك تعليقات

نرخی نەوت بەهۆی پاکێجە هاندانە ئابوورییەکان و ئامارەکانی کەرتی پیشەسازی چین بەرزبووەوە و گەیشتەوە ئاستی پێنج مانگ لەمەوبەر.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، بەرمیلێک نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ 46 دۆلار و 10 سەنت، هاوکات بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس بە 43 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی کەرتی پیشەسازی چینە کە بەراورد بە مانگی رابردوو گەشەی کردووە. هاوکات هاندانە ئابوورییەکانی وڵاتان بۆ پشتگیریکردن لە بازرگانی و ئابووری وڵاتەکانیان هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

لە هەفتەی رابردوو، باهۆزەکانی مارکۆ و لۆرا لە ئەمریکا کە بووەهۆی راگرتنی 85%ی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر دەریا لە کەنداوی مەکسیکۆ، نرخی نەوتی بە ئاراستەی بەرزبوونەوە هاندا و بەرزترین نرخی لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تۆمارکرد. 

باهۆزەکانی مارکۆ و لۆرا هەروەها بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بە رێژەی 59%، کە دەکاتە رۆژانە 1 ملیار و 600 ملیۆن پێی سێجا. هەروەها 189 سەکۆی نەوتی کە لەناو ئاوەکانی کەنداوی مەکسیک لەکاردابوون، داخراون.

خێرایی باهۆزی مارکۆ رۆژی شەممەی رابردوو 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بوو، هەروا پێشبینی دەکرا ئەگەر رۆژی دووشەممە بگاتە ناوچەی لویزیانا ئاستی مەترسیی ئەو باهۆزە بۆ پلەی یەک بەرزبێتەوە، کە سەرەتا بە پلەی سێ دەستیپێکرد و ئەوکات دەبووە هۆکاری رۆچوونی زەوی.

مات رۆجەرز ،سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری "وێزێر گرووپ" کە راوێژ دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵ، پێشبینی دەکات تەنیا بە رێژەی 10% ئەو باهۆزانە زیان لە ناوچەکە بدەن. ئەو شارەزایە باس لەوە دەکات، هیچ یەک لەو باهۆزانە وەک باهۆزی هارڤی نابن کە سێ ساڵ لەمەوبەر زیانێکی گەورەی لە ناوچەکانی کەناری کەنداوی مەکسیک دا.

کێڵگە نەوتییەکانی کەنداوی مەکسیک 17٪ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا و 5٪ی کۆی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی ئەمریکا بەرهەم دەهێنن. هەروەها ئەو ناوچەیە لە کەنارەکانی تێکساسەوە تاوەکو میسیسپی 45٪ـی پاڵاوگەکانی ئەمریکای لەخۆگرتووە. 

بەپێی داتاکانی بلوومبێرگ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-8-2020، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی بە 42 دۆلار و 97 سەنتە و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتیش بە 45 دۆلار و 81 سەنتە. 

شرۆڤەکارانی بازاڕی ئۆندا پێشبینیدەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 47 دۆلار بەرزبێتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەلای شرۆڤەکاران گەڕانەوەی خواستە بۆ نەوت بەهۆی کرانەوەی ئابووری وڵاتان. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif