توركیا: پێویستە یۆنان قبوڵی بكات كە نەخشەی سیڤەر كۆتایی هاتوە

ليست هناك تعليقات

دەریای سپی ناوەڕاست بووەتە مەیدانی ململانێی یۆنان و تورکیا و تادێ گرژییەکان زیاتر روو لە هەڵکشانن. یۆنان تورکیا بە پاوانخواز دەزانێت و بە نمایشکاری ئایدۆلۆژیای عوسمانی تۆمەتباری دەکات. بەمەبەستی نێوەندگیری هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی ئەسینا و دواتریش ئەنقەرەی کرد.

نیکۆس دێندییاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان دەڵێت "ئێمە بینەری هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی دژ بە وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانەکانین. ئێمە بینەری نمایشکردنی ئایدۆلۆژیای عوسمانیی نوێ، پاوانخوازی و کۆنترۆڵکردنی دەریای ناوەڕاستین. ئێمە دەبینین کە چۆن سەقامگیریی ناوچەکە لەڕێی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەناودەبرێت. پێشێلکردنێك لەسەر حسابی دوو وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کە ئەوانیش یۆنان و قوبرسن، ئەنجامدەدرێت".

سەرەڕای ناڕەزایی ئەسینا و بەشیک لە وڵاتانی ئەوروپا، کەشتیی ئۆروچ رەئیس کە تورکیا بەمەبەستی گەڕان بەدوای گازی سرووشتی ناوردوویەتییە رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، بەردەوامە لە چالاکییەکانی.

بڕیاربوو 23ی ئەم مانگە کۆتایی بە گەڕان بهێنێت، بەڵام رۆژی دووشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند تاوەکو 27ی مانگ بەردەوام دەبێت.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی چالاکییەکانی ئۆروچ رەئیسی بۆ هێرش و گوشارەکانی یۆنان گەڕاندەوە. چاوشئۆغڵو داوایکرد یۆنان کار لەسەر نەخشەی سیڤەر نەکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "پێویستە یۆنان دەست لە کارە خراپەکانی هەڵبگرێت. پێوستە ئەوە قبووڵ بکات کە نەخشەی سیڤەر لەناوچووە. ئەگەر ئەمە نەکات رێگەی تێناچێت هەنگاوێکی ئەرێنی بنرێت. با واقیعی بین، ئەگەر ئەم حکومەتە یان حکومەتی داهاتووش ئەمە ئەنجامبدات، شەقامی یۆنان قبووڵی ناکات. یۆنان پێویستە واز لەو خۆبەزلزانییە بهێنێت، ئەگەر ئەمەی کرد، هەموو ئەو کێشانەی باسمکردن، چارەسەر دەبن".

ئەگەرچی تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ دیالۆگ نیشاندەدات، بەڵام یۆنان بە پێشێلکار ناویدەبات. ئەمە وایکردووە تاوەکو ئێستا دیالۆگێکی هێمنانە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروستنەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، تورکیا و یۆنانی بانگهێشتی سەر مێزی دیالۆگ کرد و جەختیکردەوە کە ئەو بابەتە لەڕێگەی هێزەوە چارەسەر نابێت.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند "هیچ کەس نایەوێت بە رێگەی سەربازی چارەسەری ململانێ بکات، کە بە راستی ئەمە شێتانەیە. بۆیە ئەگەر شتێک بە هێز چارەسەر نەکرا، پێویستە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت. لەوانەیە ئێستا ئەمە کەمێک زەحمەت بێت، بەڵام هێشتا ویستی دیالۆگ هەیە".

بەرپرسانی تورکیا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر هەڵوێستەکانی یۆنان نیشاندەدەن، بەتایبەتی رێککەوتنی نێوان ئەسینا و قاهیرە. بەرپرسانی تورکیا گلەیی لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن بەوەی پشتیوانیی بێ سنووری ئەسینا دەکات. یۆنانیش دووپاتی دەکاتەوە کە بەرامبەر هەنگاوەکەی تورکیا، مافە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif