دۆغرو پارتی دادەمەزرێت

ليست هناك تعليقات

لە تورکیادا پارتێکی دیکە بە ناوی ''دۆغرو پارتی'' لەلایەن ژمارەیەک وەزیر و دیپلۆماتکاری ئەو وڵاتەوە دادەمەزرێت.

رەفعەت سەردارئۆغڵو کە یەکێکە لە وەزیرەکانی پێشووی تورکیا رۆژی 25ی ئابی 2020 نووسراوی داواکاری لەبارەی دامەزراندنی پارتێکی نوێی پێشکێش بە وەزارەتی ناوخۆ کرد.

سەردارئۆغڵو لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرس و دیپلۆماتکارانی دێرینی تورکیا دەستی بە کارەکانی دامەزراندنی کردووە و خۆی سەرۆکی پارتەکەیە. ئەو پارتە ناوی ''دۆغرو پارتی''یە واتا پارتی راست. 

ئەسەن فاتما کابادایی کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت
:"دەمانەوێ ببینە دەنگی ئەوانەی هەم لە دەسەڵات و هەمیش لە ئۆپۆزسیۆن بێزار و هیوابڕاون. ئێمە دەزانین تەواوی ئەو هاوڵاتییانەی لە نێو سنوورەکانی میساقی میللی دەژین، پێکەوەبوون، ئاشتی، برایەتی و ئارامییان دەوێت. ئێمە سوێند دەخۆین لەپێناوی بینیاتنانی ئەمە بێ وچان کاردەکەین".

لە سێ ساڵی رابردوودا سێ پارتی نوێ دامەزراون کە لە پارتی دیکە جیابوونەتەوە. ئیی پارتی کە لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) جیابووەوە رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2017 بە سەرۆکایەتیی مێراڵ ئاکشەنەر راگەیێنرا. 

هەروەها هەردوو پارتی ئایندە و دێڤا کە دوو پارتی دیکەی تازەدامەزراون و لە ئاکپارتی جیابوونەتەوە، ئەوەی یەکەمیان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو لە ساڵی 2019 و دووەمیشیان بەسەرۆکایەتی عەلی باباجان دامەزران.

پسپۆران پێیانوایە ئەو پارتە تازانە کاریگەریی بەرچاو لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کورسییەکانی پەرلەمان دروستدەکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif