پیرباڵ دەگەڕێتەوە زانكۆ

ليست هناك تعليقات

د. فەرهاد پیرباڵ رایدەگەیێنێت، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە زانکۆی سەلاحەددین. سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت، پێشوازی لە گەڕانەوەی دەکەن.

د. فەرهاد پیرباڵ رایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ زانکۆی سەلاحەددین دراوە. "بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ زانکۆکەی خۆم گەڕێندراومەتەوە، کە دامەزراندنەوەیە بەهۆی ئەوەی پێشتر فەسڵکرابووم".

هەروەها پ . د. جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین راگەیاند؛ بڕیارەکە زۆر باشە لەبەرئەوەی گەڕانەوەی د. فەرهاد پیرباڵ وەک مامۆستایەکی زانکۆ سوودی بۆ زانکۆ و خوێندکارەکانی زانکۆکە دەبێت.

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین گوتیشی، دوورخستنەوەی فەرهاد پیرباڵ لە مامۆستایەتی بە هۆکارێکی تایبەت بووە. 

بە گوتەی پ . د. جەوهەر فەتاح سەعید، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەبارەی گەڕانەوەی د. فەرهاد پیرباڵ نەگەیشتووەتە زانکۆی سەلاحەددین. "هەر شتێک بگاتە دەستمان و بەفەرمانی سەرۆکوەزیران بێت جێبەجێی دەکەین".

ئەو نووسەرەی کورد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەقی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی داناوە کە واژۆی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە، لە 28ـی تەمووزی ئەمساڵ دەرچووە و تێیدا هاتووە، "بڕیارماندا بە دامەزراندنەوەی بەڕێز د. فەرهاد پیرباڵ عومەر، بە ناونیشانی مامۆستا و بەشێوەی هەمیشەیی لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سەلاحەددین، کۆلێژی پەروەردە بە مووچە و دەرماڵەی شایستە". 




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif