مۆزەخانەیەكیتر دەكاتە مزگەوت

ليست هناك تعليقات


به‌ بڕیاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا، مۆزه‌خانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئیستەنبووڵ كه‌ پێشتر كه‌نیسه‌ بوو له‌ سه‌رده‌می بیزه‌نتینییه‌كان، كرایه‌ مزگه‌وت. 

بڕیارنامه‌كه‌ به‌یانی رۆژی هه‌ینی 21ی ئاب له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمیی توركیا بڵاوكرایه‌وه‌. به‌گوێره‌ی بڕیارنامه‌كه‌، مۆزه‌خانه‌ی شوورا "كه‌نیسه‌ی كاریا-ی پێشوو" كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی فاتیح له‌ ئیسته‌نبووڵ، پێگه‌كه‌ی ده‌گۆڕدرێت بۆ مزگه‌وت و به‌ناوی مزگه‌وتی كاریاوە ده‌خرێته‌ سه‌ر میلاكی سه‌رۆكایه‌تیی كاروباری ئاینی توركیا. 

ساڵی 1503 به‌بڕیاری عه‌لی پاشا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌رده‌می سوڵتان بایه‌زیدی دووه‌م، كه‌نیسه‌ی شتراستۆک یان كاریای ئۆرتۆدۆكسییه‌كان كرایه‌ مزگه‌وت و ناونرا مزگه‌وتی شوورا.

له‌ مانگی ئابی 1945 به‌بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌وسای توركیا، مزگه‌وته‌كه‌ خرایه‌ سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و كرایه‌ مۆزه‌خانه‌ و ماوه‌ی 75 ساڵ بوو وه‌ك مۆزه‌خانه‌ به‌كارده‌هات. 

ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی توركیا له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2019 بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌وسای توركیای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و بڕیاریدا بخرێته‌ سه‌ر میلاكی وه‌قفی سوڵتانه عوسمانییه‌كان. 

پێشتر له‌ رۆژی 10ی ته‌ممووزی 2020، به‌بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی توركیا، مۆزه‌خانه‌ی ئایاسۆفیا كرایه‌ مزگه‌وت و ئەردۆغانیش واژۆی لەسەر بڕیارەکە کرد، رۆژی 24ی ته‌ممووز یه‌كه‌م نوێژی هه‌ینی تێدا کرا. 

86 ساڵ پێش ئێستا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی توركیا له‌ رۆژی 24ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1934 بڕیاریدا پێگه‌ی مزگه‌وتی ئایاسۆفیا له‌ مزگه‌وته‌وه‌ بگۆڕێت و بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بڕیاره‌ مێژووییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و ده‌رگای ئایاسۆفیای بۆ په‌رستش كرده‌وه‌. 

ته‌مه‌نی ئایاسۆفیا نزیكه‌ی 1500 ساڵه‌ و له‌ لیستی میراتی كولتووری یونیسكۆدایه‌. له‌ ساڵانی نێوان 523 بۆ 537ی زاینی له‌لایه‌ن بێزه‌نتینییه‌كانه‌وه‌ دروستكراوه‌ و دواتر له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌تە مزگه‌وت. ماوه‌ی 921 ساڵ وه‌ك كه‌نیسه‌، 482 ساڵ وه‌ك مزگه‌وت و ماوه‌ی 86 ساڵیش‌ وه‌ك مۆزه‌خانه‌ به‌كارهێندرا. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق