پێشوازی لە رێککەوتنی لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا دەكرێت

ليست هناك تعليقات


هەردوو لایەنی ناکۆکی لیبیا، فەرمانیان بە هێزەکانی خۆیاندا، هەموو چالاکی و کردەیەکی سەربازی رابگرن. نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، ئەڵمانیا، رووسیا و ئیتاڵیا و دەیان وڵاتی دیکەش، پێشوازییان لە هەنگاوەکە کرد.

فائیز سەراج، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی ویفاق، رێنوێنی بە هێزەکانی حکومەتەکەیدا بۆ راگرتنی هەموو کردە سەربازییەکان لە سەرجەم خاکی لیبیادا: "لەپێناو گێڕانەوەی سەروەریی تەواو بەسەر خاکی وڵات و چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان و بەکرێگیراوەکان". بڵاوکراوەکەی سەراج وا دەڵێت.

لای خۆیەوە، عەقیلە ساڵح، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە تبرقە، داوای راگرتنی تەواوی شەڕی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج، بریتییە لە بونیادنانی دەوڵەت لە رێگەی هەڵبژاردن و دەستکردن بە پێکهاتنەوەی گشتگیر.

حکومەتی ویفاقی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا، لایەنگری هێزەکانی سوپای نیشتمانی بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر، دوێنێ هەینی لە بڵاوکراوەی جیاوازدا، ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان هێزەکانیان و راگرتنی پرۆسە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند. لەگەڵ دەستنیشانکردنی ناوچەکانی سرت و جفرە، بەناوچەی لە چەکداماڵراو، جیا لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە ئاداری داهاتوودا.

بڵاوکراوەکەی حکومەتی ویفاق، مەرجی ئەوەی داناوە کە داهاتەکانی نەوت، هیچ دەستکارییان نەکرێت تاوەکو گەیشتنە رێوشوێنی سیاسییانەی تەواوی نێوان لایەنەکان، بەپێی راسپاردەکانی رێککەوتنی بەرلین، بەشێوەیەک کە دەستەبەری شەفافیەت بکات لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی باشی خەرجکردنی داهاتەکان، بە چاودێری نێردەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

تەبرق عەبدوڵڵا، گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی نوێنەران، رایگەیاند کە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی سەرۆکایەتی و حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی، کە بارەگاکەی لە شاری سرت بێت، مەرجە بۆ چەکداماڵین لە شارەکەدا.

رێککەوتنی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا، پاش بزاوتێکی گەورەی سیاسی نێودەوڵەتی دێت لە چەند رۆژی رابردوودا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لیبیا، لە کاتێکدا لەسەر زەوی هەردوولایەنی ناکۆک، سەرقاڵی هێز کۆکردنەوەی زیاتر بوون.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا، پێشوازی خۆی لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە راگەیاند، داوای پێکهاتنەوەی خێرای لایەنەکانی کرد، لەپێناو هەناردەکردنەوەی نەوت و هەڵگرتنی ئابڵوقەکان.

هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لیبیا، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و بەهەنگاوێکی باش بۆ هەموو لیبییەکانی ناوبرد. لای خۆیەوە ئەڵمانیا گوتی پێویستە هەمووان دەستبەجێ پابەندی رێککەوتنەکە بن.

رووسیا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و کەنەدا ئامادەیی بۆ پشتگیری لایەنەکان دەربڕی، لە کاتێكدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر گوتی ئەوە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی لیبییەکان سەروەریی وڵاتەکەیان بەدەست بهێننەوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەندێک لە لایەنە ناکۆکەکان رێککەوتنەکەیان بەپێشبینینەکراو ناوبرد، پاشئەوەی لە رۆژانی رابردوودا هەردوولایەنی ناکۆک، هەڕەشەی هێرشیان دەکردە سەر یەکتری.

هەرچی دامەزراوەی نەوتی لیبیایە، خۆشحاڵی خۆی بە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست، داخستنی حەوت مانگی رابردووی بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە کۆتایی بێت و دوای دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوت، داهاتەکان بچێتە بانکێکی نێودەوڵەتی تا بەیەکسانی بە هەموو لیبییەکان بگات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق