ئەردۆغان: چۆن پەیماننامەی سیڤەرمان دڕاند، بە هەمان شێوە نیشتمانی شین دەپارێزین

ليست هناك تعليقات


سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە پارێزگای ریزە باسی لە چەند تەوەرێکی رۆژەڤ کرد و زیاتر تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی دەریای ناوەڕاست و گوتی، چۆن پەیماننامەی سیڤەرمان دڕاند، بە هەمان شێوە نیشتمانی شین دەپارێزین.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەبەهێزیی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا تەنانەت رکابەرانی تورکیاش دان بەو هێزەدا دەنێن. 

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی هەڵوێستی یۆنانەوە گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ نەرمیمان نواندووە. بەڵام یۆنان بە ھەمان ھەڵوێستی ئێمە وەڵام ناداتەوە. ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەمە، ئەوا ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. کەشتیی گەڕان و ھەڵکەندن (ئۆروچ رەئیس) تاوەکو 23ـی ئاب لە چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت. بەرامبەر بچووکترین دەستدرێژی بۆ سەر ئەو کەشتییە سڵ لە بەرپەرچدانەوەی پێویست ناکەینەوە".

ئەردۆغان باسی لە بوونی هەوڵێکی دژ بە تورکیا کرد و گەڕایەوە مێژووی سەدەیەک لەمەوبەر و ئاماژەی بەوە دا، "ئەوانەی 100 ساڵ پێش ئێستا بە سیاسەتێکی ورد تورکیایان خستە دەرەوەی سەرچاوەکانی وزە لە باشوور، ئێستا ناتوانن لە رۆژھەڵاتی دەریای سپی سەرکەوتوو بن. ھەروەک چۆن سەدەیەک لەمەوبەر پەیماننامەی سیڤەرمان دڕاندووە کە ئامانج لێی پارچەپارچەکردنی وڵاتەکەمان بوو، ئێستاش بە ھەمان پێداگرییەوە "نیشتمانی شین"ـمان دەپارێزین".

نیشتمانی شین لای تورکیا بە سنوورە ئاوییەکانی دەریای رەش، دەریای ماڕماڕا، دەریای ئیجە و دەریای سپیی ناوەڕاست دەگوترێت. ئەو دەستەواژەیە بۆ یەکەمجار ساڵی 2006 لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازیی هێزە دەریاییەکانی تورکیاوە بەکارهاتووە. دواتر بەرفراوانکراوە و وەکو دەستوورێک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

ئەردۆغان رەتیکردەوە وڵاتەکەی هیچ پێشیلکارییەکی بەرامبەر یۆنان کردبێت و رایگەیاند، لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەریاوانیی تورکیا تا سەر ئێسقان مافی خۆیەتی. 







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif