خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ پێشنیازی یاسایی رێکخستنی میدیایی ئەلیکترۆنی

ليست هناك تعليقات


دەریا محمد
یاساناس
-
سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند یاسایه‌ك هه‌ن بۆ رێكخستنی كاری میدیایی له‌وانه‌ش ( یاسایی رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ 35 ی ساڵی 2007 و یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن ژماره‌ 6ی ساڵی 2008 ) ئه‌م یاسایانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ رێكخستنی كاری میدیایی بووه‌ به‌ڵام به‌ تایبه‌ت بۆ رێكخستنی میدیایی ئه‌لیكترۆنی تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك نه‌بووه‌ . 

پێشنیازی یاسای رێكخستنی میدیایی ئه‌لیكترۆنی هه‌وڵێكه‌ به‌ڵام هه‌ولێكی باش نیه‌ و ئه‌گه‌ر یاساكه‌ وه‌كو خۆی په‌سه‌ند بكرێ ئه‌وه‌ له‌ داهاتوو لێدانێكی باش ده‌بێت له‌ ده‌نگی ئازاد . 

( پێشنیازه‌ یاساكه‌ چی رێكخستوه‌ ) 

به‌شی پێشه‌وه‌ی پێشنیازه‌ یاساكه‌ باس له‌ جۆره‌كانی میدیایی ئه‌لیكترۆنی ده‌كات وه‌ هه‌وڵیداوه‌ سه‌رجه‌م پێگه‌كانی ئه‌لیكترۆنی بخرێته‌ ناو یاساكه‌ وه‌ چوارچێوه‌ی یاساكه‌ی دیاریكردوه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ماڵپه‌رو پێگه‌و تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ بازرگانی و ریكلامیه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێ ، وه‌ كۆمه‌ڵێ مه‌رجی بۆ دیاریكردنی خاوه‌نی ئیمتیازو سه‌رنوسه‌ر دیاریكردوه‌ ، وه‌ دیاریكردوه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌موو پێگه‌كی ئه‌لیكترۆنی له‌ سه‌ندیكا تۆمار بكرێت ، وه‌ گۆرینی سه‌رنوسه‌رو فرۆشتنی ماڵپه‌ر هه‌موو ده‌بێ سه‌ندیكایی لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سزای بۆ دیاریكراوه‌ ، وه‌ هه‌ر له‌ پێشنیازه‌ یاساكه‌ یاسای تیرۆری خراوه‌ته‌ ناو به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك بابه‌تیكی ترساندن یان تۆقاندن بڵاوبكاته‌وه‌ به‌ پێیی یاسای تیرۆر لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ ، وه‌ بۆ هه‌ر ناوزراندن و سوكایه‌تیه‌ك كه‌ ماڵپه‌رێك یان به‌كارهێنه‌ریكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بیكات سزای دیاریكردوه‌ له‌ یه‌ك ملیۆن دینار تا پێنج ملیۆن دینار .

(لایه‌نی ئیجابی پێشنیازه‌ یاساكه‌ )

1- به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو زیاد به‌كارهێنانی میدیا ئه‌لیكترۆنیه‌كان رێكخستن و گرینگی پێدانیان له‌ چوارچیوه‌ی یاسایه‌كدا كارێكی گونجاو باشه‌ .

2- مادده‌ی (15) له‌ یاساكه‌ دوو مافی بۆ خاوه‌نی پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دیاریكردوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ئاشكرانه‌كردنی پاسۆرده‌كانیان و پاراستنی ئامێره‌كانیان و هاك كردنیان . 

( لایه‌نی سلبی پێشنیازه‌ یاساكه‌ )

1- یاساكه‌ تێكه‌ڵی زۆری تێدایه‌و ناكرێ ده‌قی یاسایی به‌م شێوازه‌ تشریع بكرێت ، چونكه‌ ده‌قه‌كاتی یاسا ده‌بی پوخت و روون و ئاشكرا بن وه‌ به‌شه‌كان له‌ یه‌كتری جیا بكرێنه‌وه‌ .

2- له‌ یاساكه‌ جیاوازی نه‌كراوه‌ له‌ نێوان به‌كارهێنه‌رێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵپه‌رێكی ئه‌لیكترۆنی ئه‌مه‌ش خاڵێكی لاوازه‌ بۆ یاساكه‌ و هه‌موو به‌كارهێنه‌ریكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نوس حساب كردوه‌ . 

3- یاسای تیرۆر خزێندراوه‌ته‌ ناو پێشنیازه‌ یاساكه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێكی ترس ئه‌وه‌ به‌كارهێنه‌ری تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵپه‌ره‌كه‌ به‌ یاسای تیرۆر لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ ، حوكمه‌كانی یاسای تیرۆریش قورسن وه‌ سزاكانی ناو یاساكه‌ تا 15 ساڵیش ده‌روات .

4- دانانی غه‌رامه‌یه‌كی 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆنی بۆ به‌كارهێنه‌رێكی تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ ناوی كه‌سێك بزرێنی یان سوكایه‌تی پێ بكات ، به‌ڵام له‌ ئه‌ساسدا وشه‌ی سوكایه‌تی وشه‌یه‌كی نه‌رم و مه‌تاتیه‌ ده‌كرێ ده‌سه‌ڵات هه‌ر ره‌خنه‌یه‌كی لی بگیرێت به‌ سوكایه‌تی لێكیبداته‌وه‌و گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵانی دڵپری بێ كاری باخه‌ڵ به‌تاڵ كاتێك توره‌یی خۆی له‌ تۆرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌ به‌ 5 ملیۆن دینار سزا بدرێت ، كه‌ ئه‌مه‌ش دادیه‌روه‌ری به‌دیناهێنێ .

5- دانانی مه‌رجی ته‌مه‌نی ( 21 ) ساڵ بۆ خاوه‌نی ئیمتیازو سه‌رنوسه‌ری ماڵپه‌ر پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قانونی مه‌ده‌نی عێراقی كه‌ ته‌مه‌نی ته‌واوكردنی 18 ساڵی وه‌كو ته‌مه‌نی عاقل بوون و بالغ بوون دیاری كردوه‌ . 

(پێشنیازی ئێمه‌ بۆ پێشنیازه‌ یاساكه‌ ) 

1- هه‌مواركردنه‌وه‌ی هه‌ردوو یاسایی رۆژنامه‌گه‌ری و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵ كردنی به‌ پێشنیازه‌ یاساكه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووی بكرێته‌ یه‌ك یاساو فه‌وزایی یاسایی دروست نه‌بێت .

2- ماڵپه‌ری ئه‌لیكترۆنی جیابكرێته‌وه‌ له‌ به‌كارهێنه‌ری تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و جۆری سزاكانیشیان جیاواز بێ .

3- گه‌رانه‌وه‌ بۆ یاسای تیرۆر له‌ مادده‌ی (12) لاببرێ .

4- مه‌رجی ته‌مه‌ن بۆ خاوه‌نی ئیمتیاز و سه‌رنوسه‌ر لاببرێ .

5- مادده‌ی (13 و 14) بخرێته‌ به‌شی سزاكان له‌ به‌شی كۆتایی .

6- مادده‌ی (16) دووباره‌ دارشتنه‌وه‌ی بۆ بكرێ و ئه‌م تێكه‌ڵیه‌ی له‌ برگه‌كانی دا هه‌یه‌ چاك بكرێ ، وه‌ سزاكه‌ كه‌مبكریته‌وه‌ كه‌ دیاریكراوه‌ له‌ 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ 100 هه‌زار بۆ 1 ملیۆن . 

7- مادده‌ی 4 ی یاساكه‌ كه‌ مه‌ودای جێبه‌جێ كردنی یاساكه‌یه‌ بخرێته‌ شوێنی مادده‌ی دووه‌می یاساكه‌ .

8- وشه‌ی (به‌ درۆخستنه‌وه‌ ) له‌ مادده‌ی (11) لاببرێ ، چونكه‌ گونجاو نیه‌ وشه‌ی به‌درۆخستنه‌وه‌ له‌ناو یاسادا بوونی هه‌بێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif