ئەمریکا دەست بۆ هێڵی سووری چینییەکان دەبات‌

ليست هناك تعليقات


تایوان بە فەرمی ڕایگەیاند ڕێککەوتنێکی بۆ کڕینی ٩٠ ئێف-١٦ لەگەڵ کۆمپانیای چەکسازی لاکهید مارتینی ئەمریکی کردووە، کە ماوەی ڕێککەوتنەکە دە ساڵە و بەبەهای ٦٢ملیار دۆلار بووە. ئەم ڕێککەوتنەش گرژی دیپلۆماتیکی نێوان واشنتۆن و پەکین زیاتر دەکات.


هەفتەی ڕابردوو (ئەلێکس ئازار) وەزیری تەندروستی ئەمریکا لە گەشتێکی فەرمیدا ڕۆشتە تایوان. لەنزیکی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمریکایە کە تایوان میوانداری کردووە لە وڵاتەکەیدا.

لەساڵی ١٩٩٢ بەدواوە ئەمە یەکەمجارە لە وڵاتی تایوان ئامێری جەنگی پێشکەوتووی لەم جۆرەی دەستبکەوێت. بەم کارە بەدڵنیاییەوە تووڕەیی چینییەکانی بەدواوە دەبێت.

بۆچی تایوان؟

چین جەخت دەکاتەوە لەوەی تایوان کە ٢٣ ملیۆن خەڵکی تێدایە بەشێکە لە قەڵەمڕەوی چین و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بەدوای سەربەخۆییەوە بێت، هەڵوێستی توندیان دەبێت.

ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٩ەوە بەشێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی تایوانێکی سەربەخۆ دەکات، بەڵام لەوکاتەوەی ترەمپ هاتووەتە سەر دەسەڵات پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ تایوان لەژێر ناوی پتەوکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی دوو هێندە زیادبووە و ئەم بابەتە گرژی نێوان چین و ئەمریکای زیاترکردووە.

تایوان دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراریژییە کە لەڕێگەی دەریاییەوە لە ڕۆژئاواوە هاوسنووری چینە، بۆیە چین سەبارەت بە تایوان زۆر هەستیارە.

ئەمریکا و چین لە دەریای باشوری چین

دەریای باشووری چین دەریایەکە کە بەشێکی گەورەی ئۆقیانۆسی ئارام هەژمار دەکرێت و نزیکەی ٣.٥ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە لە سەنگاپوورەوە تا گەرووی تایوان دەگرێتەوە.

ئەمریکا مانۆڕێکی سەربازی بە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرەوە بەناوی «یو. ئێس. ‌ئێس. رۆنالد ریگان»، لە ناوچەی جێناکۆکی دەریای باشووری چین کردووە.

جیا لە ئەمریکا، سوپای چینیش چەند ڕۆژی ڕابردوو وەک وەڵامێک بۆ سەردانەکەی وەزیری تەندروستی ئەمریکا بۆ تایوان، مانۆڕێکی سەربازی لە گەرووی تایوان کردووە و چین ئەمەی وەک پەیامێک بۆ سەربەخۆییخوازانی تایوان ئەنجامداوە. ئەمە یەکەم مانۆڕ نەبووە بەڵکو چین پێشتریش چەندین جار مانۆڕی سەربازی ئەنجامداوە هەر بۆ هەمان مەبەست.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بۆمبهاوێژی لە پێگەی دیەگۆ گارسیا لە ١٢٠٠کیلۆمەتری باشووری ماڵدیڤ جێگیرکردووە و ئەمەش شەپۆلێکی نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە و چین لەو بڕوایەدایە کە ئەم کارانەی ئەمریکا بەمەبەستی ترساندنی چینە.

وەک دەردەکەوێت تایوان بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندی سیاسی چین لەگەڵ ئەمریکا، بەنیازە سوود لە ئەمریکا ببینێت و وەکو قەڵغانێکی بەهێز لەدژی چین بەکاریبهێنێت. ترەمپیش وەک لە چەند ساڵی ڕابردووی خۆیدا دەریخستووە کە ئەم جۆرە هەلانە لەدەستنادات بۆ لێدان لە نەیارەکانی خۆی.

مەترسی جەنگ؟

ئەمریکا تەنگی بە چین هەڵچنیەوە و لەهەوڵێکی دیکەدا بەنیازی قەدەغەکردنی دوو ئەپلیکەیشنی چینی تیکتۆک و ویچاتی داوە و بەرپرسانی چین لەو باوەڕەدان ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا مەبەست و ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە.

ڕێککەوتنەکەشی لەگەڵ تایوان لەکاتێکدا بەئاشکرا بڵاوکراوەتەوە کە چین ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری توندی دابوو بە ئەمریکا لەوەی نزیکبوونەوە و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ تایوان نەبێتەوە. وتەبێژی دەرەوەی چین وتبووی "یاری بەئاگر مەکەن، ئەوەی یاری بە ئاگر بکات، دواجار خۆی لەو ئاگرەدا دەسووتێت."

چین داوای لە ئەمریکا و یاوەرە ڕۆژئاواییەکانی کردبوو ڕێز لە سەروەری چین بگرن و دەستوەردان نەکەن و پشتیوانی بۆ جووڵانەوە سەربەخۆییخوازەکان لەناوچەکانی تایوان، هۆنگ کۆنگ، ماکائو و تبت نەکەن.

بەڵام ئەمریکای سەردەمی ترەمپ دەستی بۆ هێڵی سووری چین بردووە، بەمەبەستی وەستاندنی هێز و پێشڕەوی چین، کۆمەڵێک هەنگاوی هاویشتووە کە وێڕای جەنگی دیپلۆماتیکی، مەترسی جەنگی سەربازی نێوان هەردوو وڵاتەکەش زیاتر دەکات.

چین ئێستا بووە بەپێشڕەوی گەورە لە بواری بازرگانی جیهاندا، بەتایبەت چاوەڕوان دەکرێت لەسەردەمی دوای کۆرۆنا چین ببێتە لۆکۆمۆتیڤ و پێشڕەوی ببینێت لە بووژانەوەی ئابووری لە جیهاندا.

چین لەئێستادا لەسەردەمی کۆرۆناشدا بازاڕی بەڕووی جیهاندا کردووەتە کە ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی بەهێزبوونی چین، بەتایبەت کە بەهۆی کۆرۆنا بەشێکی زۆری وڵاتان سنووری خۆیان سنووردارتر کردووە.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif