ترامپ: من نەبمەوە بە سەرۆك ئەمریكا دەڕووخێت

ليست هناك تعليقات

لەکاتی بەشداریکردنی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری ئەرلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ خولی داهاتوو هۆشداریدا کە داهاتوو و شارستانیەتی ئەمریکا دەکەونە مەترسییەوە ئەگەر جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە.

لەکاتێکدا کە کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان بەڕێوەدەچوو، بانگەشەی هەڵبژاردن و کێبڕکێی نێوان ترەمپ و بایدن گەرمبوو. دۆناڵد ترەمپ بە لایەنگرەکانی دەڵێت، ئەگەر بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە ئەوا ئەمریکا "پڕ دەبێت لە ئاڵۆزی، سەرشێتی و ئاژاوە".


سەرۆکی ئەمریکا کە دژایەتییەکی سەرسەختی دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە دەکات، دووبارە گومانەکانی خۆی لەبارەی دەنگدان بەو رێگەیە خستەڕوو و گوتی، ئەگەر دەنگدان بەو شێوەیە بکرێت ئەوا رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ چەندین هەفتە و مانگ دوابکەون. 

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە بیردۆزێک کرد کە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا لە وادەی خۆی دیاری نەکرێت ئەوا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەبێتە سەرۆکی وڵات. 

پێچەوانەی گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام نەدرێت، ماوەی ئەندامێتی نانسی پیلۆسی و هەموو سیناتۆرەکانی دیکە لە کۆنگرێس لە 3ـی کانوونی دووەم بەسەر دەچێت بۆیە ناتوانێت لە 20ـی ئەو مانگە وەکو سەرۆک دەستنیشانبکرێت، ئەو کاتە بە گوێرەی دەستوور، چەک گراسلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران دەبێتە سەرۆکی کاتیی ئەمریکا.

ترەمپ باسی بەڕێوەبەردنی ئابووریی لە ئەمریکا کرد و ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر ئێمە نەیبەینەوە، هیچ شتێک نامێنێت و هەمووی دەڕوات.. لە کۆتاییدا وڵات دەڕووخێت و بەڕێوە ناچێت. لە لایەنی ئابوورییەوە بەڕێوەناڕوات. تووشی بێبازاڕی دەبینەوە. من زۆر باشم لە پێشبینیکردنی ئەم شتانە".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان گوتیشی، ئەگەر ئەو هەڵنەبژێردرێتەوە، دۆخێک روودەدات کە رەنگە "لەوەی ساڵی 1929 خراپتربێت" کە هەڵاوسانێکی ئابووریی گەورە روویدا و بە "Great Depression" ناسرابوو. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif