گوتی پیاو نییە بمکوژێت، ژنێک کوشتی

ليست هناك تعليقات

عومەر خۆشەویستی پێشووی سەحەر بووە، دوای ئەوەی هەڕەشەی لێکردووە و هەراسانی کردووە، سەحەر بێدەنگی دەشکێنێت و پێی دەڵێت، ئەگەر دەستهەڵنەگرێ لەو کارەی دەیکوژێت، عومەریش پێی گوتووە، پیاو نییە بیکوژێت، بەڵام بەدەستی سەحەر کوژرا. پاشان سەحەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و بەمزووانە دەبرێتە بەردەم دادگا.

سەحەر، ژنێکی تەمەن 26 ساڵە و هاوژینی هەیە. بە گوتەی خۆی دوای ئەوەی لەلایەن خۆشەویستی پێشووی (عومەر کۆفون) هەراسان کراوە، هەوڵیداوە کۆتایی بەو هەراسانکردنە بهێنێت. سەحەر دەڵێت؛ چەند جارێک بە عومەری گوتووە کە پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوانیان سەردەمێک بوو و تێپەڕی، ئێستا هەریەکەیان بەجیا ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و دوورکەوتنەوە و لەبیرکردن باشترە.

بەگوێرەی گوتەکانی سەحەر، عومەر وازینەهێناوە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە نهێنیی جۆراوجۆر بۆ هاوژینی سەحەر دەدرکێنێت.

رۆژێک هاوژینەکەی سەحەر چەند پرسیارێک لە سەحەر دەکات، وەک بڵێی شتێکی پێگەیشتبێت. کێشە دەکەوێتە نێوان سەحەر و هاوژینەکەی.

سەحەر دەڵێ پەیوەندیی بە عومەرەوە کردووە و هەڕەشەی لێکردووە، کە ئەگەر دەستهەڵنەگرێت، دەیکوژێت. عومەریش گوتوویەتی:"ئەوە دەکەم کە خۆم پێمخۆشە و پیاویش نییە من بکوژێت".

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2020 هەواڵی کوژرانی پیاوێک بە ناوەی عومەر کۆفون لەلایەن ژنێکەوە بڵاوبووەوە. ئەوکاتە عومەر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەمەبەستی بەسەربردنی کات چووبوونە ناوچە گەشتیارییەکانی مۆرجاڵی. بەپێی گوتەی هاوڕێکانی ژنێک هاتووەتە لای عومەر و ماوەیەک قسەی لەگەڵدا کردووە، لەناکاو لێیان بووە بە دەمەقاڵێ و قسەی ناخۆشیان بەیەکدی گوتووە. لە ئەنجامدا ژنەکە میلی تفەنگی راکێشاوە و دوو فیشەکی بە عومەرەوە ناوە. هەڕەشەی کردووە لەوەی هەرکەسێک هەڵیبگرێتەوە دەیکوژێت. دواتر ژنەکە هەڵاتووە.

دەرکەوت ئەو ژنە نەناسراوە سەحەر بووە و دوای رووداوەکە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە. سەحەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوەو و گوتوویەتی:"پێشتر هاوڕێیەتییەکمان لەگەڵ عومەر هەبووە. هەستمکرد بەوهۆیەوە خەریکە ماڵم لێتێکدەچێت و هاوژینەکەم لەدەستدەدەم، خۆم بۆ کۆنترۆڵنەکرا. عومەریش زیاتر تووڕەی کردم، ئەوەبوو تەقەم لێکرد و کوشتم".

سەحەرو هاوژینەکەی (ئۆغوز) لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و لە بنکەی پۆلیسدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا. دواتر گوازرانەوە بۆ دادگە.

عومەر کۆفون ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵە. هێشتا ماڵباتی عومەر هیچ لێدوانێکیان بۆ میدیاکان نەداوە و ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە هەمووی لە زمانی سەحەرەوەیە کە بکوژەکەیە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif