رۆژی 19ـی ئاب، قۆناخی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان واشنتن و بەغدا بە سەرۆکایەتی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی دەستپێدەکات.
لە قۆناخی یەکەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق، بەتەنیا فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداربوو، بەڵام لەم قۆناخەدا بەدەر لە فەوزی هەریری، هاوکات ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و لاوک ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەمید روكن هەژار عومەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هاوئاهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارن.
دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی گفتوگۆکان لەکاتێکدایە لە رۆژی 7ـی ئاب، کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیێندراوەکە، رۆژی 20ـی ئاب دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژە بەوە کراوە، ئەمریکا و عێراق لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانیاندا باس لە کۆمەڵێک پرس دەکەن لەنێویاندا، پرسی ئەمنی، وزە، چاودێریی تەندروستی و هاوئاهەنگیی ئابووری.
رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا و لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە چوونی شاندەکەی عێراق بۆ واشنتن نووسیویەتی ''فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتنە بۆ ئامادەکاری سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە''.
فۆرد ئاماژەی بەوەداوە، وەزیری دەرەوەی عێراق تیمێکی ئابووری لەگەڵ خۆی بردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەغدا چاوی لە هاوکاریی واشنتنە بۆ ئابوورییە لەرزۆکەکەی و هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کە داواکاری خۆپێشاندەرانیش بووە، لەنێویاندا کارەبا بەتایبەتیش کە لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران لەلایەن عێراق تەنیا سێ هەفتەی ماوە.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمریکا دەشڵێت، پرسێکی دیکە کە پێشبینی دەکرێت ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت زیاتر لە رووی بازرگانی و سێکتەری وزە ژمارەیەک رێککەوتن لەگەڵ عێراق واژۆبکات، لەم رێگەیەشەوە سزای دیکە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، لەهەمانکاتدا کازمیش دەیەوێت ئەمریکا لە رووی تەندروستییەوە هاوکاریی پێشکەشی عێراق بکرێت بەتایبەتیش لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا.
گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق
- قۆناخی یەکەمی گفتوگۆکان لە 11-6-2020 لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە دەستیپێکرد
- لە قۆناخی یەکەمی گفتوگۆکاندا باس لە پەیوەندیی ئەمنی، ئابووری، وزە، سیاسی، کولتووری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرا
- هەردوو شاند جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بنچینانە کردووەتەوە کە لە رێککەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراقدا هاتوون
- شاندی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەنیازنین بنکەی سەربازی هەمیشەییان لە عێراق هەبێت و هێزەکانیان لە عێراق کەمدەکەنەوە
- رێککەوتوون هەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات
- ئەمریکا پابەندیی خۆی بۆ رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپاتکردووەتەوە
- پێویستە عێراق چاکسازیی ئابووری بکات و ئەمریکاش لەم رووەوە هاوکاری حکومەتی عێراق دەکات
- هەبوونی هاوئاهەنگی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و لە کەرتەکانی دیکە
- لەرووی سیاسییەوە ئەمریکا پشتیوانیی لە حکومەتی نوێی عێراق و مستەفا کازمی دەکات
- ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەریی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان لە عێراق دەربڕیوە
- قۆناخی دووەمی گفتوگۆکان لە ئاستێکی باڵاتردا دەکرێن و گفتوگۆکان لە واشنتن دی سی بەڕێوەدەچن و پێشبینیدەکرێت ژمارەیەک رێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و عێراق واژۆبکرێن
لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە، کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە، بەڵام رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا، ئەمەش وایکردووە کە پێویست بکات واشنتن و بەغدا بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە.
بە بۆچوونی شارەزایان، رێککەوتنی نوێی نێوان واشنتن و بەغدا دەرفەتێکە بۆ عێراقییەکان لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی، ئابووری و وزە، تەندروستی لەم دۆخە سەختەی ئێستا عێراقی پێدا تێدەپەڕێت.
خەڵکی کوردستان و عێراق چاوەڕێی ئەنجامێکی ئەو کۆبوونەوانەن، کە عێراق سەقامگیر بکات، بەتایبەت دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 رەوشێکی ناجێگیری ئەمنی خولقاوە.
رێبوار تەها، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری عێراق لەماوەی ساڵێکدا دووجار سەردانی ئەمریکای کردووەو بڕوای وایە ئەمریکا لەو رووداوانەدا ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵدابێت سزای کورد دەدات و جارێ پڕۆژەیەکی نییە بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە و بە رووداوی گوت "لەدوا سەردانمدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ جێگری بەرپرسی دۆسێی عێراق و ئێران کۆبوومەوە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەوان ئەوەیە کورد هەمیشە لە ململانێی نێوخۆییدان، رەنگە تاڕادەیەک ئێستا سزابدرێین".
شەقامی کەرکووک تووڕە و نیگەرانن لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا، بەڵام هێشتا چاوەکان لەسەر ئەوەن ئەمریکییەکان دەست لە ناوچە دابڕاوەکان وەربدەن. ئومێدەکانی کورد لەسەر ئەو بنەمایەن ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ وەک چۆن بەدڵی کورد نییە، هاوکات دژی خواستەکانی ئەمریکایە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئەمریکا ئێستا چاودێری بارودۆخەکە دەکات، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەڵێنێکی بە هەرێمی کوردستان داوە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە". لەوکاتەوەی ئەمریکا ئەو بەڵێنەی داوە چەند لیژنەیەک دروستکراون، لیژنەیەکی نێوان پێکهاتەکان و لیژنەیەکی سەربازی لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق