محەمەد نوری
-
موستەفا كازمی ساڵی ٢٠١٢كتێبێك بڵاودەكاتەوە بەناوی مەسەلەی عێراق ،لەوكتێبەدا بەوردی باسی كێشەی عێراق دەكات و كۆمەڵێك چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەوكێشانە دەخاتەروو.كازمی لەم كتێبەدایە جگە لەوەی وەك رۆژنامەنوسێكی سیاسی دەنوسێت ،بەڵام لەكاتی خوێندنەوەیدا هەستدەكەیت ئەم پیاوە كەسێكی خوێندەوار وئاگاداری وردی تاكی عێراقییە .لێرەدا خاڵە گرنگەكانی ناوكتێبەكە دەنوسمەوە .
١-لەساڵی ١٩٤٨وە زۆرینەی دەوڵەتە عەرەبییەكان كێشەی فەڵستینیان كردوە بە شەمعەیەك وكێشەكانی خۆیان پێیدا هەڵواسیوە ،لەكاتێكدا نەیانتوانیوە یەك بست لەخاكەكەی رزگاربكەن،سەردەمی دروشمی گەورە بەسەرچوو،خەڵك بوژانەوەی ئابوری ودیموكراسیی دەوێت.
٢- دیموكراسی و ئازادی و مافەكۆمەڵایەتییەكان پێكەوەن وبەشناكرێت ،دادی كۆمەڵایەتی لە سیستەمێكی دڕندەو ستەمگەردا نایەتەدی.
٣-هەڵەی گەورەی نەبونی متمانە دەگەڕێتەوە بۆ رێ نەدان بەوەی هاوڵاتیان ورۆژنامەنوسان وچالاكەوانەكان داوای مافی خۆیان بكەن ،نەبونی خۆپیشاندان وگوێ نەگرتن لە رای ئازاد كارەساتە ،هۆكارەكەشی ئەوەیە :كە دەسەڵاتداران لەم ناوچەیەدا لایان وایە هەڵەناكەن ولە سەروو هەموو شتێكەوەن ،خۆیان داناوە قەت نەمرن بۆیە وازناهێنن.
٤-شێوازی بەڕێوەبردنی تەندروستی وپەروردە و هاوكاری وپەرەپێدانی خێزانیی و یاسای خانەنشینی دەبێت دەستكاری بنەڕەتی بكرێت،كەرامەتی مرۆڤ لە عێراقدا پێشێلكراوە.
٥-گواستنەوەی عێراق لە دیكتاتۆریەتەوە بۆ سیستەمێكی دروست ودیموكراسیی كاتی دەوێت بەڵام ئەستەمیش نییە،عێراقێكی یەكگرتوو ودور لەگەندەڵی ودزینی سیاسیی هاوكاردەبێت بۆ ئایندەیەكی باش ،عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بەڵام هەژارە لە بەڕێوەبردندا،عێراق دەبێت خۆی بڕیاردەری خۆی بێت ئەوكاتە هەنگاوی گەورە دەنرێت.
٦- ئەم گەشبینیە بۆ چاكردنی دۆخی عێراق رونادات ئەگەر عێراقییەكان لەم دەستە سیاسییەی كە لەدوای ٢٠٠٣عێراق بەڕیوەدەبەن نەجاتیان نەبێت ،چونكە ئەم دەستەی دوای روخاندنی سەدام حكوم دەكەن هەمان بیركردنەوەی سەدامیان هەیە لەپێناو دەسەڵاتی خۆیان وبنەماڵەو عەشیرەتەكەیاندا كاردەكەن نەك لەپێناو دەوڵەتێكی بەهێزی خۆشگوزەران.
٧-دیموكراسیەت راستییەكە نەك رۆشنبریییەكی ساختە ،پرۆسەیەكی شارستانییە و دەبێت پێیدا تێپەڕبین
٨-خودا بەگەورەیی خۆی مرۆڤی ئازاد دروستكردوە ،بەڵام زۆر لەسیستەم و ئایدلۆژییەكان ئەم ئازادییەی لێوەردەگرن ،مرۆڤ خۆشی بەرپرسە لە بچوكردنەوەی خۆی
٩-هیچ شتێك قافڵەی گەنجان راناگرێت ،درەنگ وزوو كەوتوە، گۆڕانكاریی هەردەكەن ئەگەر ئەوەندە فەرامۆش بكرێن
١٠-لەسەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان كە نیردراوی خودابوو ،خەڵك بێ ترس و سڵمینەوە و شەرم دەچوون گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرد،سەیرم لێدێت ئێستا خەڵك لە دەسەڵاتدارەكان بترسن و بسڵمێنەوە لێیان.
١١-باڵندە رەنگاورەنگەكانی بۆجوانی دەیانخەینە ناو قەفەز ،زۆرینەیان فڕینیان بیرچووەتەوە ،بۆیە كە ئازادییان بكەیت ناتوانن زۆربفڕن ،ئێمەش وامان لێهاتوە چەندین دەیەیە لە ژێر سایەی دیكتاتۆرییەتداین،بۆیە پێویستمان بە چاكسازیی هەیە ،هیچ چاكسازییەك بێ ئازادی ودیموكراسی روونادات.
١٢-تایفییەت جۆرێكە لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و راكردنە لەرووبەربوونەوەی كێشەكان وراكردنە لە پێشكەوتن،هەموو دیموكراسییەك دژی تایفیەتە هەموو تایفەیەتێك دۆخێكی ناتەندروستە ودیكتاتۆریەت دروستدەكات ،كۆتاییهێنان بە تایفیەت لەعێراق دەستپێكە بۆ هەنگاوی باشبوون وچاكردن و گۆڕانكاریی.
١٣-هەموو دیموكراسییەك لەگەڵ سادەیی بەرپرس ودەسەڵاتداردا دروستدەبێت ،باوەڕبوون بە دیموكراسییەت بە كردارە نەك بە قسە ،دیموكراسییەت باوڕبونی تەواوە بە ئازادییەكان.
١٤-بەكارهێنانی تایفەیەت لەلایەن هەندێك لە دەستەی سیاسیی لەعێراق تەنها بۆ روتكردنەوە ودزینی سامانە.
١٥-ئەو هێزە ئیسلامییانەی كە دەڵێن دیموكراسیی بەرهەمی رۆژئاوایە و نامانەوێت ،ئەوەسوكایەتی بەخۆیان دەكەن ،دین هیچ كات بەربەست نەبوە لەبەردەم ئازادی ومافی مرۆڤ و بەكەرامەت ژیانی خەڵك.
١٦-بەپێی ئەزمونی خۆم زۆركەس لەوانەی كە دژی رۆژئاوا قسەیان كردوە ،ئەوكەسانە بوون كە لە ئەوروپا وەك پەنابەری سیاسیی ژیاون و مافیان پێدراوە و خۆش ژیاوون،كەچی بەربوونەتە گیانی رۆژئاوا.
١٧-ئایا دەتوانین وازلە كەلتوری دەوڵەمەندی كانت و هیگڵ و دیكارت و گۆتە وشیلر و بتهۆڤن و نیوتن و شوپان وباخ و برۆست وكافكا و سارتەر بهێنن؟نەخێر
١٨-هیچ كات ئیسلام رێگرنەبوە لە ماف وئازادی وژیان باشی خەڵك .
١٩-سیاسەت كچی مێژوە ،مێژوو كوڕی جوگرافیایە،جوگرافیاش ناگۆڕێت ،ئێمە لە عێراق دەبێت رابین كە بەیەكەوە بگونجین بەیەكەوە باشی بكەین ، هەر شوێنێك لە عێراق باشبێت كاریگەری باشی بۆسەر بەشەكانی تردەبێت .دەبێت داهات وژیان لەناوخۆماندا بەشبكەین
٢٠-من قسەكەی ساموێل جونسون دەهێنمەوە كە دەڵێت :نیشتیمانپەروەریی پەناگەی درۆزنەكانە ،بۆیە بەناوی نیشیتیمانپەروەرییەوە گەندەڵی گەورە كرا لەم وڵاتە.
٢١-لە مێژووی هاوچەرخدا هیچ روداوێك نادۆزیتەوە كە هاوشانی ئەو ستەم وزوڵمە بێت كە سەدام بەناوی پاراستنی عێراقەوە لەكوردی كردوە ،سەدام بە كیمابارانكردنی هەڵەبجە وئەنفالكردنی كورد ،تەنها كۆمەڵكوژی ئەنجام نەدا بەڵكو ویستی بونی كورد بكوژێنێتەوە . دیكتاتۆریەتی عێراق كارەساتی گەورەی بەسەر كورددا هێنا كە كاتێتی ببنە وانەیەك بۆ نەوەكانی ئایندە كە دیكتاتۆریەت مرۆڤایەتی لەناودەبات.
٢٢-لەساڵی ١٩٨٨كە رامانكرد لەهەڵمەتی ئەنفال ،ئەوكاتە تەمەنم ١٩ساڵ بوو كچێكی منداڵكارم بەناوی سەیران بەباوەش هەڵگرتووبوو ،كە لە روباری شین پەڕینەوە شەپۆلەكان ئەوەندە بەهێزبوون كچەكە لەدەستم كەوتە خوارەوە ،نەمانتوانی بیگرینەوە لەناو شەپۆلی روبارەكەدا ونبوو وخنكا ،ئێستاش وێنەی سەیران لە یادەوەریمدایە،سەیران قوربانی دەستی ستەمی بەعس بوو
٢٣-كاتی پێداچونەوەیە بەكۆی سیستەمی بەڕێوەبردن وئابوری و پەیوەندی هەرێم و بەغدا و لامەركەزیەت لە عێراق
٢٤-كەس گومانی لەتوانایی تاڵەبانی نییە ،ئەو پیاوێكی سیاسیی وردە ودەزانێت چۆن سەروەری ومانای عێراق بپارێزێت،پیاوێكیشە باوەڕی تەواوی بە دیموكراسی وژیانی ئازاد هەیە ،بۆیە تاڵەبانی توانیوێتی بەباشی هاوسەنگی عێراق راگرێت
٢٥- هوشیار زێباری پیاوێكی دیبلۆماسیی وردە ،لەدوای روخاندنی سەدام توانی دوبارە بەشێوەیەكی تەواوهاوچەرخ بونیادی پەیوەندییەكانی عێراق بكاتەوە ،رێز بۆ پێگەی عێراق بگەڕێنێتەوە . بۆیە دانانی وەزیرێكی كورد لە پۆستی وەزیری دەرەوە كارێكی دروستە بۆ تێكشكاندنی ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت یەكڕیزی عێراق تێكبدەن.
٢٦- هیچ سەركردەیەكی كوردو عەرەب باسی جیابوونەوەی نەكردوە هەمووان دەیانەوێت عێراقێكی یەكگرتوو بونیاد بنرێت .
ئەم كتێبە ساڵی ٢٠١٢نوسراوە ،گەلێك بابەتی گرنگتری تێیدایە كە شایەنی خوێندنەوەیە ،بەتایبەت سیاسییەك بەوشێوەیە ئاگاداری فیكر ودین ومێژوو بێت سەیرە .
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كازمی ئەم بیركردنەوە سیاسیانەی كە پێشتر هەیبوە دەتوانێت لە زەمینی واقع كە خۆی ئێستا سەرۆكوەزیرانە جێ بەجی بكات ؟
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق