سپڵە و خۆلێگۆڕاوەکان

ليست هناك تعليقات

کەمال حەمزە
-
سپڵە و بێ نمەك و پێنەزان، هەر کەسێکە کە دەگاتە شوێنێك یان ئاستێکی ماددیی یان مەعنەویی دیاریکراو، ئیدی بیری دەچێتەوە ئەوە کێیە دەستی گرتوە؟ یان لەسەر پشتی کێ (تاك، حزب، ڕێکخراو، دەزگا ...) گەیشتۆتە ئێستا؟ ئەو جۆرە مەخلوقە عەجایبانە نەك بە خەیاڵیاندا نایە سوپاسی ئەوانە بکەن کە بوونە هۆکاری گەیشتن بەوەی کە پێی گەیشتوون، بەڵکو خۆیشیان لێ دەگۆڕێت و، خۆیان لەوە بە گەورەتر دەزانن کە هەن و، هەڵوێستیشیان نەرێنییە بەرانبەر ئەوانەی بوونە هۆکاری گەیاندنیان بە ئێستایان و، سەر و بنی زمانیان ڕەخنەلێگرتنیانە!! بێ ئاگا لەوەی دوو کۆمێنتی فەیسبوك، یان گوێگرتن لە وتار و بەرنامەیەکیان، یان دوو قسەی موجامەلە و پیاهەڵدان هی ئەوە نین کە پشتی پێ ببەسترێ.

ئەزیزم .. ئەگەر تووشی نەشوەو لەخۆ ڕازیبوون هاتوویت لەبەر ئەوەی وا هەست دەکەیت سەرکەوتوویت لە بوارێك (کە ئەوەشت ڕێژەییە)، بزانە زۆر بوار ماوە کە هێشتا ماوتە و نەبوویتە پیاوی ئەو مەیدانە. ئەوەی کە کردووشتە هیچ نییە، هەر پەرتکردنی ئەو ڕیزەیە کە تێیدا متمانەت پێ کرا و، لە پێناوی خۆت سپڵە و بێ نمەکانە دەستت لێ وەشاند و، بەشێکی تواناکانت دابڕی.

چەند زۆرن ئەوانەی بەتایبەتی لەسەر پشتی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوونە ژمارە، بەڵام دواتر جگە لە بێ وەفایی و نمەك حەرامی زیاتر هیچی دیکەیان لە دوای خۆیان جێنەهێشت.

ئەوەی ئێستاش خەفەتی زۆری بۆ دەخۆم، سینە سافی ئەو خەڵکەیە بەرانبەر ئەو جۆرە کەسانە و، هەڵخەڵەتانیانە بە زمانی لووسیان، بە کاریگەری قسە و قەپێلکی ڕازاوەی دەرەوەیان، بەبێ ئەوەی ئاشنای ناخی پیس و بۆگەنیان بن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif