کازمی وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری کرد

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەئوف
-
ئەگەرچی زۆر لایەن و چاودێری بارودۆخی عێراق لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کازمیەوە بە گومانەوە لەوەیان دەڕوانی کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق وا زوو وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات، بەڵام کازمی لە ئێوارەی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕۆژی ٦/٦/٢٠٢١ بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا ڕاگەیاند، وەکو دەرچەیەک بۆ دەرچوون لە کێشە و قەیرانە درێژ و بەردەوامەکانی عێراق و لەھەمان کاتدا وەڵامێک بۆ داخوازی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکانی عێراق کە بە ڕاپەڕینی تشرین ناسراوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ ئەو خەڵک و چالاکوانانە سیاسیانەی کە ڕابەرایەتی ئەو شۆڕش و ناڕەزایەتیانەیان دەکرد بێنە ناو پڕۆسەی سیاسی و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕیفۆرم و گۆڕانکاری و دانانی سنورێک بۆ گەندەڵی تاقم و گروپە میلیشا و باندەکانیان کە دەستیان بەسەر ھەموو جومگەکانی توانای دەوڵەتدا گرتووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان و تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش بەکاریان دەھێنا .

ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە سیستمە دیموکراسیەکاندا وەکو ڕێگا چارەی خێرا و دەرچەیەکە، کە قەیرانەکانی وڵات بگاتە بنبەست، بە تایبەتی لە وڵاتێکی وەکو عێراقدا کە لە ھەڤدە ‌ساڵی ڕابردوودا شکست لە دوای شکستی تۆمارکردووە لە ھەموو سێکتەرەکاندا .

ئەوەی لەسەر کازمیە بەڵێنی دا ( ئەگەر بۆی بکرێت ) ھەموو پێداویستیەکانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراھەم بکات بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت و بەڵێنی ئەوەشی دا کە ھەموو ھەوڵ و تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت و چاودێرانی نێودەوڵەتی چاودێری پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکەن و بواری یەکسان بۆ ھەموو لایەک بڕەخسێنێت .

ھەربۆیە ئەم ھەڵبژاردنە گرنگە چونکە خواست و مەیلێکی جەماوەری گەورە لە شەقامی عێراق بۆ گۆڕانکاری و کۆتایی ھێنان بە دۆخی ئێستا ھەیە کە عێراقی زەنگین بووەتە دۆزەخێک بۆ ڕۆڵەکانی بۆیە ئومێدێکی گەورە لە سەر ئەم ھەڵبژاردنە ھەڵچنراوە، کە گۆڕانێکی چەندایەتی و چۆنایەتی لە عێراقدا بھێنێتە کایەوە کە کۆتایی بە زۆر دۆسیە و قەیران بھێنێت .

بەربەست و گرفتەکانی بەردەم ھەڵبژاردنەکە

ھەرچەندە ھێشتا (دە) مانگی ماوە بۆ ئەو وادەیە کە کازمی دیاریکردووە، ئەو وادەیەش قابیلی وتوێژ و ئاڵوگۆڕە، بەڵام بەربەست و ئاڵەنگاری گەورە ھەن لەوانە یاسای ھەڵبژاردنەکان کە ھێشتا لە ئەنجومەنی نوێنەران تەواو نەکراوە و بۆ ئەوەی سەرۆک کۆماریش ڕەزامەندی لەسەر بکات، نوێنەرانی کوردیش تێبینی زۆریان لەسەر یاسای نوێ کە ھەیە تەنانەت بایکۆتی دانیشتنەکەشیان کرد ئەو بەندانەی کە دەنگی لەسەر دراوە بە غیابی کورد بووە، ئەمانە لەلایەک لە لایەکی ترەوە زۆرێک لە تاقم و ھێزە ملیشیاییەکان ھەرچەندە تا ئێستا ھیچیان نەوتووە یان بە زارەکی جۆرێک لە ڕەزامەندییان پیشانداوە، بەڵام ئەم ھەڵبژاردنە بە لێدان لە خۆیان دەزانن و دەترسن ئەو پێگە و ھەژموونەی ئێستایان لە دەست بدەن، بۆیە تا پێیان بکرێت کۆسپ و تەگەرەی بۆ دەخوڵقێنن و خوازیارن ئەم خولەی پەرلەمان ماوەی یاسایی خۆی تەواو بکات .

کازمیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە عێراق بە گێڕانەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت بەھێز دەبێت، و دەبێت دوور بخرێتەوە لە ناکۆکی و ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان کە ھەڕەشەی جدین بۆ عێراق و گەلەکەی و بەرژەوەندییەکانی، ساڵانێکە بە گەندەڵی ڕێکخراو و بە فیڕۆدانی سامان و داھاتەکەی کێشە ‌و قەیرانی گەورەیان بۆ عێراق خوڵقاندووە کە ڕووبەڕووبوونەوەیان ئاسان نییە و بەڵام درێژەی پێ دەدەین و چارەسەری پینە ‌و پەڕۆی ناکەین و دەست بۆ خاڵە ھەستیار و کاریگەرەکان دەبەین ھەروەکو سڵمان لێ نەکردەوە و دەروازە سنووریەکانمان کۆنترۆڵکرد و لیژنەیەکیشمان پێکھێناوە بۆ لابردنی ھەموو بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردنی گشتی .

کورد و ئەم ھەڵبژاردنە

لە ھەرێمی کوردستان لەوەناچێت ئاکامەکان چی بن کێشە بێت، بەڵام بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی ١٤٠ گرنگە یاسای ھەڵبژاردنەکان کورد بە یەکدەنگی بتوانێت ھەموو توانا و دەسەڵات و پێگە ‌و پەیوەندییەکانی ھەر لە سەرۆک کۆمارەوە تاوەکو سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم و ھێزە سیاسیەکان ھەرھەموویان بێنە سەرخەت و کۆبوونەوەیەکی لە ناکاو و لوتکە ببەستن بۆ دانانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی ھەم یاسای ھەڵبژاردن و ھەم مادەی ١٤٠ ئەکتیف بکەنەوە بەرەو چارەسەر ئەوەش بزانن بەبێ قوربانی و( دان ) ھیچ ناسەندرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif