فەتوای حەرامكردنی ئەم دیاردەیە درا

ليست هناك تعليقات



ئه‌نجوومه‌نی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە نوێترین فتوایدا هەر جۆرە فێڵێک لەلایەن پزیشك، نۆرینگه‌، نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت، تاقیگه‌ و ده‌رمانخانه‌كان لە نەخۆش یان رێککەوتنیان لەسەر حیسابی نەخۆش، حەرام دەکات.

مامۆستا محەممەد ئێنەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 19-8-2020 ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەبارەی له ‌خشته‌بردنی نه‌خۆش له‌لایه‌ن هه‌ندێك پزیشك، نۆرینگه‌، نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت، تاقیگه‌ و ده‌رمانخانه‌كانه‌كان فەتوایه‌كی ده‌ركرد، کە هه‌ر پشكنینێك یان ده‌رماننووسینێك به‌پێچه‌وانه‌ی یاساكانی تایبه‌ت به‌ كاری پزیشكی و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بێت، حه‌رامه‌ و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵی زیانگه‌یاندن بە نەخۆش، كه‌ هه‌ندێكجار ده‌بێته‌ هۆكاری كوشتنی به‌ناحه‌ق".

ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەر بەپێی فەتواکە هه‌ر ده‌رمانێك له‌ ئه‌ندازه‌ی زیاد له‌ پێویست بنووسرێت له‌ ره‌چه‌ته‌ی پزیشكیدا تاوانه‌ و كارێكی حه‌رامه‌، له‌سه‌ر پزیشكی موسوڵمان و مروڤدۆست پێویسته‌ خۆی لێ بپارێزێت، چونكه‌ راسته‌وخۆ ئیستیغلالكردن و به‌تاڵانبردنی ماڵی موسو‌ڵمانانه،‌ ئه‌مه‌ش له‌ شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلامدا حه‌رامه"‌.

سەبارەت بە پێدانی دەرمانیش لەلایەن دەرمانخانەکانەوە بەبێ رێنمایی پزیشک، مامۆستا محەممەد ئێنەیی دەڵێت: "له‌ ده‌رمانخانه‌كانیش هه‌ر ده‌رمانێك بدرێته‌ نه‌خۆش، به‌بێ رێنمایی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی پزیشكی پسپۆڕ یان یاریده‌ده‌ری پزیشكی رێگه‌پێدراو، ئه‌وا له‌ روانگه‌ی شه‌ریعه‌ته‌وه‌ دروست نییه‌ و حه‌رامه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ رووی یاساییشه‌وه‌ قه‌ده‌خه‌یه‌، چونكه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا هه‌رشتێك ببێته‌ هۆی زه‌ره‌رگه‌یاندن به‌خود یان به‌كه‌سی به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ حه‌رامه‌".

بەشێکی دیکەی فتواکەی لێژنەی فتوا تایبەتە بەو دەرمانانەی بەسەردەچن یان لە کواڵێتیی کۆنتڕۆڵ دەرناچن، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هه‌ر ده‌رمانێك به‌سه‌رچووبێت یان له‌ كواڵێتیی كۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چووبێت حه‌رامه‌ بدرێته‌ نه‌خۆش یان مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكرێت، یان ده‌ربازی سنووره‌كان بكرێت".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەبارەی نرخی پشکنینو دەرمانیش دەڵێت: "گرانكردنی نرخی پشكنین و ده‌رمانه‌كانیش له‌سه‌ر نه‌خۆش كارێكی ناشه‌رعیی و قێزه‌ونه‌، پێویسته‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی بکرێت و نرخه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌، یارمه‌تی هه‌ژارانیش بدرێت، به‌تایبه‌ت له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ی ئێستای كوردستاندا".

رێککەوتنی نێوان پزیشک و دەرمانخانەکانیش لایەنێکی دیکەی فەتواکەیە، ئێنەیی رایگەیاند: "هه‌ر جۆره‌ رێكکه‌وتنێك له‌نێوان پزیشك و ده‌رمانخانه‌ و تاقیگه‌كاندا له‌سه‌ر حیسابی نه‌خۆشه‌كان بکرێت كارێكی حه‌رامه‌ و خواردنی ماڵی موسڵمانانه‌ به‌ تاڵان، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ پزیشك و ده‌رمانسازان و خاوه‌نی تاقیگه‌كان خۆیان له‌و حه‌رامه‌ بپارێزن و له‌ خودا بترسن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق