ئه‌گه‌ر له‌ خه‌می كه‌ركوكدان

ليست هناك تعليقات


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بڵێم ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌ینووسم به‌ هیچ جۆرێك ئه‌و كه‌سه‌ ئاگادار نیه‌ كه‌ من دواتر ناوی ده‌به‌م ، هه‌ڵبه‌ت من پێشتریش وه‌ك نووسه‌رێك له‌ خه‌مخۆریمه‌وه‌ بۆ دۆزی گه‌له‌كه‌م و بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ته‌ڵه‌زگه‌ی هات و نه‌هاته‌ ده‌رچین ، ره‌نگه‌ ناوی كه‌سانی تریشم بردبێت و ئومێدم بۆ خواستبن ، كه‌ له‌ بواری خۆیاندا سه‌ركه‌وتوبن .

له‌ رابردودا بۆ كه‌ركوك له‌ دوای 16-10-2017 ه‌وه‌ ناوی زۆر كه‌س برا ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ره‌ زۆریان كه‌سانی باش و به‌ ئه‌زمون و خه‌مخۆر بون ، من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌مزانی نه‌ك ئه‌و ناوانه‌ی ده‌هاتن سه‌دان ناوی دیكه‌ش ریزبكرایه‌ دۆخه‌كه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ ده‌بوو ، چونكه‌ یه‌كێ‌ له‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پڕۆژه‌ی راستكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك جگه‌ له‌وه‌ی ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و بارو دۆخه‌ راست بكاته‌وه‌ سزای هه‌ركه‌سێكیشی ده‌داكه‌ لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ پێشنیازی ده‌كرد .

له‌ راستیدا ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك به‌ قوربانی كردنی خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ گشتی و به‌تایبه‌ت كوردی كه‌ركوك بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ قوربانی كردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ بوو كه‌ ناویان ده‌خرایه‌ سه‌ر زاران ، من بۆ خۆم له‌ رووی خه‌مخۆریمه‌وه‌ بۆ ئه‌وان له‌ گه‌ڵ یه‌كدوویه‌كیان به‌و جۆره‌ دوام كه‌ نه‌چنه‌ نێو یاریه‌كی واوه‌ ، من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌مزانی ئه‌م بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی پشتگوێ‌ ده‌خرێت و ده‌درێته‌ ده‌م رۆژگاره‌وه‌ ، خۆ ره‌نگه‌ له‌مه‌شدا دڵی وڵاتانی هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت كه‌سانێكیش راگیرابێت ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ خۆ ده‌ربازكردن له‌ به‌ر پرسیاره‌تی دیرۆكیش .

دوای سێ‌ ساڵ له‌و روداوانه‌ی مانگه‌كانی 9و 10ی 2017 ئایه‌ كاتی ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت برینی كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان ساڕێژ بكرێت ، مه‌به‌ست له‌ بۆ ماوه‌ی كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ یه‌ك ساڵیش بێت ده‌كرێت ئه‌و لاسه‌نگی و شكسته‌ی كه‌ركوك راست بكرێته‌وه‌ ، من بڕوام وایه‌ بۆ دۆخی ئێستای كه‌ركوك ، بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانی ئه‌و شاره‌ بكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ له‌ قۆناغی راگوزه‌ردا جێی خۆی بگرێت داواكردن له‌ عوسمانی حاجی مه‌حمود بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی پارێزگار له‌و شاره‌ وه‌ربگرێت و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردیه‌كانیش پشتگیری بكه‌ن ، به‌شێكه‌ له‌ هه‌نگاوێكی ئاكاری ئه‌و لایه‌نانه‌ .

عوسمانی حاجی مه‌حمود به‌ ده‌ر له‌ رابردووه‌ بێگه‌رده‌كه‌ی له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی كوردیشدا وه‌زیرێكی بوێرو ده‌ستپاك و رێزلێگیراوی هه‌موو لایه‌ك بووه‌ ، كه‌سێكه‌ هه‌میشه‌ له‌وه‌ زیاتر ده‌كات كه‌ ده‌بێت پێی هه‌ستێ‌ ، من به‌ حوكمی زۆر نزیكیم له‌وه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ ، گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی بۆ ئێستای كه‌ركوك شیاوترینه‌ ، هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌ش دڵنیام كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م پۆسته‌ی به‌ دڵ نه‌بێت ، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ من له‌ نووسیندا ئاماژه‌ی پێده‌كه‌م و له‌ سه‌ری ده‌نووسم ، هه‌ر جارێكیش كه‌ نوسینه‌كه‌ ده‌بینێ‌ یان نیشانی ده‌ده‌ن ، ئه‌و گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویست ناكات .

ئه‌م نوسینه‌ی من پێشنیازێكه‌ بۆ هه‌ر سێ‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی نێو هه‌رێم و هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش كه‌ كه‌م و زۆر رۆڵیان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان هه‌یه‌

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق