نادین، وڵات بەجێدەهێڵێت

ليست هناك تعليقات


خانمە ئەکتەری لوبنانی نادین نەجم کە لە تەقینەوەکەی بەیرووتدا برینداربوو دەڵێت، لە نەخۆشخانە بڕیاریداوە لوبنان جێبێڵێت و بچێتە وڵاتێکی دیکە کە رێز لە هاووڵاتییانی بگرێت.

لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئاب، نادین نووسیویەتی، ژیان لە وڵاتێکی دیکە باشترە وەک لەوەی لە لوبنان بمێنێتەوە و لەخۆڕا ژیانی بەفیڕۆ بڕوات. دەشڵێت، "هەرکات ئێوە [سەرکردە سیاسییەکان] گۆڕبەگۆڕ بوون و چوونە ژێر خاک، ئەوکات ئێمەش دەگەڕێینەوە نیشتمان".

نادین ڤیدیۆی ساتی تەقینەوەکەی بەیرووتی بە مۆبایلەکەی خۆی تۆمارکردووە و لە لاپەڕەی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە "کاتە شوومەکە". دەشڵێت، تەلەفۆنەکەی بەدەستەوە بووە و هاواری کردووە "ئاگر".

ئەو خانمە ئەکتەرە لوبنانییە لە تەقینەوەکەی بەیرووتدا کە رۆژی 4ی ئابی 2020 روویدا، برینداربوو. دوای تەقینەوەکەش رایگەیاندبوو کە رووخسار و هەندێک بەشی جەستەی برینداربووە و لەکاتی تەقینەوەکە لە ماڵی خۆی بووە، پاش تەقینەوەکە لە 22 نهۆمەوە بە پێخاوسی هاتووەتە خوارەوە و دواتر نەشتەرگەرییەکی شەش کاژێریی بۆ ئەنجامدراوە.

نادین خاوەنی دوو منداڵە و لە رۆژی تەقینەوەکە کوڕ و کچەکەی لە ماڵ نەبوون و سەلامەتن. پێش تەقینەوەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیایەکی لوبنانی ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەپاش جیابوونەوە "ژیانم وەکو پێشوو بەردەوامی پێداوە و سەختییەک کە شایەنی باس بێت رووبەڕووم نەبووەتەوە. خزمەکانم هەمیشە پاڵپشتیم لێدەکەن".

هونەرمەندە لوبنانییەکە لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەش زیاتر بەهۆی زنجیرە درامای هەیبە بەنێوبانگە، کە ئێستا لە زۆربەی کەناڵەکان پەخشدەکرێت؛ لەو زنجیرە درامایەدا رۆڵی عالیا دەبینێت.

نادین کە ئێستا تەمەنی 36 ساڵە، لە بەیرووت لە باوکێکی لوبنانیی بە ئایین کریستیان و دایکێکی تونسیی موسڵمان لەدایکبووە. هاوشێوەی باوکی کریستیانە، ساڵی 2014 بە شاجوانی لوبنان هەڵبژێردراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif