"سەرۆک، ئیدی ناتوانین باوەڕ بکەین"

ليست هناك تعليقات

تەنیا کوردی

سەرۆک، لەدوای ئەوەی وازی لە کورسییەکەی ھێنا، سەردانێکی بۆ ئەورووپا رێکخست، لەوێ لەگەڵ قوتابیانی زانکۆیەک لە پێوەندی دەولی کۆبوویەوە، گوتارێکی کاتژمێری پێشەکەش کرد، کە بابەتەکە تەواو بوو، قوتابییەکان پێیان گووت، تۆ لە سەرۆک و سیاسەتدا خانەنشینی؛ لە وڵاتەکەت وازتھێناو کارەساتێکی گەورەت خولقاند، دەزانی گەلەکەت باوەڕتی پێنەماوە بۆچی ھاتووی بۆ ئێمە قسە دەکەیت؟!، ئێمەیش ئیدی باوەڕت پێناکەین، ئەم پرسیارە بۆ سەرۆک سەخت بوو، بەڵام ئەو بوێری زۆری ھەبوو، لە وەڵامدا گوتی، من سەرۆک نیم، تەنیا سەرکردەیەکم، من لە سیاسەتدا خانەنشین کراوم، بەڵام لە ژیاندا ماوم و، پێتان دەڵێم کە بوچی کورسییەکەم جێھێشت...ئەمە سەرۆک ریچارد نیکسۆن بوو کە لە ساڵی ١٩٦٩ تا ساڵی ١٩٧٣ سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بەڵام بەھۆی قەزیەی واترگێت کە تۆمەتی جاسوسیکردنی درایە پاڵ لەسەر سەرکردەی حزبە دیموکراتەکان،، کۆنگرێس ئەم قەزیەی جوڵاند و ئەویش لە سەرۆکایەتی دەستی ھەڵگرت.

رێچارد کاتێ باسی دەستکەوتەکانی کرد گوتی، من بۆ ئاشتی ژیام، بەرپاکردنی ئاشتی نێوان (ئەمەریکاو رووسیا)، (ئەمەریکاو ڤێتنام)، (ئەمەریکاو چین)، ئەمانەم بە پراکتیکی بەجێگەیاند.

ئەو لە سەردەمێک سەرۆک بوو کە ھێنری کێسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو، ئەو ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و عەرەبدا واژۆ کرد. قوتابییە ئەورووپییەکان رێزیان لێگرت و حەقیقەتی چیرۆکی واترگێتیان زانی کە سەرۆک لەسەر حەقە، بەڵام لەژێر فشاری لۆبییەکەی نێوخۆیدا دەستی ھەڵگرت و رێچارد بووە قوربانی بەرپاکردنی ئاشتیی لە جیھان دا.

لە ھەرێمی کوردستانیش زۆر قەزییە ھەن کە وێنەکەی وەک خۆی بە نێو شەقامدا نەگەیشتوون، بەنمونە مەلەفی نەوت، پرسی داھات، شێوازی ئیدارەدانی حوکم، شێوازی ھەماھەنگی حزبە سیاسییەکان لە سێبەردا، تەدەخولی ئیقلیمی و دەولی لەسەر ھەرێم و بەغدا، سەھمی ئابووری ھێزە ئیقلیمیی و دەولییەکان لە ھەرێم و بەغدا، بۆیە لە زۆر قەزیەدا سەرکردەکانی ھەرێم و بەغدا دەستیان واڵا نییە لەوەی وەک ئەیانەوێ بیدرکێنن و ئەنجامی بدەن...

لە ھەرێم و عێراق، نفووزی ئێران و تورکیا وەک بوونێکی سەربازی و ئابووری ھەیە، بەرژەوەندی ئابووری رووسیاو ئەمەریکاو چین و فەڕەنسا و وڵاتانێکی تریش ھەن لە سێبەردا، ئەو سیستەمەی کە شەقام دەیەوێ سەرۆک و سەرکردەکانی حزبی و حکوومی لە ھەرێم و بەغدا وای وێنابکەن تاڕادەیەک سەختە، بەڵام دەتوانن ئاشتەوایی ئەنجام بدەن و، دەستکاری سیستەمە سیاسییەکە ھەنگاو بە ھەنگاو بکەن، لەگەڵ ئەوەی ئاستەنگی نێوخۆیی و سیاسی ھەن دەتوانن بە ئاشتەوایی دروست ئەم ئاستەنگانە تێپەڕێنن، وەک رێچارد نیکسۆن کە ھێڵە سوورەکانی بەزاند و ئاشتی بەرپاکرد، ھەندێ جار دەبێ قوربانی بۆ ئاشتەوایی بدرێ، ئاشتەوایی سیاسی و دووبارە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ شەقام، دەزانین وەک رێچارد لەو کاتەی کۆمەڵێک لەم سەرکردانە خانەنشین بوون ئەو کاتە دەتوانن ھەندێ نھێنی لە راگرتنی ئەم باڵانسە بدرکێنن، ئێمە دەزانین کە سیستەمی حوکمڕانی لە جێبەجێکردن لەسەر جیوگرافیا وەک سەر کاغەز نییە، بەڵام سەرباری ئەم سانسۆرکردنەی ئیقلیمی و دەولی لەسەر ھەرێم و عێراق، گرینگە حوکمڕانی سیاسی کورد لە ھەرێمدا بەرەو نوسخەیەکی شەفاف ھەنگاو بنێ، لەمەدا دەتوانن دڵی شەقام بەدەست بێنن کە ئاشتەوایی دروست بکەن و سیستەمی حوکمڕانی لە ھەرێمدا پێشبخەن و دادی کۆمەڵایەتی بسەپێنن و یاسا بەتەواوی جێگیر بکەن، ئەگەر ئەمە نەکەن متمانەی شەقام دروست نابێتەوە و، ئیدی شەقامیش بەبەشێک لە سەرۆک و سەرکردەکان دەڵێ، ببورن ئیدی ناتوانین چیتر باوەڕ بە نوسخەی حوکمڕانی بکەین، بۆیە کات ماوە ئەگەر ھەنگاوی بۆ بنرێ، نەوەک بۆشایی نێوان شەقام و دەسەڵات تا دێ کەلێنی گەورەی تێدەکەوێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif