ئەڵمانیا گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان خاو دەكاتەوە

ليست هناك تعليقات

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی ئەنقەرە و ئەسینا دەکات.

مەبەستی سەردانەکەی هایکۆ ماس، گفتوگۆی تایبەت بە کێشەکانی دەریای ناوەڕاست و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و یۆنانە؛ ئەڵمانیا لەم دۆسیەدا رۆڵی نێوبژیوان دەگێڕێت.

هەرچەندە پێشتر یۆنان داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کردبوو کاردانەوەی بەرامبەر تورکیا هەبێت، ئەگەر هاتوو ئەنقەرە بەردەوامبوو لە چالاکییەکانی لەو سنوورە ئاوییەی کە ئەسینا پێیوایە لە دەرەوەی سنووری ئەودایە لە دەریای ناوەڕاست، بەڵام جگە لە فەرەنسا وڵاتانی دیکە بەدەم داواکەی یۆنانەوە نەچوون.

ئەڵمانیاش کار بۆ ئەوە دەکات هیچ گرژییەک لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا روونەدات.

هەروەها کێشەی نێوان تورکیا و یۆنان دەبێتە کێشەی هاوپەیمانێتی ناتۆش، چونکە هەردووڵات ئەندامی ناتۆن و تەشەنەکردنی ئەو ئاڵۆزییانە درز دەخاتە نێو هاوپەیمانە سەربازییەکە. 

سەردانەکەی هایکۆ ماس بۆ تورکیا و یۆنان هەوڵێکی دیکەی ئەڵمانیایە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

هۆکارێکی سەرەکی کێشەکانی ئەنقەرە و ئەسینا تایبەتە بە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ناوەڕاست و هەوڵەکانی گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزە لەو سنوورە ئاویە لەلایەن تورکیاوە.

یۆنان دەڵێت، تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست سنوورە ئاوییەکانی دەبەزێنێت؛ داواشیکردووە یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت. فەرەنسا و قوبرس پشتیوانی خۆیان بۆ داواکەی ئەسینا راگەیاندووە. 

بەڵام ئەڵمانیا دەڵێت ئەوروپا پێویستی بەوە نییە گرژییەکی دیکە لە ناوچەکەدا هەبێت. ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "پێویستمان بە سەقامگیرییە، نەوەک گرژی. ئێستا دۆخێکی ئاڵۆز هەیە. من دڵنیام ئەگەر فەرەنسا و ئەڵمانیا پەیوەندی بەو هەوڵانەوە بکەن، چارەسەرێکی باش دەدۆزنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەروونی دەڵیین، هیچ هیرشێک بۆ سەر سەروەری خاکی وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا قبووڵ ناکەین". 

هایکۆ ماس لە سەردانەکەیدا نیگەرانییەکانی ئەوروپا سەبارەت بە چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچە ئاوییە ناکۆکی لەسەرەکان بە ئەنقەرە دەگەیەنێت و پێشنیازی گەڕی نوێی دانوستاندن بۆ چارەسەری کێشەکە دەکات. 

تورکیا چەند هەفتەیەکە دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوەش بە ئامانجی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزە.

هەینیی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان دۆزینەوەی نزیکەی 320 میلیار مەتر سێجا گازی سروشتی لە دەریای رەش راگەیاند.

ئەردۆغان گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بوونی خۆمان بە بەهێزترین شێوە پیشانبدەین لە هەموو بوارێکدا. تورکیا ئێستا هێز و ویستی هەیە و سەرچاوەی خۆی هەیە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت بێ ئەوەی پەنا بۆ سێبەری هیچ کەس ببات لە هیچ بوارێکدا".

هەروەها رۆژی دووشەممە، دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "لە هەرێمی دەریای رەش 320 ملیار مەتر سێجا سەرچاوەی گازی سروشتیمان دۆزییەوە. بە هەمانشێوە لە دەریای سپیشدا چاوەڕێی موژدەی هاوشێوە بکەن".

یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت رێگە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکانی یۆنان و تورکیا بگرێت، چونکە ئەو دوو وڵاتە مێژوییەکیان لە رووبەرووبوونەوە و ئاڵۆزی هەیە. ئەڵمانیاش سەرکردایەتی ئەو هەوڵە دەکات.

کریستۆفەر بورگەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە ئاڵۆزییەکان کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەبێت، ئەگەر ئەم ئاڵۆزییانە بەردەوام بن، لەوانەیە تەشەنەسەندنی دۆخەکە خراپتر ببێت و ئەنجامی مەترسیداری هەبێت". 

تورکیا و ئەڵمانیا لەسەر ئەوە رێککەوتبوون، ئەنقەرە دوای 23ی مانگ کەشتی ئوروچ رەیس لە گەڕان بوەستێنێت. بەڵام تورکیا ماوەی مانەوەی کەشتیی ئۆرووچ رەئیس لە دەریای نێوەڕاست تاوەکو 27ی مانگ درێژکردەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif