دەرگای خەزێنەکان بۆ گواستنەوەی مێسی دەکرێنەوە

ليست هناك تعليقات

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی یانەی بارسێلۆنا دەستپێکرد.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردەوە، یانەی مانچێستەر سیتی بە هەژمارە داراییەکانیدا دەچێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت تاوەکو چەند توانای کڕینی لیۆنێل مێسیان هەیە، بەبێ ئەوەی لە رووی یاسای یاریی خاوێنەوە تووشی کێشەببن.

مانچێستەر سیتی دەزانێت گواستنەوەی مێسی ئاڵۆزە، بەڵام ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە هەر بارودۆخێکدا بۆ گواستنەوەی ئامادەبێت و بەدوای ئەو پارەیەدا دەگەڕێت کە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێویستە، کە بەشێک لە ئەندامانی بارسا پێشوازی لە رۆیشتنی مێسی دەکەن، ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی پێشکێشکرا.

بارسێلۆنا لە بەردەم هەفتەیەکی یەکلاییکەرەوەدایە

رۆژی دووشەممەی داهاتوو، یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا لە پشووەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی یەکەم مەشق و راهێنانیان لەژێر سەرپەرشتی رۆناڵد کۆمان، راهێنەری نوێی یانەکەیان ئەنجامبدەن و خۆیان بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکەن، بەڵام ئەوەی هەمووان چاوەڕێی دەکەن، بڕیاری لیۆنێل مێسییە، کە دەبێت بڕیاری خۆی بدات بە مانەوە یان رۆیشتن، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پشووەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمان بەجێهێشت و میدیای ئیسپانیاش بڵاویکردەوە کە مێسی بە راهێنەرەکەی گوتووە، رۆیشتنی خۆی زیاتر لە مانەوە لە یانەکەدا دەبینێت، بۆیەش ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکە لە یانە کەتەلۆنییەکە ئەگەرێکی کراوەیەوە و رەنگە ئەوەی هاندەرانی بارسا چاوەڕێی ناکەن دواجار رووبدات.

هەڵوێستی بارسێلۆنا

هەڵوێستی فەرمی یانەی بارسێلۆنا ئەوەیە یانەکە بەهیچ شێوەیەک نایەوێت دەستبەرداری لیۆنێل مێسی ببێت، جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەکە دەڵێت، لیۆ چەندینجار گوتوویەتی دەیەوێت کاروانی یارییکردنی خۆی لە بارسێلۆنا کۆتاییبهێنێت، رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەکەش دەڵێت، مێسی بەردی بناخەی پڕۆژەی نوێی یانەکەیە و دڵخۆش دەبێت بە مانەوەی یاریزانەکە.

مێسی دەیەوێت تاقیکردنەوەیەکی نوێ ئەنجامبدات؟

لیۆنێل مێسی ئێستا تەمەنی 33 ساڵە، ئەو دەزانێت تەمەنێکی زۆری لە یاریگەکاندا نەماوە و رۆژ لە دوای رۆژ تەمەنی بەرەو هەڵکشانە، بۆیە چاوی لەوەیە دوایین ساڵەکانی یارییکردنی بەخۆشی بەڕێبکات و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان، ئەوەی ئێستاش لە بارسێلۆنا روودەدات و یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت بۆ ئەو مەبەستەی لیۆ هاوکار نییە.

بەم پێیە ئەگەرەکانی رۆیشتنی یاریزانەکە لە بارسێلۆنا زیاتر وەک لە مانەوە، بەڵام ئەوەی گواستنەوەی یاریزانەکە قورس دەکات، ئەو مووچە زۆرەی کە یاریزانەکە لە بارسا وەریدەگرێت، پرسیارەکەش ئەوەیە هیچ یانەیەک لەم بارودۆخەی ئێستادا دەتوانێت مووچەیەکی لەو شێوەیە بداتە مێسی؟

نرخی مێسی دیارنییە

هەرچەند مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا 700 ملیۆن یۆرۆیە، لە بازاڕی گواستنەوەدا ئەو یاریزانە ئێستا نرخەکەی دەگاتە 112 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام لە ئەگەری بڕیاردان بۆ رۆیشتن لە یانەکە، یانەی بارسێلۆنا ناچار دەبێت لەو مەرجەی خۆشببێت و نرخێک لەسەر ئەو یاریزانە دابنێت، بەڵام هێشتا هیچ نرخێک دیاری نەکراوە و کارگێری یانەکە چاوەڕێی هەڵوێستی مێسییە بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات و ئەوانیش لە ئەگەری بڕیاردان بۆ رۆیشتن، نرخێک لەسەر یاریزانەکە دابنێن.

گرێبەستی مێسی 

گرێبەستی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت، دوای زیاتر لە 20 ساڵ ژیان لەگەڵ بارسێلۆنا، ئەو یاریزانە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس و بڕیاری یەکلاییکەرەوەدایە، پێشتر لە بەندێکی گرێبەستەکەیدا هەبوو کە ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا بێبەرامبەر دەیتوانی لە یانەکە بڕوات، بەڵام ئەو وادەیە کۆتاییهات و ئێستا کار بەو بەندەی گرێبەستی یاریزانەکە ناکرێت، سەرچاوەکان دەڵێن، مانەوەی مێسی دوای ئەو دۆڕانە گەورەیەی بەرامبەر بایرن میونشن تووشیان بوو ئەگەرێکی زۆر لاوازە.

گواردیۆلا و مێسی

ئەگەر مێسی بڕیاری رۆیشتن لە بارسێلۆنا بدات، رەنگە مانچێستەر سیتی نزیکترین یانەبێت لەسەر ئاستی ئەوروپا بۆ بەدەستهێنانی بەهرە و تواناکانی یاریزانەکە، بەوپێیەی ئەوان خاوەنی پێپ گواردیۆلان و پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ مێسی هەیە، لە رووی یارییکردن و تێگەیشتنەوە ئەوان تەواو شارەزای یەکدین و بۆ یانەکەش گونجاو دەبن، ئەمە هێزێکی زیاتر دەداتە مان سیتی بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان بەتایبەتیش چامپیۆنزلیگ، هەرچەند گواردیۆلا زیاتر لە جارێک گوتبووی، بیر لە کڕینی مێسی ناکەنەوە، چونکە پێی وایە ئەو لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif