كۆشكی سەلام و سلێمانی دەبنە كاروان سەرا

ليست هناك تعليقات


سەلاح ئەحمد

كەمن ئەو سیاسیانەی لە هیچ دۆخێكدا پەڕاوێز ناخرێن و لە هەر جێگایەكبن ئەو جێگایە دەبێتە كاروان سەرای پەیوەندیەكان و سیاسەتكردن

جلال تاڵەبانی، لە تەمەنی سیاسی خۆیدا چەندین جار لە لێواری شكست گەڕاوەتەوە و گەشتۆتەوە لوتكەی سەركەوتن، بەبێ ئەوەی میراتی سیاسی بۆ بەجێمابێ، بەڵكو توانای سیاسی و دیبلۆماسی و نەفەس درێژی وایكرد، بگاتە لوتكەی دەسەڵاتی عێراق و لەو كاتەشدا كە سەرۆك كۆمار بوو وەك سەمیمی عێراق و كۆكەرەوەی هێزە ناكۆكانی عێراق ناوی دەهێنرا، تا ئەو ڕۆژەی كە نەخۆش كەوت و دوور كەوتەوە لە ئەركەكەی و تا كۆچی دوایشی كرد، مام جەلال سیاسیەكی چالاك و سەرۆكێكی دیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو

لە ئێستادا دكتۆر بەرهەم ئەحمد ساڵح، هەمان گڕوو تینی داوەتەوە بە كۆشكی سەلام و ئەو كۆشكەی كردۆتە مەركەزی بڕیار، ئەو هەمان ڕۆڵی تاڵەبانی دەگێڕێت لە بەغداد و لایەنە ناكۆكەكان پەنای بۆ دەبەن و بەیەك ئاست لێیانەوە دوورە، بەهۆی بوونی هەڵوێستی لە كاتی ناڕەزاییەكانی عێراق و نەچونە ژێر فشاری ئەو هێزانەی دژی خۆپیشاندەران بوون و ڕەدكردنەوەی ئەو كاندیدانەی كە لای خەڵكی خۆپیشاندەر پەسەند نەبوون، ئەگەر چی پشتیشیان هەبوو، سەرۆك كۆماری خستە نێو دڵی شەقامی ناڕازی و وایكرد كەسایەتیەكی قبوڵكراوی شەقامی عێراقی بێت و لەسەر و بەندی ناڕەزاییەكان و دواتریش بۆ دانانی سەرۆك وەزیران، كۆشكی سەلام بووبوە چەقی بڕیاری عێراق بۆ هەرسێ لایەنی سونی و شیعی و كورد، تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەش چاویان لەسەر عێراقە ڕوویان لە كۆشكی سەلام بوو بۆ چارەسەری دۆخەكە و نزیكبونەوەی ناكۆكەكان تا عێراق نەكەوێتە نێو گۆمی خوێن

سەرۆك كۆمار كە دێتەوە سلێمانی شارەكەی خۆیی، شوێنی مانەوەی دەبێتەوە ڕێگای سیاسیەكان و حیزبە سیاسیەكان چاویان لەسەر ئەوە بۆ دوا گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە.

سەرۆك كۆماری عێراق لە دۆخێكی زۆر هەستیار عێراقی لە سەر لولەی تفەنگەوە گەیاندەوە نێو كۆبونەوە سیاسیەكان و گفتووگۆی كردەوە بە كلیلی چارەسەر، چونكە عێراق لە لێواری شەڕی قورسی تایفی و ناكۆكی حیزبیدا بوو، ئەو كاتانەی ناڕەزاییەكان لەوپەڕی فراوانیدا بوون و بۆشایی لە بەرپرسیارێتیدا دروستبوو بوو سەرۆك وەزیران دەستی لە كار كێشابوویەوە، هێزگەلێكیش بۆ ئاوی لێڵ دەگەڕان تا ڕاوی خۆیان بكەن، بەڵام سەرۆك كۆمار و ئەوانەی كە نەیان دەویست عێراق بكەوێتە دۆخی شەڕی ناوخۆیی و تایفی و مەزهەبی و قەومی، قۆڵیان لێ هەڵكرد و نەچوونە ژێر فشاری هیچ لایەك و نەشیان هێشت دۆخەكە لەدەست دەربچێت

بۆیە ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە، كورد بتوانێ بەیەكدەنگی خۆی سود لە پێگەیی بەهێزی سەرۆك كۆمار وەربگرێت و هاودەنگانە بەتەنگ چارەسەری قەیرانەكانی هەرێم و بەغدادیشەوەبن تا هەرێمی كوردستان بەرەو سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەنگاو هەڵگرێ

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif