چالاكوانێكی دیاری ناڕەزاییەكان بۆ شاسوار عبدولواحید: خەڵك مەڕ نین

ليست هناك تعليقات


یەكێك لە چالاكوان و ڕێكخەرانی ناڕەزاییەكانی چەند ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە دەنوسێت:  هەر خۆپیشاندانێک شاسوار عبدالواحد بڕیاری لێدابێت هەمیشە ساردوسڕ و شپرز بووە ، دڵنیام ئێستا لێیشی بپرسیت ئەجێندا  و داواکاریی خۆپیشاندانەکەی چوار شەممە چییە و پلان بۆ دوای چوارشەممە چییە هیچ وەڵامێکی پێ نابێت

مامۆستا دانا عەبدول، چالاكوانی مەدەنی و یەكێك لە ڕێكخەرانی ناڕەزاییەكانی ڕابردوو، دەنوسێت: لێرەوە بە کاک شاسوار ئەڵێم ڕاوەستە و شێوازی بیرکردنەوە و کارت بگۆڕە چونکە خەڵک مەڕ نین

دەقی نوسینەكەی دانا عەبدول:-

خۆپیشاندان و چالاکیی ناڕەزایەتی چۆنە ! :
پێش ئەوەی بچمە سەر باسەکە بەپێویستی ئەزانم ئەوە بڵێم کە دەستخۆشی و پشتگیریم هەیە بۆ هەر دەنگێکی ناڕازی لەبەرامبەر ستەم و گەندەڵیی، بەڵام ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێ کە جێگەی ڕەخنە نیە..
چەندین ساڵە لە دەیان و سەدان خۆپیشاندان و چالاکی و ناڕەزایەتیی بەشدار بووم و ئاگاداری وردەکاریی ڕێکخستنی ئەو چالاکییانەم ، زۆرکەس وائەزانن ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانە هەر لەخۆیانەوە و بەبێ ماندوبوون و زەمینەسازی پێشوەخت ئەنجام ئەدرێت ، یەکێک لەو کەسانە بەڕێز ( شاسوار عبدالواحد )ـە !، وا ئەزانێ تەنها بڕیاردانی خۆپیشاندان هەموو شتێکە ، کە لەڕاستیدا پێش بڕیار دان پێویستی بە پلان و ڕاوێژ هەیە بەچین و توێژەکان و شوێنە جیاوازەکان، هەر بۆیە هەر خۆپیشاندانێک شاسوار عبدالواحد بڕیاری لێدابێت هەمیشە ساردوسڕ و شپرز بووە ، دڵنیام ئێستا لێیشی بپرسیت ئەجێندا  و داواکاریی خۆپیشاندانەکەی چوار شەممە چییە و پلان بۆ دوای چوارشەممە چییە هیچ وەڵامێکی پێ نابێت، دڵنیام ئەنجومەنی باڵای حیزبەکەیشی هیچ ڕۆڵێکیان لەو بڕیارەدا نیە و تەنها جێبەجێکارن ..
خۆپیشاندان و چالاکی سەرتاسەری پویستی بەبڕیاری دەستەجەمعی و ڕاوێژە بە نوێنەری سەرجەم شار و شارۆچکەکان ، نەک تەنها کەسێک خۆی بڕیار بدات و بیەوێ هەموو کەسیش گوێڕایەڵی بن ، بۆیە لێرەوە بە کاک شاسوار ئەڵێم ڕاوەستە و شێوازی بیرکردنەوە و کارت بگۆڕە چونکە خەڵک مەڕ نین ، بیرکردنەوە لەبری خەڵک و بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ کەسی تر تەنها لە دیکتاتۆرەکان ئەوەشێتەوە !..




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif