ترامپ چی بە گەورەترین هەڵەی ئەمریكا دەزانێت؟ عێراق لەو هەڵەدایە

ليست هناك تعليقات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە گەورەترین هەڵەی مێژووی ئەمریکا ناوبرد و گوتی کاتی راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە هاتووە.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، باسی زۆر پێشهات و گۆڕانکاری جیهان و بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی رووداوەکانەوە کرد.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە، تا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوە ئاگادار بکاتەوە کە ئەمریکا، ئابڵوقە نێودەوڵەتییە گشتگیرەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە.

ترەمپ ئاشکرایکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێگەی پۆمپەیۆوە ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایش دەکاتەوە، کە وڵاتەکەی میکانیزمی "سناپاک" لە بەرامبەر ئێراندا کارا دەکاتەوە، کە مانای سەپاندنەوەی سەرلەنوێ سزاکانە بەسەر تاراندا، ئەمەش لەبەر پێشێلکردنی پابەندییەکانی ئەو وڵاتە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر، کاریکردووە بۆ پاشەکشەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنە "کارەساتبارە ئەتۆمییەکە" لەگەڵ ئێراندا و گوتی ئەگەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بباتەوە "لە ماوەی مانگێک لە ماوەی دووەمی سەرۆکایەتییەکەم، ئێران دێت و داوای رێککەوتنێکی نوێ و زۆر خێرامان لێدەکات".

میکانیزمی "سناپاک" کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی + ئەڵمانیا ئاماژەی پێکراوە، روونیدەکاتەوە کە هەموو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە، ئەگەر یەک وڵاتی بەشداری رێککەوتنەکە، داوای سەپاندنەوەی سزاکان بکات بەهۆی پێشێلکاری ئێران بۆ رێککەوتنەکە.

لەبارەی ئەگەری ئاساییکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیکرد، سعودیەش هەمان هەنگاوی ئیمارات هەڵبگرێت و لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندی دروست بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەڵێ پێشبینی دەکەیت، سعودیەش هاوتای ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە؟ ترەمپ گوتی: "بەڵێ پێشبینی ئەوە دەکەم".

سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەمە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کۆببێتەوە، لەبارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا گوتی: "چوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەورەترین هەڵەیە لە مێژووی ئەمریکادا".

ئەو گوتی 17 ساڵە ئێمە وەک پۆلیس لەو وڵاتەین، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە حکومەتەکانی ناوچەکە خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif