وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە بەغدا دەکات لەسەر بودجە لەگەڵ هەرێم رێکبکەوێت

ليست هناك تعليقات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە بەغدا دەکات لەسەر بودجە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت. هەروەها دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان مەترسین بۆ ئەو وڵاتە و دەبێت پۆلیسی لۆکاڵی جێگەی ئەو گرووپە چەکدارانە بگرێتەوە.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن گوتی، "لەکاتێکدا عێراق لە جینۆساید و ستەمکارییەکانی داعش رزگاری دەبێت، ئەمریکا یارمەتی بوژانەوەی ئەو کەمینانە دەدات کە رووبەڕووی زۆرترین ستەمکاری بوونەوە، لەنێویاندا کریستیان، ئێزدی و شەبەک و نزیکەی نیو ملیار دۆلارمان بۆ بوژاندنەوەی دۆخی ئەو کەمینانە تەرخانکردووە". 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرووپە چەکدارەکان بە مەترسیی بۆ عێراق ناودەبات و گوتی، هێشتا کار ماوە بکرێت، گرووپە چەکدارەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی سەرۆکوەزیراندا نین ئاستەنگیان لە پێشکەوتنەکانیان دروستکردووە. هەروەها بەپێویستی دەزانێت بەزووترین کات پۆلیسی لۆکاڵی جێگەی ئەو گرووپە چەکدارانە بگرێتەوە، و دەڵێت، فوئاد حوسێنی دڵنیاکردووەتەوە کە دەتوانن لەو نێوەندەدا یارمەتیدەربن و یارمەتیشیان دەدەن.

سەبارەت بە چۆنیەتی یارمەتییەکانی واشنتن بۆ بەغدا، مایک پۆمپەیۆ گوتی، پاڵپشتییەکانیان لە یارمەتی مرۆیی خۆیان دەبیننەوە کە پێشکەش بە حکومەتی عێراقیان کردووە، هەروەها لە رۆژی جیهانیی یارمەتی مرۆیی کە ئەمڕۆیە، بە بڕی 204 ملیۆن دۆلاری دیکە یارمەتی مرۆیی وەکو کەرەستەی خۆراک و خواردنەوە و تەندروستی پێشکەش بە خەڵكی عێراق دەکەین. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە عێراق گوتی، هیوا بۆ ئەو رۆژە دەخوازن کە عێراق پێویستی بە پاڵپشتی دەرەکی نەبێت بۆ دابینکردنی بژێوی خەڵکی خۆی و پشت بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی ببەستێت. هەروەها رایگەیاند "هیوا بۆ عێراقێکی خاڵی لە گەندەڵی و عێراقێکی خۆشگوزەران دەخوازین؛ عێراقێک ئاوێتەی ئابووریی جیهان بێت". 

مایک پۆمپەیۆ لەبەشێکی قسەکانیدا باسی لە هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "داوام لە بەغدا کردووە لەسەر بودجە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت. قسەمان لەسەر کەرتی وزەی عێراق کرد، کە پاڵنەرێکی گەورەی پێشکەوتنی ئابوورییە لە عێراق، قسەمان لەسەر چەند رێککەوتنی وزە لەنێوان کۆمپانیاکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق کرد".

هەروەها لە تویتێکدا مایک پۆمپەیۆ جارێکی دیکە جەخت لە چارەسەرکردنی بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکات و پاڵپشتیی خۆی بۆ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە دەردەبڕێ. لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشدا هاتووە، پۆمپەیۆ، پاڵپشتیی تەواوی راگەیاند بۆ رێککەوتن لەسەر بودجە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسە هاوبەشەکەدا گوتی، ئەمڕۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆ ستراتیژییەکان لە نێوان شاندی حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەمریکا دەستیپێکرد.کۆبوونەوەیەکی گرنگ و باشیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و باسیان لە ژمارەیەک بابەتی گرێدراو بە بارودۆخی عێراق، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، رەوشی سیاسی بە گشتی و رەوشی هەرێمی و بابەتی گرێدراو بە پەیوەندییە ئابووریەکان و، چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووەو. 

هەروەها لەو گفتوگۆ ستراتیژییانەی کە ئەمڕۆ دەستیانپێکردووە، بەگوتەی فوئاد حوسێن، قسە لەسەر ئەو بابەتانە دەکرێت و جەخت لە پێکەوەکارکردن لە بوارە جیاوازەکاندا دەکرێتەوە.

فوئاد حوسێن گوتی: "ئێمە (ئەمریکا و عێراق) پێکەوە لە خەندەقێکدا دژی داعش شەڕمان کرد و هێشتاش لە هەمان خەندەقداین و پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە تیرۆریستەکان یان گرووپە چەکدارە تیرۆریستەکان لە عێراق. جەختمان لە بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنمان لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە". 

هەروەها لە دانوستاندنەکاندا جەخت لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان کراوەتەوە بۆ گەیشتن بە کاری هاوبەش لە بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە وزە. فوئاد حوسێن گوتی، بە هەندێ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و پێکەوەکارکردن لە نێوانمان گەیشتین لەو بوارانەدا، بەتایبەتی لە بواری کارەبا، نەوت، تەندروستی، رۆشنبیری و خوێندنی باڵا، هەر ئەمڕۆش واژۆ لەسەر ئەو یاداشتنامانە دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە لەوەی کە دانوستاندنەکان بەردەوامدەبن و لە داهاتووشدا "ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و هەردوو گەلدا". 

لەدوای قسەکانیان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان دایەوە و مایک پۆمپەیۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق گوتی، لە دیالۆگی سیاسیدا، جەختیان لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا و رێکخستنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە. پۆمپەیۆ گوتی، ئەمریکا پاڵپشتی لە عێراق دەکات کە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە هەنگاودەنێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها لەبارەی پاڵپشتیکردن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە گوتی، ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ عێراق کاربکات بۆ ئەوەی عێراقێکی سەلامەت و سەقامگیر دروستبێت، ئەمریکا پابەندی پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە و لەچوارچێوەی بەرنامەی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشاندنی داعش هاریکاری ئەو هێزانەیە. پۆمپەیۆ گوتی: "ئەمە بۆ ئەوەشە ئەو گرووپە میلیشیایانە بووەستێنین کە دەمێکە خەڵکی عێراق تیرۆردەکەن و سەروەریی نیشتمانی عێراقیشیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان". 

سەبارەت بە ناوچە شوێنەوارییەکانی عێراق و پاراستنیان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، داهاتوویەک دەبینن کاتێک گەشتیارانی ئەمریکی سەردانی ناوچە شوێنەوارییەکانی عێراق دەکەنەوە، کاتێک ژن و پیاوانی سەرباز لەنێو سوپاکانیاندا ئامادەی کۆلێژی سەربازیی یەکدی دەبن. قسەیان لەسەر ئەوەکرد کە ئەمریکا چۆن یارمەتیدەر بێت، عێراق بتوانێت پارێزگاری لە ناوچە شوێنەوارە کولتووری و فرەڕەنگییە ئایینییەکان بکات، پاڵپشتیش لە پەروەردەی عێراق بکات. 

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئێمە نەک تەنیا ئامانج و قوربانیدانی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵکو دیدگا و هیوای هاوبەشیشمان بەیەکەوە هەیە. ئەم بیروباوەڕە بنەمای کارکردنی هاوبەشە کە پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif