بازاڕی زێڕ لەم چەند رۆژەی رابردوودا ناجێگیرە و نرخەکان زۆر دەگۆڕدرێن. بانکی ناوەندی ئەمریکا هۆشداریداوە لەسەر شەپۆلی نوێی کۆرۆنا و رایگەیاندووە: بووژانەوەی ئابووری ئەمریکا پاشدەخات، ئەوەش تا رادەیەک بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ بەشێوازی کاتی بەرزبێتەوە، بەڵام چەندین هۆکاری دیکە هەن کە ئاراستەی نرخی زێڕیان بەرەو دابەزین هانداوە، ئەوانەش گۆڕانکاری لەسەر سوودی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن.
دوای ئەوەی نرخی زێڕ لە رۆژی چوارشەممە بە رێژەی 3.5% دابەزی، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە نرخی کاتیی زێڕ بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 1940 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام ئەوەی کە زۆر بەرچاوە، دابەزینی نرخی زێڕە لە گرێبەستەکانی مانگی داهاتوودا.
رۆژی پێنجشەممە 20-08-2020 نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی مانگی داهاتوو بە رێژەی 1.4% دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1943 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بانکی ناوەندی ئەمریکا بەنیازە لە رێگەی سیاسەتی نەختییەوە پلانی هاندانێکی گەورەی نوێی ئابووری رابگەیێنێت بۆ سنووردارکردنی زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری ئەمریکا و دەیەوێت ئەو پلانە بۆ ماوەیەکی درێژتر جێبەجێبکرێت.
تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا زیاتر لە 22 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. نزیکەی 800 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی رکابەری بە رێژەی 0.2% بەرزکردەوە. ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی زێڕ گرانتر دەستبکەوێت بۆ وەبەرهێنەران و دواجار نرخی زێڕی دابەزاند.
لەلایەکی دیکەوە قازانجی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزبووەتەوەوە، ئەوەش وایکردووە بازرگانان لە کڕینی زێڕ دووربکەنەوە و روو لە کڕینی ئەو قەواڵە داراییانە بکەن، ئەمەش هۆکاریکی دیکەیە لە پشت دابەزینی نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی مانگی داهاتوودا کە هێمایەکن بۆ داهاتووی نرخی زێڕ.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
یەک ئۆنسە زێڕ 31.1 غرام بە 1940 دۆلارە
یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 384 هەزار دینارە
یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 352 هەزار دینارە
یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 335 هەزار دینارە
یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 288 هەزار دینارە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق