محمد نوری
-
١-كاپتن ئارهەی لەسەرەتاكانی ساڵانی بیستی سەدەی پێشوو حاكمی عەسكەریی ئینگلیز دەبێت لەهەولێر ،پاش گەڕانەوەی كتێبێك دەنوسێت بە ناونیشانی دووساڵ لە كوردستان ،كە لەرووی مێژووییەوە كتێبێكی گرنگە.
لە پەرەگرافێكی كتێبەكەی باس لە جۆرە كەسانێك دەكات كە هاوشێوەی بندیواری ئێستان،ئەو دەڵێت :هەموو ئاغا و سەرۆك عەشیرەتێك كۆمەڵێك كەسی هەبوە كە پیاندەوتن خوبزە ،بەمانای نانخۆر ، یان دەستەی چەكدار ، ئەمانە لەماڵی ئاغادا دەژیان و لەوی نانیان دەخوارد و هیچ كارێكیان نەدەكرد تەنها چاودێری رێگەكانیان دەكرد وخەڵكیان روتدەكردەوە وباروكاروانی تاڵانكراویان بۆ ئاغا دەبردەوە ،ئەمانە ئاغاشیان ناشرین كردبوو .بەزمانی حاڵ خوبزە،
بندیوارەكانی ئێستان .
هەرێمی كوردستان پڕە لە بندیوار ،مەڵبەند ولق و كۆمیتە و مەكۆ ومەكتەبەكانی یەكێتی وپارتی وگۆڕان پڕن لە خانەنشینی گەورە (لیوا و عەمید وعەقید جمەی دێت لەژورەكان)ئەمانە موچەیان لەسەر ئەو بودجەیەیە كە هەرێم دایناوەبۆموچە. لەپاڵ ئەم لەشكرە لە روتبەی عەسكەریی ، كەسانێك هەن لە ناو حزبدا مەقامات دەڵێن بەڵام حكومەت لەسەرموچەی فەرمانبەری تاپۆ و نەخۆشخانە و كارەبا ومامۆستا ئەژماری كردوون . ئێستا باری ئەم سەدان هەزار خوبزەیە بەسەر شانی فەرمانبەر ومامۆستا وكارمەندانی ناوخۆ وتەندروستییەوەیە،جورئەتی سیاسیی وئیداریی پێویستە بۆ كۆتایهێنان .
بریاری راستی دەوێت ئەوانەی شایستە نین ولەسێبەری دیواری حزبدان بەڵام زیان بەكۆی خەڵك دەگەینن ،بیانبڕن وكۆتایی بەم گەندەڵییە بهێنن.
ناكرێت سكرتێری رێكخراو بە لیوا خانەنشین بێت و سكرتێری بەرپرس بە رائید و ئەندامی مەكتەب و ئەندام لق عەقید وعەمیدبن ،ئەم سوپا گەندەڵە بەبڕیاری بوێر دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە ،باری قورسی گەندەڵی چەند ساڵەی بندیوارەكانی سێبەری حزب لەسەرشانی حكومەت نەهێڵدرێت .جورئەتی سیاسی گەورە دەتوانێت بیكات .
٢-ماڵی سپی بۆ رۆژی رەش وەك قەتران
ویل دیورانت لە كتێبەكەیدا بەناوی كۆمەڵێ وانە لەبارەی مێژووەو لەبەشی (ئەخلاق ومێژوو )دەنوسێت :مرۆڤە سەرەتاییەكان هەر راوێكیان كردوبێت تا تێربون لە نێچیرەكەیان خواردوە دوای بەجێیان هێشتوە ،بیریان لەوە نەكردوە كە ئەوەی دەمێنێتەوە بیشارنەوە یان هەڵیگرن بۆ سبەی ،واتا بیركردنەوەی سبەی لە ناو مێشكیاندا نەبوە .
جەلال ئەمین كە یەكێكە لە بیریارە گەورەكانی بواری گەشەپێدان وئابوریی دەنوسێت :ژمارەیەك پسپۆری ئابوری دەچنە لای ئەنوەرساداتی سەرۆكی پێشوتری میسر داوای لێدەكەن كە گەنجینەی شاراوە دابمەزرێنێت بۆیە لە هەر قەیرانێكی گەورە پشتی پێببەسترێت ،ئەنوەری سەرۆك لەوەڵامدا دەڵێت:ئەمڕۆ هی منە رەنگە سبەی هی من نەبێت ،با ئەوانی تر چارەسەری بكەن.
هەمان بیركردنەوەی مرۆڤی سەرەتایی بۆ ژیان ،هەمان دیدگای سادات بۆ دەسەڵات لەناو حكومڕانی كوردیدا دوبارەبوەتەوە ،كابینەكانی پێشوتر باری گەورە بۆسەرباری ئەوەی تر زیادكردوە ،هیچ كەس خەمی پڕكردنی خەزینەی حكومەتی نەبوە،كەس پلانی نەبوە كە سبەینی لە قەیرانی گەورەدا چی بكرێت؟ هەمووی هەوڵی داوە ئەمڕۆی خۆی مسوگەربكات ،كە پلانی دورمەدای كاركردن و بەرنامەی دروستی ئابوری نەبوو ،حكومەت قاسەی بەتاڵ بۆدەمێنیتەوە،لەبەرامبەردا حزب وكۆمپانیا و بەرپرسەكان پڕدەبن .
قەرزی گەورە درا بە كۆمپانیاكان لە پاڵیدا وتەخشانكردنی پارە لە هەندێ پرۆژە و بەرنامەدا پێشوتر كراوە ئەمانە بنە گیایەكیان بۆ حكومەت سەوزنەكردوە بەڵكو ئێستا بوەتە بار ، لەسەروو ئەمانەوە گرێ بەستە زەبەلاحەكانی پێشوو شانی حوكمەتیان شكاندوە ،بەواتای هیچ بەرنامەیەك بۆ سبەی نەبوە،ئێستاش حزب قەت ئامادەنییە دەستبەرداری داهاتی كاكەكانی خۆی بێت بۆ باشكردنی ژیانی خەڵك.
زۆربەی ماڵەكانمان بامی وتەماتە وباینجان وشك دەكەن بۆ زستان ، ئەم وانەیە سادە نەبوەتە پەندێك لەدوای دامەزراندنی حكومەتەوە دوای روداوی ١٩٩١(كە پیدەوترێت راپەرین) جی بەجێ بكرێت ،چونكە هەموو سەرۆك حكومەتەكان بەس ئەمڕۆیان بینیوە تا ژیانی ئابوری وسیاسی خۆیان مسوگەر بكەن ،سبەی چی لێدیت جاڕ بە جەهنەم . حكومڕانیی وپارتیزانیان نەوتوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق