ڕانیە وەک مۆدێل

ليست هناك تعليقات

عەزیز ڕەئووف
-
نزیکەی سی ساڵ پێش ئێستا خەڵکی ڕانیە ڕاپەڕین و ڕژێمی بەعسیان گۆڕی بە دەسەلاتێکی کوردی خۆماڵی، لە ئێستاشدا نەوەی دوای ڕاپەڕینی ڕانیە کێشەی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە هەیە کە خۆیان بە ڕاپەڕین دروستیان کرد. 

ئەگەر ڕانیەییەکان سی ساڵ پێش ئێستا فریای ئەوە نەکەوتبن چۆنێتی ئەو دەسەڵاتە بدەنە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە کە دوای بەعس دێت، ئەوا لە ئێستادا ڕانیەییەکان (کە لەم چەند ڕۆژەدا لە هەموو شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستان نەفەسدرێژتر و ڕادیکاڵتربوون) پێویستیان بەوە هەیە بە دەستێک ناڕەزایی و بە دەستەکەی تر ستۆپ بە هەر هێزێکی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بکەن کە بیانەوێت سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکان بن. ڕانیەییەکان نابێت هەڵەی سی ساڵ پێش ئێستا دووبارە بکەنەوە بەوەی کە بێ قەلەقبوون هێزێک بێننە سەر کورسی دەسەڵات، بەڵکو ئەرکی گەنجانی ڕانیەیە لە ئێستادا خۆیان بن بە هەموو خەم و نیگەرانی و توڕەبوونەکانیانەوە و ڕێگە نەدەن نیگەرانیەکان بکرێنە بەرژەوەندی حزبی.

هیچ هێزێک نیە بەڕاستی لەم نەوە توڕەیە تێبگات، بۆ گەنجانی ڕەنیە گرنگە چاوەڕێی فریادرەس نەکەن و خۆیان ئەنجومەنی ناڕەزایی لەناو خۆپیشاندەراندا دروست بکەن و خۆیان ڕێک بخەن و وریا بن لە دەمامک و خەڵکی دوو دەم و چاو کە هەم هێزەکانی دەسەڵات بۆ ناویان بیاننێرن هەم هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات کە چاویان لە حەجمی ناڕەزاییەکانتانە تاچەند گەورە بێت و خۆیان بکەن بە خاوەنی. 

توڕەیی گەنجانی ڕانیە لەم چەند ڕۆژەدا گورزێکی گەورەی لە بۆینباخ لەمل و ئەکادیمی و پرۆفیسۆرە بەرخۆرەکانی هەرێمی کوردستان دا. ئەم مۆدێلەی ڕانیەییەکان پێی وتین ئیدی دەکرێ مۆدێلی ناڕەزایی شارۆچکەکان بگوازرێتەوە بۆ شارە گەورەکان. ئەم توڕەبوونەی ڕانیە پرسیاری جدی دروست کرد ئیدی سەردەمی گەنجی ڕادیکاڵە نەک ئەکادیمی و مامۆستا و پیاوی ئاینی و ڕۆشنبیری ڕامکراو و بێدەنگ و قەڵەو بەدیار دەسکەوتە مادییەکانەوە. ئەم گەنجانە کارێکیان کرد کە دەبێت لەوانەوە فێری توڕەبوونی ڕادیکاڵ و ڕەتکردنەوە و دژە بێدەنگی بین. 

دەکرێ لە گەنجانی ڕانیەوە فێری ئەوە بین دیموکراسی بوونی یەکێتی لە ساحەی قەڵەمڕەوی ئەم هێزە بەس بۆ دژە پارتی قبوڵکراوە. پێی وتین کە بەڕاستی یەکێتی خاوەن دوو سەرۆک یارییەکی بێتام دەکا، سەرێکی لە سەری ڕەشە و بارزانی بە براگەورە وەسف دەکا، سەرێکی لێرە بەناوی شێخی گەورەوە قسە بە پارتی دەڵێ و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و سەرۆکی پارلەمانی لەگەڵ پارتی کێک دەخۆن و بەشێک لە پارلەمانتار و چاودێر و کادرەکانیان دژ بە پارتی لێدوان دەدەن و بەڵتەجیەکانیشیان لە ڕانیە لە گەنجانی ئەو شارە دەدەن و مێردمنداڵ لە باوەشی دایک دەڕفێنن. ئەم یارییە بێتامەی یەکێتی تا سەر ناچێتە سەر و ڕووی دزێوی ئەم سیاسە بەڵتەجیە هەڵدەماڵرێ و گەنجانی ڕانیە دەبێت لەم سیاسەتە دووڕوویە ئاگادار بن.

لە ئێستادا هیچ هێزێکی عەقلانی و خاوەن جیهانبینی و ڕوئیای جیاواز لە مێنتاڵێتی یەکێتی و پارتی لەئارادا نیە و ناکرێ ئەم ناڕەزاییانە لە ئێستادا بە هیچ هێزیکی سیاسی بسپێردرێ، بەڵکو گرنگە گەنجانی ڕانیە لەسەر ئەم جۆرە لە نیگەرانی و ڕەتکردنەوە و نەفەسدرێژیە بەردەوام بن و خۆیان بن و چاوەڕێی فریادرەس نەکەن.

هاوڕێیەک ڤیدۆیەکی خۆپیشاندانەکانی ڕانیەی بۆ ناردووم گەنجێک لە کاتی تەقەی هێزە بەڵتەجیەکانی دەسەڵات بە هاوڕێکەی دەڵێ: (دە مەچۆرەوە با ئێوارە لە خزمەتتا بین).لە ناو تەقە و بەرد و بۆنی باروتدا ڕانیەیەکان خزمدۆستی و ئینسانیەتی خۆیان نەدۆڕاندووە و نانی ئێوارە لەگەڵ ئەوی تردا بەش دەکەن.

ئیًَستادا هەموومان ڕانیەییبوونێک قەرزارین، ڕانیەی پڕ لە سەرکێشی و ڕەتکردنەوە و دژە بێدەنگی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif