هێرشبەرانی پاریس واژۆیان لەسەر مەرگی یانەکەیان کرد

ليست هناك تعليقات

کۆتایی بە دوودڵییەکان هات، بایرن هەمووانی دڵنیاکردەوە کە ئەو باشترین و شایستەترین یانەی ئەوروپایە بۆ پاراستن و لە ئامێزگرتنی پڕبایەخترین نازناوی مێژووی کیشوەرەکە، لە کۆتاییدا و دوای 342 رۆژ، چامپیۆنزلیگ گەیشتە فایناڵ و بایرنیش بە سروودی میا سان میا ماڵئاوایی لێکردین و جامە دوو گوێیەکەی بردەوە بۆ باڤاریا.

یارییەکە دەستیپێکرد و نەیمار هەلی ژیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە خولەکی 18 خۆی دیوارەکەی نۆیەر مانەوە، بەڵام وەک هەمیشە دوارەکە سەرکەوت، سێ خولەک دوای ئەو هەلە، لیڤاندۆڤسکی بایرن هێنا نێو کەشی یارییەکەوە دوای ئەوەی تۆپێکی لە ستووندا.

کەچی دیماریای ئەرجەنتینی هەموو دانیشتوانی پاریسی بێهیواکرد، دوای ئەوەی پاسێکی جادوویی لە هێرێراوە پێگەیشت و نەیتوانی بیکات بە گۆڵدا.

لیڤا بەردەوامبوو لە بەفیڕۆدانی هەلەکان، بەڵام ئەوەی کارەسات بوو ئەوەبوو کە هێرشبەرانی پی ئێس جی بە دەستی خۆیان واژۆیان لەسەر مەرگی خۆیانکرد و ئێمباپێ ئاسانترین هەلی یارییەکەی لەدەستدا و ساویلکانە تۆپەکەی بۆ نۆیەر هەڵدا.

بەگشتی لە نیوەی یەکەمی یارییەکدا یانەی بایرن میونشن کۆنترۆڵی تۆپی لەلابوو، بەڵام پاریس مەترسیداربوو، هەلی زیاتریان بۆ گۆڵەکەی نۆیەر هەبوو.

نیوەی دووەم کاتی دەرکەوتنی پاڵەوان بوو، ئەزموون کاری خۆیکرد و بایرنی پێشخست، دوای ئەوەی لە خولەکی 59 جۆشوا کیمیچ ئاسیستێکی نموونەیی بۆ کینگسلی کۆمان کرد و ئەویش بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد.

دوای ئەم گۆڵە ریتمی یارییەکە خاو بووەوە و باڤارییەکان بە هێنانە دەرەوەی نابری و کۆمان، هێنانەناوەوەی پێریشیچ و کۆتینیۆ، توانیان کۆنترۆڵی تۆپ زیاتر لای خۆیانبێت و هێرشەکانی پاریسیان خاوکردەوە، ئەمەش وایکرد کە ماندوێتی بە رووی یاریزانانی پاریسەوە دەربکەوێ.

مارکینۆسیش چووە ریزی ئەو یاریزانانەی کە کار و پیشەیان هەل فەوتاندنە، لەدوای ئەویش ئێمباپێ و نەیمار و مۆتینگ هەوادارانی پاریسیان بێهیواکرد و یارییەکەیان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام دۆڕاند.

بەمەش بایرن میونشن بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکەی بردەوە، 21 یارییە لەسەریەک دەیباتەوە و لە ساڵی 2020 هیچ دۆڕانێکی نییە، تاوەکو وەرزی نوێ سروودی میا سان میا لەسەر زاری هەوادارانی ئێف سی هۆڵیوود دەبێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif