بۆچی بەشێک لە رزگاربووانی کۆرۆنا قژیان هەڵدەوەرێت؟

ليست هناك تعليقات


بەگوێرەی راپرسییەک کە لە ماڵپەڕی (‌Healthline) بڵاوکراوەتەوە، بەشێک لە رزگاربووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا باس لە گرفتی هەڵوەرینی قژیان دەکەن.

ئالیسیا میلانۆ، رزگاربوویەکی کۆرۆنایە لە ئەمریکا، ڤیدیۆیەکی خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە لەو کاتەی قژی شانە دەکات و ئاماژە بە هەڵوەرینی بڕێکی زۆری قژی دەکات و دەڵێت، "ئەمە قژی منە، سەیربکەن چۆن هەڵدەوەرێت، تکایە ماسک ببەستن."

هەرچەندە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا هەڵوەرینی قژی نەکردووەتە یەکێک لە نیشانەکانی کۆرۆنا، بەڵام پزیشکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کۆرۆنا دەکرێت چەندین لێکەوتی درێژخایەنی لەسەر جەستە هەبێت.

ئالیسیا میلانۆ، تاکە رزگاربووی کۆرۆنا نییە کە دوای چاکبوونەوە تووشی وەرینی قژی ببێت، بەڵکو بەگوێرەی ئەو راپرسییەی لەلایەن رزگاربوویەکی دیکەی کۆرۆنا کە چالاکڤانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشە بە ناوی دایانا بێرێت ئەنجامدراوە، 1700 تووشبووی کۆرۆنا باس لە گرفتی هەڵوەرینی قژیان دەکەن.

د. دێنی ئێنگلمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە مەنهاتەن دەڵێت، ئێستا ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی سەردانی نۆڕینگەکانمان دەکەن و گرفتی هەڵوەرینی قژیان هەیە، ئەگەر بەراورد بکەین بە رابردوو، رێژەی سەردانیکردنی ئەوانی بەدەست وەرینی قژ دەناڵێنن ٪25 زیادیکردووە، کە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکەین زۆربەی دژەتەنیان دژی ڤایرۆسەکە هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە تووشی ڤایرۆسەکە بوونە و لێی چاکبوونەتەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ڤایرۆسی کۆرۆنا راستەوخۆ کاردەکاتە سەر قژ و دەبێتەهۆی وەرینی قژ، بەڵام پزیشکان پێیانوایە ئەو گۆڕانکارییە جەستەییانەی لە کاتی نەخۆشکەوتن روودەدەن لەگەڵ ئەو گوشارە دەروونییەی تووشبووەکە هەیەتی هۆکارن بۆ هەڵوەرینی قژ.

پزیشکە ئەمریکییەکەی پسپۆڕی پێست روونیدەکاتەوە، زۆرجار دەکرێت دوای چەند مانگێک تووشبوون بە نەخۆشییەک یان ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک یاخود بوونی تایەکی بەرز کەسێک تووشی هەڵوەرینی قژ بێت.

پزیشکانی ئەمریکی داوادەکەن، ئەوانەی گرفتی هەڵوەرینی قژیان هەیە، سیستەمێکی خۆراکی رێکیان هەبێت کە پڕبێت لە ڤیتامین و بەها خۆراکییەکان هەروەها سەردانی پسپۆڕی پێست بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەکەیان بکات.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif