ئەو سیخوڕە موسڵمانەی تەخت و تاراجی نازییەکانی هەڵتەکاند‌

ليست هناك تعليقات


نورخان ئەو کچە موسڵمانەیە بەریتانییەکان ناردیانە پاریس بۆ هەڵتەکاندنی نازییەکان، کە دەستیان بەسەر فەڕەنسادا گرتبوو، ئەو کە بە لێهاتووییەکی دەگمەنەوە کاری دەکرد، سەرەڕای هەموو مەترسییەکان راکردنی لە دەست نازییەکان رەتدەکردەوە تاکو دەستگیرکرا، بەڵام بۆ بەدەستهێنای ئازادی لە زیندان هەڵهات و دواتر دەستگیرکرایەوە. نورخان کێیە و چارەنووسی چی بوو؟

لەدایکبوون لە کڕێوەدا
لە زستانی سارد و کڕێوەی موسکۆدا، لە یەکی کانونی دووەمی ١٩١٤ کچێک چاو بە دنیا هەڵدێنێت، کچێک کە پاڵەوانی ئەم چیرۆکەیە و باوکی هندییەکی موسڵمان و دایکیشی ئەمریکییە، بەڵام دڵنیایی نییە لەبارەی ئەوەی دایکی موسڵمان بووە یان نا.

نور لە ماڵێکی هێمن و ئارامدا گەورە بووە، باوکی سۆفیی بووە و ئارەزووی لە مۆسیقا بووە، لە باوکییەوە فێری ژەنینی چەند ئامێرێکی مۆسیقا بووە، باپیریشی سوڵتانی (تیپو) بووە و ئامادە نەبووە بچێتە ژێر رکێفی بەریتانییەکان، لە دژی داگیرکەران شەڕی کردووە و کوژراوە. 

لە مۆسکۆوە بۆ پاریس
ئەم رابردووەش وای لە نورخان کردووە، لەسەر بەهای لێبوردەیی و رەتکردنەوەی توندوتیژی و داگیرکاریی پەروەردە ببێت، هەمیشەش داوای سەربەخۆی هندستانی لە دەسەڵاتی بەریتانیا کردووە. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلیش لە روسیا، خێزانەکەی روویان لە بەریتانیا کرد، لەوێشەوە ساڵی ١٩٢٠ روویان لە فەڕەنسا کرد. نور لە فەڕەنسا دەستی بە خوێندن کرد لە بواری دەرونزانی منداڵان لە زانکۆی سۆربۆن. چەند کتێبێکیشی لەبارەی منداڵانەوە بڵاوکردەوە، لەنێویاندا کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی "چیرۆکەکانی جاتاکا"، لە رۆژنامەی "لۆ فیگارۆ"ش ستونێکی هەبوو، کە تێیدا چیرۆکی لەبارەی منداڵانی هندییەوە بڵاودەکردەوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە ژیانی نورخان بە تەواوی گۆڕا، ژیانە خۆش و ئارامەکەی سەروژوور بووەوە. کاتێک لە ئایاری ١٩٤٠ سوپای نازییەکان خۆیان بۆ داگیرکردنی فەڕەنسا ئامادە دەکرد، کەوتە بەردەم هەڵبژاردنی سەختەوە؛ نور لەو کەسانە بوو کە بڕوای بە یەکلاکردنەوەی کێشەکان هەبوو بە رێگای ناتوندوتیژی، بەڵام کاتێک وێرانکاری و ئاژاوە ئەورووپای گرتەوە، بڕیاریدا وەک تەماشاکەرێک نەمێنێتەوە و بە رێگای تایبەتی خۆی ئاشتی بەدیبهێنێت.

لە چیرۆکنووسیی منداڵانەوە بۆ سیخوڕێکی بە ئەزموون
دوای خۆرادەستکردنی فەڕەنسا بە ئەڵمانیای نازی، نورخان بە هاوکاری خێزانەکەی هەڵهات بۆ بەریتانیا و لەم کارەشدا کەسە نزیکەکانی هاوکارییان کرد، لە بەریتانیا وەک خۆبەخش لە هێزی جێگرەوەی ئاسمانی ژنان دەستی بە کار کرد، راهێنانی لەسەر ئیشپێکردنی رادیۆ دەکرد، لە بواری پڕۆسەی بێتەل و کۆدی "مۆرس"دا کاری دەکرد، بەڵام نەیدەزانی لەلایەن سیستمێکەوە چاودێری دەکرێت.

ئیدارەی پڕۆسە تایبەتەکانی بەریتانیا سەرنجی خستە سەر ئەم راهێنەرە نوێیە، ئەمەش بەهۆی شارەزاییەکەی ئەم کارپێکەرە رادیۆییە لەبارەی پاریسەوە و رەوانیی زمانە فەڕەنسییەکەی. 

پێشکەوتنەکانی نورخان وای کرد بچێتە ناو ئەو رێکخراوەی وینستۆن چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا دروستیکرد و تایبەت بوو بە وێرانکردن و هەڵتەکاندنی نازییەت لەو دەوڵەتانەی کەوتبوونە ژێر داگیرکەریی ئەڵمانیا، نورخان لە کۆتاییەکانی ١٩٤٢ بە فەرمی چووە ناو ئەم دەزگایەوە.

یەکەم کاری هەواڵگریی
لە هاوینی ساڵی داهاتوودا و بە دیاریکراوی لە حوزەیرانی ١٩٤٣ کاتی ئەنجامدانی یەکەم ئەرکی ژیانی هەواڵگریی خۆی بوو؛ داوای لێکرا سەردانی فەڕەنسا بکات و لەوێ کار لە رادیۆی تۆڕی بەرگریی "پرۆسپەر" بکات لە پاریس، بەشێک لەوانەی راهێنانیان بە نورخان کردبوو دڵنیا نەبوون لە ئاستی تواناکەی، بەتایبەت ئیشکردن لەبواری پڕۆسەی بێتەلدا لە کارە هەرە مەترسیدارەکانە لە کاری هەواڵگرییدا.

لەگەڵ ئەوەی دەیزانی ئەگەر دەستگیر بکرێت و ئاشکرا بکرێت رێکخراوەکەی ناتوانێت بیپارێزێت، بەڵام کارەکەی پەسەند کرد و ئەنجامیدا.

کارەکەی لە فەڕەنسا
نور رووی لە شاری (Angers) کرد لە لە باشوری خۆرئاوای پاریس، بۆ رێگاکەشی پاسپۆرتێکی ساختەی بەکارهێنا، ناوەکەی لە پاسپۆرتە ساختەکەدا مادلین بوو، نورخان دەمانچەیەکی پێبوو لەگەڵ چەند فڕانکێکی فەڕەنسی، کارەکەی بە هاوکاری چەند هاوکارێکی دەکرد، لەسەری پێویست بوو لە خاکی دوژمندا ئامێرێکی پەیام ناردن جێگیر بکات، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەشی راهێنانی پێکرابوو لە بوارەکانی هونەری هەواڵگریی، چۆنییەتی پەیوەندیکردنی بە تۆڕەکانی هەواڵگریی، شیکردنەوەی کۆد، خۆڕاگریی لەکاتی لێپرسینەوە و تەقەکردن.

ئەو کاتەی لە خاکی فەڕەنسا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکەکانی دەبێت، هەواڵێکی پێدەگات لەبارەی ئەوەی سیخوڕێکی سەر بە دەزگای هەواڵگریی نازی چووتە ناو تۆڕی ئەو هەواڵگرانەی کە نورخان ئیشی تێدا دەکرد و ئاشکرایکردوون، لە ماوەی یەک هەفتەشدا دەزگای گێستاپۆ (سەر بە نازییەکان) هەموو هاوکارە سیخوڕەکانی نورخانی دەستگیرکرد، بۆیە داوا لە نورخان کرا بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، چونکە ژیانی لە مەترسیدایە.

لەبری گەڕانەوە و رزگارکردنی ژیانی و هەڵهاتن لە فەڕەنسا، نورخان بەرپرسەکانی سەرووی خۆی قایل کرد بەوەی لە فەڕەنسا بمێنێتەوە، بەرپرسارییەتی بەڕێوەبردنی کارەکانی تۆڕی هەواڵگریی بەریتانیا لە تەواوی پاریس لەئەستۆ بگرێت و خۆی کارەکان بەڕێوە ببات. 

لە مانگەکانی دواتردا نورخان توانی زانیاری بگەیەنێتە هێزی بەرگری فەڕەنسییەکان و لەبارەی چالاکییەکانی نازییەکانیشەوە راپۆرت بگەیەنێتە لەندەن، ئەوە جگە لەوەی توانی رێگایەکی ئاسایش و ئارام بۆ تێپەڕینی هێزی سەربازی هاوپەیمانان دابین بکات، ئەم کارانەشی بوون بە رێگەخۆشکەر و بنەما بۆ هێزی بەرگری فەڕەنسا و تۆڕی هەوڵگری هاوپەیمانان لە سەرکەوتنەکانیان، لە دەرئەنجامیشدا جەنگ بە شکستی نازییەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانان کۆتایی هات.

نورخان بە توانا و لێهاتوییە تایبەتەکەی توانیویەتی لە چەند شوێن و کاتێکدا ژیانی خۆی رزگار بکات؛ ئەو کاتەی دەزگای گێستاپۆی نازییەکان لە ناو شەمەندەفەرێکدا بە دوایدا دەگەڕان، خۆی بەوە سەرقاڵ کرد کە خەریکی ئامێری ئیشپێکردنی فیلمە، کە سەربازەکانیش بینیان لە شەمەندەفەرەکە ئامێری هەوایی پەیام ناردن جێگیر دەکات، بەوە سەرقاڵی کردن کە لە رادیۆکەدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت، تەنانەت توانی بەکاریان بهێنێت لە دانانی ئامێرە بێتەلەکەیدا. 

نورخان لە ماوەی ساڵانی کارکردنیدا وەک کارمەندێکی هەواڵگری چەندین جار شێوە و ناوی خۆشی گۆڕیوە.

ئیرەییەکی کوشندە
لە ماوەی چوار مانگی کارکردنیدا لە پاریس، زیرەکییە تایبەتەکەی بەلاڕێیدا نەبرد و خاوی نەکردەوە لە کار، بەڵام سەرنجڕاکێشییەکەی تووشی کارەساتی ئیرەیی کرد، ئەوەش کاتێک لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ خانمێکی فەڕەنسی دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ ئەو سیخوڕەی کە نوری خۆشدەویست، کچە فەڕەنسییەکە بۆ ئەوەی خۆشەویستەکەی نور بەدەستبهێنێت و رێگای گەیشت پێی ئاسان بکات، ناوی نورخانی بە دەزگای هەواڵگری نازییەکان دا و دەستگیریان کرد.

هەڵهاتن لە زیندان
نورخان کۆپییەکی هەموو کۆدەکانی لای خۆی هەڵگرتبوو کە بۆ لەندەنی ناردبوو، بەم جۆرەش ئەڵمانەکان لە رێگەی رادیۆ تایبەتەکەی نورەوە بەریتانییەکانیان خەڵەتاند و بە ناوی نورەوە داوای ناردنی کارمەندی نوێی هەواڵگرییان کرد، ئەڵمانەکانیش لە چاوەڕوانی ئەو کارمەندە نوێیانەی بەرینتانیا بوون تاکو بگەن و دەستگیریان بکەن.

لە کاتی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا نورخان رەتیکردەوە هیچ زانیارییەک بدرکێنێت و تەنها خەیاڵی لای هەڵهاتن بوو، لە کۆتاییشدا توانی هەڵبێت، ئەوەش لە ڕێگەی دزینی برغوکەرەوەیەک لە یەکێک لە پاسەوانەکان، کە توانی لەو رێگەیەوە سەقفی ژوورەکەی بکاتەوە و لە تاریکی شەودا هەڵبێت.

دەستگیرکردنەوە و گولەبارانکردن
دوای هەڵهاتنی نازییەکان زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا بۆ دەستگیرکردنەوەی، دوای چەند کاتژمێرێک توانرا دەستگیربکرێتەوە، نورخان نێردرا بۆ زیندانی (Pforzheim) لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٣، لەوێ خرایە ژووری تاکەکەسییەوە، سەرەڕای هەموو ئەشکەنجەدانەکانیش هیچ زانیارییەکی نەدرکاند.

لە ئەیلولی ١٩٤٤ نورخان و سێ هاوڕێیان گواستەوە بۆ سەربازگەی دەستگیرکردنی (Dachau) لە ئەڵمانیا، لەوێ فەرمانی گولەبارانکردنیان بەسەردا سەپێندرا، پێش گولەبارانکردنی هاواری دەکرد "ئازادی".

یادکردنەوە
لە ئەنجامی ئەو پاڵەوانییەتییەی بۆ هێزی هاوپەیمانان ئەنجامیدا، رێزی لێگیرا و وەک پاڵەوانێک ناوی هێندرا کە لە پشت سەنگەرەکانی دوژمنەوە کاری کردووە. شاژنی بەرینتانیاش مەدالیای "خاچی جۆرج"ی پێبەخشی، کە بەو کەسانە دەدرێت کاری درێژ و دەگمەنیان ئەنجامداوە.

لە مەیدانی )گۆردن)ی ناوەڕاستی لەندەنیش پەیکەرێکی بۆ دروستکرا و بە ئامادەبوونی فیلیپی هاوسەری شاژنە ئێلیزابێس پەردەی لەسەر لادرا.

فەڕەنساش مەدالیای "خاچی جەنگ"ی بە نورخان بەخشیوە و ساڵانە یادی دەکاتەوە.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق