لە تورکیا خانمە پارێزەرێکی سەر بە کۆمەڵەی یاساناسانی هاوچەرخ کە نزیکەی دوو ساڵ بوو لە زیندان بوو، دوای 5 مانگ مانگرتنی لە خواردن ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 27ی ئابی 2020 گیانی لەدەستدا.
ئەبرو تیمتیک، کە لە هەمانکاتدا ئەندامی بارۆی ئیستەنبووڵ بوو لەگەڵ پارێزەرێکی دیکە بەناوی ئایتاچ ئوناڵ کە ئەندامی بارۆی ئەنقەرەیە رۆژی 12ی ئەیلولی 2018 لەسەر گوتەی گەواهیدەری نهێنێ خرابووە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ.
ئەو دوو پارێزەرە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە بەرەی پارتی رزگاری شۆڕشگێڕی گەل" کە پارتێکی چەپی تورکە و دەوڵەتی تورکیا بە رێکخراوێكی تیرۆریستی ناوی دەبات، هەروەها دامەزراندنی "رێکخراوی تیرۆرستی و بەڕێوەبردنی" سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
ئەبرو تیمتیک 238 رۆژ پێش ئێستا داوای کرد دادگاییەکی دادپەروەرانە بکرێت، ئەگینا مان لە خواردن دەگرێت.
لە 20ی ئاداری 2019 پرۆسەی دادگاییکردنی 18 ئەندامی ئەو پارتە چەپە تورکە کە ئەو خانمە پارێزەرەشی لە نێودا بوو لە 37ەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.
دادگا بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تیرۆر و بەڕێوەبردنی" هەروەها "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆر" ئەو 18 کەسەی سزا دا، کە سزای سەرجەمیان 159 ساڵ بەندکردن بوو.
دوای ئەم بڕیارەی دادگا ئەبرو تیمتیک کە سزای 13 ساڵ و 6 مانگ زیندانکردنی بۆ درابوو لەگەڵ ئایتاچ ئوناڵ و چەند پارێزەرێکی دیکە لە 5ی شوباتی ئەمساڵ مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند. ئەبرو تیمتیک لە 5ی نیساندا رایگەیاند کە مانگرتنەکە گۆڕیوە بۆ مانگرتن تاوەکو مردن، لە 238ـەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا گیانیلەدەستدا.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی دوای ئەوەی تەرمەکەی رادەستی خێرانەکەی دەکرێت کاژێر 12:00 لە بەردەم بارۆی ئیستەنبووڵ رێوڕەسمێکی بۆ سازبکرێت، دواتر تەرمەکەی هەر لە ئیستەنبووڵ بەخاک بسپێردرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق