وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، داعش لە زۆر ناوچەی عێراق دەستی بە هێرش و پەلامار کردووەتەوە. وەزیری بەرگریی فەرەنساش پشتیوانیی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پشتیوانیکردنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاوتوێکراوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی فەرەنسای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەکاتی شەڕی داعش. ئاماژەی بەوەشکرد، داعش لە زۆر ناوچەی عێراقدا دەستی بە هێرش و پەلامار کردووەتەوە و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
فلۆرێنس پارلی، وەزیری بەرگری فەرەنساش پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوەتەوە و گوتی، "هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا راهێنانی هاوپەیمانان بە هێزی پێشمەرگە دەستپێبکاتەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی وەستاوە".
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
*سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری فەرەنسا دەکات*.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فلۆرەنس پارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا کرد.
لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی پشتیوانیکردنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی فەرەنسای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعش . ئاماژەشی بەوەدا کە داعش لە زۆر ناوچەی عێراقدا دەستی بە هێرش وپەلامار کردووتەوە و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
وەزیری بەرگری فەرەنسا پشتیوانیی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و گوتی هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا ڕاهێنانی هاوپەیمانان بە هێزی پێشمەرگە دەست پێ بکاتەوە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی وەستاوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەوە کرایەوە کە لەم قۆناغەدا جیا لەھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنی ، پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوولا بدرێ.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق