رۆژنامەیەکی ئێرانی: 10 ملیۆن هاووڵاتی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بوون

ليست هناك تعليقات

رۆژهەڵاتی کوردستان
ژمارەی ئاڵوودەبووان بە مادەی ھۆشبەر لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان بەردەوام لەزیادبووندایە، بەپێی ئامارێك كە رۆژنامەیەكی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، نزیكەی 10 ملیۆن كەس لەو وڵاتە ئاڵوودەی مادەی ھۆشبەرن.
گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر، باسوخواسێكی بەردەوامی خەڵکی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانە، قەیرانی ئابووری و كۆرۆناش نەیانتوانیوە ئەو كێشە گەورەیە لەبیر بەرپرس و خەڵكی ئاسایی ببەنەوە، ئێستاش لە دوا ئاماردا كە رۆژنامەی ھەمشھەری ئێران بڵاویكردووەتەوە، باس لەوە دەكرێت زیاتر لە 10 ملیۆن ئێرانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاڵوودەی ماددە ھۆشبەرە جۆراوجۆرەكان بوون، ھاووڵاتییانیش دەڵێن ھۆكاری سەرەكیی ئەو دۆخە؛ بێكارییە.
فارس سەنگبوور، ھاووڵاتێیکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێ "ئەگەر خانەوادە باش بێت، کەسەکە روو لە ماددەی هۆشبەر ناکات، دووەم هۆکاریش بێکارییە، کەسێک ئەگەر کاری هەبێت لەم شارە، هیچ کاتێک نایەت لە پارک دابنیشێت".
ئێستا، جگە لە پیاوان، ژنان و مێرمنداڵانیش بە رێژەیەكی بەرچاو ئاڵوودەی مادەی ھۆشبەر بوون، بەرپرسان و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانیش نایشارنەوە، ئەوە قەیرانێكی گەورەیە، كە تاوەكو ئێستا ھەوڵێكی جیدی بۆ كەمكردنەوەی نەدراوە، بەشێكی زۆر لە ھاووڵاتییانیش حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانن.
ئەگەرچی ئامارێكی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی ئاڵوودەبووان بە ماددەی ھۆشبەر لە رۆژھەڵاتی كوردستان نییە، بەڵام بەرپرسانی خۆجێی نایشارنەوە، ژمارەی ئاڵوودەبووان لە پارێزگاكانی: لوڕستان، ئیلام و كرماشان لە پارێزگاكانی دیكە زیاترە، چاودێرانیش دەڵێن؛ نەبوونی كار و بەردەستبوونی ماددە ھۆشبەرە جۆراوجۆرەكان، ھۆكاری سەرەكیی ئاڵوودەبوونن، لەبەرامبەریشدا تاوەكو ئێستا پلانێكی جدی و گونجاو بۆ دەربازبوون لەو كێشەیە بەدی ناكرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق