قسەکردن لەبارەی گەندەڵی حکومەتەکان، مافە یان تاوان؟‌

ليست هناك تعليقات


قسەکردن و ئاشکراکردنی شێواز و چۆنێتی کارکردنی حکومەتەکان و باسکردنی گەندەڵییەکانیان لەڕێگەی میدیاوە، ئیتر سۆشیاڵ میدیا بێت یاخود ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن، هەمیشە مایەی مەترسی بووە بۆ سەر دەسەڵات، چونکە تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی بەدواوە دێت. چوون حکومەتەکان دەخاتە مەترسییەوە، رووی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌رده‌خات.

ئەمڕۆ دیسانەوە قسەکردن لەسەر دۆسییەکەی سنۆودن سەریهەڵدایە و پارێزەرەکەی ئیدوارد سنۆودن لێدوانێکی داوە کە ڕەنگە جێی سەرنجبێت هەڵوەستەی لەسەربکەین.

ئاناتۆلی پارێزەرەکەی سنۆودن ئەمڕۆ وتی " قسەکردن لەسەر نهێنی حکومەت بۆ لەڕێگەی میدیاوە نەک تاوان نیە بەڵکو مافە"

دۆسییەکەی ئیدوارد سنۆودن

سنۆودن لە ساڵی ٢٠١٣ هەزاران دۆسییەی نهێنی خستەبەردەستی ڕۆژنامەنووسان . کە تێیدا باسی لە چاودێری فراوانی ئەمریکا دەکات بەسەر خەڵکی و جیهاندا لەڕێگەی ئاژانسی نەتەوەیی ئەمریکا (NSA). کە ئەمەش هەرایەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا چ لە وڵاتان و چ لە خودی خەڵکی ئەمریکا بەوەی کە هیچ ئازادییەکیان نیە و حکومەت مافی ئەوەی بەخۆیداوە سیخوڕی بەسەر خەڵکەوە بکات و لەولاشەوە سنۆودن بەتاوانباتر بزانێت کە بۆچی کارێکی لەمجۆرەی خستووەتە بەردەستی ڕاگەیاندن وەک ئەوەی کارەکەی سنۆودن تاوان بێت بەڵام سیخوڕی کردنی حکومەت بەسەر خەڵکەکەیەوە ماف بێت.

ساڵانێکە کە ئیدوارد سنۆودن، ئاشکراکەری چالاکییەکانی دەزگای سیخوڕی ئەمریکا، لە وڵاتی ڕوسیا دەژی و ئومێدێکی زۆری بۆ گەڕانەوە بۆ ئەمریکا نیە. لەئەگەری گەڕانەوە بۆ ئەمریکا بەتۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنی حکومەت، سیخوڕی و خستنەمەترسی ئاسایشی نەتەوەیی دەتوانێت ٣٠ ساڵ زیندانی بکرێت.

هەڵوێستی ترەمپ لەسەر سنۆودن

دۆناڵد ترەمپ، لەساڵی ٢٠١٦ لە کاتی هەڵبژاردندا، ئیدوارد سنۆودنی بە "خیانەتکار" و "سیخوڕ" ناوهێنا و داوای سزای لەسێدارەکانی کرد. ئێستا ترەمپ دەربڕینی خۆی بەرانبەری گۆڕیوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاندووە "بۆ لێخۆشبوونی سنۆودن چاو بە دۆسییەکەیدا دەخشێنێتەوە."

ترەمپ لەم دواییەدا لەبارەی سنۆودنەوە ڕایگەیاندبوو کە زانیاری زۆری لەسەر سنۆودن نیە و نەیبینیوە و نایناسێت بەڵام وتی " زۆرێک لە خەڵکی ئەمریکا لەوباوەڕەدان کە ڕەفتارێکی شیاو بەرانبەر بە سنۆودن ئەنجام نەدراوە."

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ ئاناتۆلی کۆچرن، پارێزەرەکەی سنۆودن لە ڕوسیا لەوباوەڕەدایە کە شتێک بەناوی لێخۆشبوون بوونی نیە چونکە سنۆودن هیچ تاوانێکی نەکردووە.

پارێزەرەکەی سنۆودن دەڵێت " لێرەدا قسەکردن لەبارەی تاوان بنەمای نیە، چونکە سنۆودن باسی لە پێشێلکردنی ماف و ئازادی خەڵکی ئەمریکا و بگرە هەموو جیهان کردووە. بۆیە نابێت باس لە لێخۆشبوون بکرێت بگرە دەبێت دەست لە هەموو بەدواداچوون و هەوڵدان بۆ گرتنی سنۆودن هەڵبگیرێت."

وێڕای دەستبردن بۆ دۆسییەکی مەترسیدار بەڵام سنۆودن لەناو خەڵکیدا بەباشی باس دەکرێت و پێیان وایە بەدروستی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، ئاشکراکردنی نهێنی حکومەت لە ڕێگەی ڕۆژنامە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن چ جای سۆشیال میدیاش بێت، پاڵپشتی خەڵکی بەدوایەوە و مەترسی و ترس دەخاتە دڵی حکومەتەکانەوە. خەڵکی لەو باوەڕەدایە هەتاکو زیاتر یاسا و چوارچێوەی یاسایی بۆ دەربڕینی ڕای خەڵکی دابنرێت، ئەوە ئازادی زیاتر بەرتەسک دەبێتەوە.

ئایا بەرتەسکردنەوەی ڕادەربڕینی خەڵکی، لەژێرناوی دیاریکردنی چوارچێوە بۆ خۆپیشاندان، یاخود دەرکردنی یاسا بۆ سنووردارکردنی خەڵک لە میدیاکان و ڕاگەیاندن، دەچێتە چوارچێوەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و نەهێشتنی پشێوی و ئاژاوە؟ یاخود لە ئەنجامی ترسی حکومەتەکانە لە تووڕەیی خەڵکی بۆ سەر حکومەت؟ کە ئەمەش دەبێت ئەنجامی ڕۆچوون لە گەندەڵی یان لەئەنجامی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە بێت لەلایەن حکومەتەکانەوە.

زۆرێک لە خەڵکی دژی بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕینی خەڵکین چونکە پێیان وایە ئەمە لەئەنجامی ترسی ئەو حکومەتانەوە دێت کە ترسیان لە دەسەڵات و ئاشکرابوونی نهێنییەکانی خۆیان هەیە.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif