جۆ بایدن: دۆستایەتیی باشم لەگەڵ کورد هەیە

ليست هناك تعليقات


لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و چڕبوونەوەی رکابەرایەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پارتی دیموکراتی ئەو وڵاتە کۆنگرەی نیشتمانی دەبەستێت.

کۆنگرەکە بۆ پشتگیرکردنی فەرمییانەی بەربژێرێکە کە چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە.

بایدن ئەو بەربژێرەیە کە زۆرجار خۆی وەکو دۆستی کورد نیشانداوە، دژی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان وەستاوەتەوە، پاڵپشتیشی بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکاندا دەربڕیوە. 

جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 22ی شوباتی ئەمساڵ لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەی لە لاس فیگاس گوتی: "من لە هەموو کەسێک زیاتر لەگەڵ کورددا بووم، چونکە زۆر جار چوومەتە ئەوێ. ئێمە چی دەکەین؟ چەند هەزار سەربازی ئەمریکیمان راهێنانی سەربازییانە بە عەرەب و کوردەکان دەکەن کە لە راستیدا هێرشیانکردە سەر داعش و خەلافەتەکەیان تێکشاند، دە هەزار ژن و پیاویان لەدەستدا، داعشیان لەناوبرد، چەکدارانی داعشیان بە دیلگرتن".

هەر لەو کەمپەینەدا جۆ بایدن هێرشی کردە سەر ترەمپ و گوتی: "کەچی ترەمپیش پێچەوانەی راوێژی فەرماندەکانی، رۆیشت رێککەوتنی لەگەڵ ئەردۆغان کرد، کە تاکڕەوێکە لە نیشتیمانێکی دیموکراتییدا."

لە پێنج راپرسیدا کە لەلایەن ناوەندی جیاواز لە ئەمریکا کراون، سەرجەمیان ئاماژە بەوە دەدەن جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تشرینی دووەمی داهاتوودا لە ترەمپ دەباتەوە.

بۆچوونی بایدن لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان زۆر لە بۆچوونی ترەمپ جیاوازە.

بەربژێرەکەی دیموکراتەکان نایەوێت واشنتن پشت لە شەڕڤانان بکات و کاتێکیش لە تشرینی یەکەمی رابردوودا ئەمریکا هێزەکەی لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە و ئەوەش وایکرد، تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بکات، بایدن رەخنەی تووندی لە ترەمپ گرت. 

جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی: "من سەربازم نەدەکشاندەوە و ئەو سەربازانەی دیکەشم لە عێراق نەدەکشاندەوە کە ئێستا لە قۆناخی کشانەوەدان. سەربازەکانمان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئەسەدەوە تەقەیان لێدەکرێت. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت ئەگەر ئەو داعشانەی کە لە گرتوخانەکان هەڵبێن، تەنیا دەچنە ئەوروپا و کار لە ئێمە ناکات. ئەمە شەرمەزارکەرترین شتە کە سەرکردەیەک لە مێژووی هاوچەرخدا لەڕووی سیاسەتی دەرەوە کردبێتی."

هاوکات کامالا هاریس، بەربژێری بایدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەخنەگرێکی تووندی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپە و کاتێک سوپای ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی رابردوودا لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان کشایەوە لە توویتێکدا نووسیی "دۆناڵد ترەمپ لە سووریا کوردی فرۆشت".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif