هەرێم لە عێراق زیاتر، زێڕ هاوردە دەكات

ليست هناك تعليقات


سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان داواکاریی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی ژووری بازرگانیی تایبەت بە زێڕ لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت. گوتەبێژی سەندیکاکە دەڵێت، ئەو ژوورە لە ئایندەدا هاوردە و هەناردەکردنی زێڕ رێکدەخاتەوە، بەو پێیەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە بە بەهای نزیکەی سێ ملیار دۆلار زێڕ هەناردە و هاوردە دەکرێت. 

هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان راگەیاند، "سیستەمی هەناردە و هاوردەی زێڕ رێکدەخەینەوە. کە ژوورەکەش بەهێزبوو حکومەت بۆ هەر کێشە و گرفتێک لە بازاڕدا لەسەر هێڵ دەبێت. ئەگەر ژووری زێڕمان هەبوو حکومەتیش دەتوانێت سوودی لێ ببینێت و لە رێگەی زێڕەوە داهاتی هەبێت".

لە هەرێمی کوردستان نزیكەی هەزار و 600 دووکانی زێڕ و 46 كۆمپانیای بازرگانی هاوردە و هەناردەی زێڕ و ئەڵماس و بەردە بەنرخەكان هەن. پێشانگەكان بەشێوەی تاك زێڕی دروستكراو دەفرۆشن و زێڕی كۆن و شكاویش لە خەڵك دەكڕنەوە. دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە كۆمپانیاكانی زێڕی دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێرەکان بە بازرگانانی توركیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی خۆڕازاندنەوە هاوردە دەكەن.

گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "حکومەت لە رێگەی ئەو ژوورەوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی داهات کە بەشێک لە داهاتی حکومەت و بانکەکان زێڕ بێت. کە ژوورێکی وا هەبوو، حکومەتیش دەتوانێت لەگەڵ ژوورەکەدا مامەڵە بکات".

ئامانجێکی دیکەی ئەو ژوورە بازرگانییە پەرەدانە بە پیشەگەرانی زێڕ لەنێو هەرێمی کوردستان. لەوبارەیەوە هەندرێن وەرتی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان زێڕینگەری کۆنە و ئێستاش زێڕینگەری زۆر بە توانامان هەن. هەروەها وەرشەی باشیش هەن. لە رێگەی ئەم ژوورەوە دەتوانین پەرە بەو پیشەیە بدەین".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستووە، لە ماوەی ساڵانی 2016، 2017 و 2018دا عێراق بە بەهای زیاتر لە 11 ملیار و 685 ملیۆن دۆلار زێڕ و ئەڵماس و بەردی بە نرخ و زیو و مرواریی هاوردە كردووە. پشكی شێر لەم بازرگانییە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، بە جۆرێك زیاتر لە 74%ی بازرگانییەکە لە رێگەی بازرگانانی كوردستان و بازرگانانی عێراقیی نیشتەجێبووی هەرێمی كوردستان کراوە.

لە ساڵی 2016دا لە عێراق بە بەهای سێ ملیار و 422 ملیۆن دۆلار زێڕ و كاڵا بەنرخەكانی دیكە هاوردەكراوە. کە دوو ملیار و 592 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بازرگانانی كوردستانەوە بووە. 

لە ساڵی 2017 بە بەهای چوار ملیار و 379 ملیۆن دۆلار زێڕ و كاڵا بە نرخەكانی دیكە هاوردەكراوە کە سێ ملیار و 104 ملیۆن دۆلاری ئەو مامەڵەیە لە رێگەی كوردستانەوە بووە. 

هەروەها ساڵی 2018 بە بەهای سێ ملیار و 884 ملیۆن دۆلار زێڕ و كاڵا بەنرخەكانی دیكە هاوردەی عێراق کراوە، نزیكەی دوو ملیار و 968 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بازرگانانی كوردستانەوە بووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif