گازی سرووشتیی عێراق: بڵاوبوونەوەی ژەهر و سووتانی پارە

ليست هناك تعليقات

رۆژانە بەشی دابینکردنی کارەبای سێ ملیۆن ماڵ گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دەسووتێت، وەک ژەهرێک دەچێتە ناو خاک و هەواوە، کەچی عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، گازی سرووشتی هاوردە دەکات. زۆربەی دانیشتووانی شار و گوندەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق بەدەست بێ کارەبایی، پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی تووشبووانی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی شێرپەنجەوە دەناڵێنن.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ساڵی 2000ەوە تاوەکو 2018 بە قەبارەی 44.9 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق سووتێنراوە و بەفیڕۆچووە.

لە دەستپێکی دەرهێنانی نەوتەوە، سووتاندن (بەفیڕۆدان)ی گازی سرووشتی هەبووە. یەکێک لە هۆکارەکانی سووتاندنی گازی سرووشتی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە لە بیرەکاندا. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، سووتاندن و بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2017 گەیشتووەتە 140 ملیار مەتر سێجا.

ئێستا ناوەندە جیهانییەکانی بواری وزە و حکومەتەکان هەنگاوەکانیان بەو ئاراستەیەن کە تاوەکو ساڵی 2030 بەفیڕۆچوونی گازی سرووشتی لە جیهاندا نزیکبکەنەوە لە سفر.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، 62% بەرهەمی گازی سرووشتیی عێراق، کە هاوتایە بە 196 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دەسووتێنرێت و بەفیڕۆدەچێت. ئەگەر هەر بەرمیلێکی نەوت بە 40 دۆلار بێت، ئەوا رۆژانە 7 ملیۆن و 840 هەزار دۆلار لە سامانی عێراق دەسووتێنرێت، سەرەڕای ئەوەش ژەهر بە هەوای ناوچەکانی نزیک لە کێڵگە نەوتییەکان بڵاودەکرێتەوە.

چەندی بەفیڕۆچووە و لە داهاتوودا دەتوانرێت سوود لە چەندی وەربگرێت؟

بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لەبارەی "ئاسۆی وزەی عێراق"، سووتانی گازی سرووشتیی عێراق لەنێوان 2005 تاوەکو 2018 گەیشتووەتە 54.9 ملیار مەتر سێجا. 

ساڵی 2005 بڕی 7 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی سووتێنراوە و بەفیڕۆچووە، بەڵام ساڵی 2018 بڕی گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان بە رێژەی 59% بەرزبووەوە و گەیشتە 16.8 ملیار مەتر سێجا. لە هەمان ساڵدا بڕی ئەو گازەی لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت سوودی لێوەرگیراوە گەیشتووەتە 11.5 ملیار مەتر سێجا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەکات بەفیڕۆچوونی گازی سرووشتیی عێراق تاوەکو ساڵی 2030 دابەزێت بۆ 8.1 ملیار مەتر سێجا و سوود لە 39.6 ملیار مەتر سێجای ئەو گازە ببینرێت کە لەکاتی دەرهێنانی نەوتدا لە کێڵگەکە دەردەچێت.

بەفیڕۆدان (سووتاندن)ی گازی سرووشتیی عێراق لە ساڵی 2000ەوە و پێشبینییەکان تاوەکو 2030 بەمشێوەیەن:

سەرچاوە: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، راپۆرتی "ئاسۆی وزەی عێراق - 2019"

پەیمانگەی ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوە لە وزە، لە راپۆرتێکی ئەم مانگەی لەبارەی پیشەسازیی نەوتی عێراقەوە ئاماژە بەوە دەکات کە "بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید - 19 و دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوتدا رابگیرێن و کۆتایی بە کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بهێنرێت کە وەبەرهێنانیان لە جیاکردنەوەی گازی سرووشتیی عێراقدا دەکرد".

کەمبوونەوەی داهاتی حکومەتی عێراق بووە هۆی ئەوەی لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 بودجەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رێژەی 20٪ لەچاو بودجەی وەزارەتی نەوت لە 2013 دابەزێت، ئەمەش وایکرد وەبەرهێنان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و سوودوەرگرتن لە گازی سرووشتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکان کەمبکەن.

بەپێی لیکۆڵینەوەیەکی دیکەی کۆمپانیای زمینسی ئەڵمانی لە ساڵی 2018 "ئەگەر عێراق بتوانێت بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان کەمبکاتەوە، ئەوە لە چوار ساڵی دواتردا دەتوانێت 5.2 ملیار دۆلار پاشەکەوت بکات".

بەرپرسانی عێراقی خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە بڕێکی زۆر گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان بەفیڕۆدەچێت. مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند "ئێمە گازێکی سرووشتیی زۆر بەفیڕۆدەدەین و دەسووتێنین، بەتایبەت لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور، بەڵام پلانێکمان هەیە بۆ کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بۆ بەفیڕۆچوونی گازی سرووشتی و سووتاندنی لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا".

ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە دوو گرێبەستی واژۆکرد، بەهۆی ئەو گرێبەستانەوە عێراق دەیتوانی رۆژانە یەک ملیار پێ سێجا لە بڕی گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان کەمبکاتەوە و وەکو سەرچاوەیەکی وزە بەکاریبهێنێتەوە.

عێراق گرێبەستی بۆ سێ پرۆژەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆیی و دەرەکییەکان کردووە. پرۆژەکان بریتین لە پرۆژەی کیڵگەی گازی رەتاوی، کە بڕیارە لەلایەن کۆمپانیای هونیوێڵی ئەمریکییەوە جێبەجێ بکرێت و رۆژانە سوود لە 300 ملیۆن پێ سێجای گازی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی رەتاوی وەردەگرێت.

پڕۆژەی دووەمیان حەلفایە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەندازیاریی نەوت و بیناسازی چینی کراوە و رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجا گازی بەرهەمهاتوو بەکاردەهێنێتەوە. دوایین پرۆژەش هی کێڵگەکانی گازی کۆمپانیای نەوتی بەسرەیە، کە لەلایەن کۆمپانیای شێڵەوە جێبەجێ دەکرێت و بە بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 400 ملیۆن پێ سێجا گاز دەگەڕێنێتەوە بۆ بەکارهێنان.

بەهۆی ئەم پرۆژانەوە دەتوانرێت سوود لە بڕێکی زۆر گازی سرووشتیی کێڵگە نەوتییەکان وەربگیرێت، ئەوە جگە لەوەی دەکرێت وەکو سەرچاوەیەکیش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کەڵکی لێوەربگیرێت؛ بەڵام کەمکردنەوەی پارەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکان و پێنەدانی حەقدەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وایکردووە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە دوابکەوێت.

کۆمپانیای ئەندازیاریی نەوت و بیناسازیی چینی، بڕیاریدا کارەکانی هەردوو پرۆژەی کۆمپانیای گازی بەسرە و پرۆژەی حەلفایا رابگرێت. بەهۆی کورتهێنانی بودجەوە، عێراق ناچاربووە لە بودجەی پرۆژەکان بگێڕێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات.

پابەندبوونی عێراق بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان ئاستەنگ بۆ عێراق دروستدەکات. زۆربەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی عێراق لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتە، هەربۆیە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بووتە هۆی کەمبوونەوەی بەفیڕۆچوونی (سووتان)ی گازی سرووشتی.

عێراق ساڵانە 32 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بەرهەمدەهینێت، بەڵام نیوەی نەک هەر لەگەڵ سووتان بەفیڕۆدەچێت، بەڵکو وەکو گازی مەترسیدار دەچێتە هەواوە.

بەپێی پەیمانگەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، لەو بڕە گازەی لە عێراق بەرهەمدەهێنرێت 11 ملیار مەتر سێجا لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق بەرهەمدەهێنرێت.

زیانە تەندروستییەکانی سووتانی گازی سرووشتی

سووتاندنی گازی سرووشتی لە کیڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکانی قورنە-1 و قورنە-2 لە پارێزگای بەسرە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەو گوند و شارانەی نزیکی بیری کیڵگە نەوتییەکانن.

بەپێی راپۆرتێکی (نیویۆرک تایمز)، لە گوندی نەهران لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە، زۆربەی خێزانەکان ئەندامێکیان هەیە کە بەهۆی ئەو گازەی بڵاودەبێتەوە مردووە یان نەخۆشکەوتووە.

خالید قاسم فەلاح، یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی گوندی نەهران دەڵێت "بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئێستا تۆ لە شوێنێکیت کە هەموو خێزانێک تووشبوویەکی شێرپەنجەی هەیە".

سووتاندنی گازی سرووشتی بەو شێوەیەی لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، خاک، ئاو و ژینگە بەشێوەیەکی گشتی، نەخۆشییەکانی رەبوو و زەخت تووندتر دەکات، دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خێراتر دەکات.

بەشیر عەبدولجەبار، موختاری گوندی نەهران دەڵێت "لێرە ناتوانیت هەناسە بدەیت، بۆئەوەی هەناسە بدەیت دەبێت لێرە دووربکەویتەوە. ئەم دۆخە بۆ منداڵان سەختە، چونکە سییەکانیان بچووکە و لەسەر بەساڵاچووەکانیش قورس دەکەوێتەوە، چونکە سییەکانیان لاواز بووە".

دوای چەندین ساڵ پشتگوێخستنی ئەم پرسە، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2018 بڕیاری دروستکردنی پاڵاوگەیەکی گەورەی بە گوژمەی 1.5 ملیار دۆلار راگەیاند کە ئامانج لێی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییە لە بەسرە. بە گوتەی شارەزایەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق "بنیاتنانی ئەم پاڵاوگەیە هەنگاوی یەکەمە و وادەکات گازی بەفیڕۆچووی سێ کیڵگەی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەسرە بە رێژەی 50% کەمببێتەوە".

بە گوتەی شوکری حەسەن، پرۆفیسۆر لە بەشی ژینگەی زانکۆی بەسرە بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە، "سووتاندنی گازی سرووشتی تاکە هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوای رۆژهەڵاتی باشووری دەوڵەمەند بە نەوتی عێراق نییە، بەڵکو کۆنیی سیستەمی ئاوەڕۆ، پاشماوەکانی یۆرانیۆم و ماددە کیمیاوییەکان پێکهێنەری ئەو کەشوهەوایەن، کە دەتوانرێت وەکو کۆکتێلی پیسبوون ناوببرێت".

کێشەی ژینگە و هەوای بەسرە تەنیا گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان نییە، بەڵکو سیستەمی کۆنی ئاوەڕۆی شارەکە و پاشماوەی یۆرانیۆم و ماددە کیمیاوییەکان هۆکاری دیکەی تێکچوونی دۆخی ژینگەی ناوچەکەن. شوکری حەسەن، مامۆستای بەشی ژینگە لە زانکۆی بەسرە دەڵێت "ئەگەر راستیت دەوێت، بەسرە شوێنی ژیان نییە، کەشوهەوا زۆر خراپە، کوالێتیی ئاو زۆر زۆر لە خوارەوەیە و خاکەکەشی بەهۆی ئەو گازە زیانبەخشانەوە کێشەی گەورەی بۆ دروستبووە".

ساڵانە لە عێراق بەهۆی سووتاندنی گازی سرووشتییەوە نزیکەی 30 ملیۆن تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە هەواوە، ئەمەش بە نزیکەیی دەکاتە رێژەی 10%ی کۆی دەردانی گازی زیانبەخشی وەکو گرینهاوس لە جیهاندا.

بە گوتەی بەرپرسانی زۆربەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیای نەوتی بەسرە (کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی حکومەت لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور) سووتاندنی گازی سرووشتی بەفیڕۆچوونی وزە و پیسبوونی کەشوهەوایە.

وەزارەتی ژینگەی عێراق، کە پێنج ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی یەکخرایەوە، چەندەها جار کۆمپانیاکانی نەوتیان لەسەر پێشێلکارییەکان سزاداوە، کەچی کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن ئامادەن سزاکان بدەن، نەک ئەوەی پاڵاوگەیەک بۆ سوودوەرگرتن لە گازی دەرچووی کێڵگە نەوتییەکان دروستبکەن، کە تێچووەکەی 1 ملیار دۆلار و بگرە زیاتریشە.

عێراق مانگانە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار کورتهێنانی بودجەی هەیە، ناوەڕاست و باکووری ئەو وڵاتە بە هۆی چوار ساڵ شەڕی داعشەوە وێران بووە و بەپێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە پێویستی بە زیاتر لە 104ترلیۆن دینارە، ئەوە جگە لەوەی هەر بەسرە خۆی پێویستی بە زۆر پرۆژەی خزمەتگوزاریی سەرەتاییتری وەکو ئاوی خواردنەوە و کارەبایە. لە دۆخێکی ئاوادا ئەستەمە دانیشتووانی نەهران لە داهاتوویەکی نزیکدا پاڵاوگە بەخۆیانەوە ببینن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif