ململانێی ئەمریكاو ڕووسیا گەشتە مەریخ

ليست هناك تعليقات


چاوەڕێدەکرێت بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رووسیا، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆببنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە بۆشایی ئاسماندا، لەگەڵ چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەو ئەگەرە.

رووداوە کەم باسکراوەکانی ماوەی رابردوو لە بۆشایی ئاسماندا، جارێکی دیکە هەوڵەکانی پڕچەککردنی ئاسمان و ململانێی نێوان هێزە گەورەکانی زەقکردەوە. کۆبوونەوەکان پاش هەندێک گومان دێت لەوەی، مانگێکی دەستکردنی رووسیا لە بۆشایی ئاسماندا، مووشەکێکی تەقاندبێت.

کریستۆڤەر فۆرد، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لە دانوستاندنەکانی ڤیەننادا ئەوە رووندەکەنەوە "بۆشایی ئاسمان ناوچەیەکی بێ یاسا و بێ بنەما نییە".

ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی لە زاری فۆردەوە ئاشکرایکردووە، کە واشنتن پاڵ بە مۆسکۆ و پەکینەوە دەنێت بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی کارکردن لە بۆشایی ئاسماندا، هەروەها دوودڵیی خۆی لە چالاکییەکانی چین و رووسیا پێشاندەدات لەبارەی "چەکدارکردنی بۆشایی ئاسمان بەچڕی".

رۆژنامەی گاردیانی فەرەنسی دەڵێت پێشتر هەردوو حکومەت رێککەوتبوون لەسەر ئەنجامدانی دانوستاندن لە شووباتی رابردوودا، بۆ "ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر ئاسایشی ئاسمان"، بەڵام بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کۆبوونەوەکەی دواخست.

جارێکی دیکە ئەمریکا و رووسیا

ئەوەی پێشینەی کۆبوونەوەکەی ڤییەنایە، ئەو گومانانەیە کە ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە لە رووسیایان هەیە، بەوەی لە بۆشایی ئاسماندا چەکی تاقیکردبێتەوە.

پێنجشەممەی رابردوو، فەرماندەیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی، ئاشکرایکردبوو کە بەڵگەی هەیە لەسەر تاقیکردنەوەی چەک لە بۆشایی ئاسماندا، لەلایەن رووسیاوە، کە دژی مانگە دەستکردەکان بەکاردێت. ئەو فەرماندەیە ئەوەشی خستبووەڕوو، کە پێشتر مانگێکی دەستکردی رووسی بە ناوی 'کۆزمۆس 2543' ئاشکراکراوە، کاتێک دوای مانگێکی دەستکردی ئەمریکی کەوتووە و جۆرێک لە مووشەکی خولگەیی تەقاندووە.

فەرماندەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ "بەڵگەمان هەیە لەسەرئەوەی رووسیا تاقیکردنەوەیەکی ناتێکشکێنەری کردووە لە رێگەی بەکارهێنانی چەکێکی دژ بە مانگە دەستکردەکان".

جەنەڕاڵ جۆن ریمۆن، فەرماندەی فەرماندەیی ئاسمانیی ئەمریکی لە بڵاوکراوەکەدا رایگەیاندووە "سیستەمی مانگە دەستکردە رووسییەکان کە چەکی خولگەیی بەکاردەهێنێت، هەمان ئەو سیستەمی مانگە دەستکردانەیە کە پێشتر و لەسەرەتای ئەمساڵدا، ترسی خۆمان لەبارەیەوە راگەیاند. ئەمەش کاتێک رووسیا لە نزیک مانگێکی دەستکردی ئێمە جموجووڵی ئەنجامدا".

ساڵی 2018 و سەرەتای ئەمساڵیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ترسی خۆی لەبارەی هەڵسوکەوتی مانگە دەستکردەکانی رووسیا دەربڕی 'ئەو ئەرکە جێبەجێناکات کە راگەیێندراوە' چونکە ئەو مانگە دەستکردانە تایبەتمەندیی چەکی ئاسمانییان هەیە.

کریستۆڤەر فۆرد، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ئەم رووداوە تیشک دەخاتە سەر بانگەشە ناڕاستەکانی رووسیا بۆ رێگریکردن لە چەکدارکردنی بۆشایی ئاسمان، کە مۆسکۆ لە رێگەیەوە دەیەوێت تواناکانی ئەمریکا سنووردار بکات.

ریمۆند بڵاوکراوەکەی بەوە کۆتایی پێهێناوە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، ئامادە و پابەندە بە بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک و بەرگریکردن لە خۆی و هاوپەیمانەکانی، هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەکانی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسماندا، کە رووبەڕووی کاری دوژمنکارانە دەبێتەوە".

ئەوە تەنیا ئەمریکا نییە کە بەگومانەوە لە چالاکییەکانی رووسیا لە بۆشایی ئاسماندا دەروانێت، بەڵکو هارڤی سمیسی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسمانیی بەریتانیا، لە تویتێکدا ئاشکرایکرد، ئەوەی رووسیا لە بۆشایی ئاسماندا لە رێگەی مانگە دەستکردەکانییەوە تەقاندوویەتی "تایبەتمەندی چەک"ی هەیە. داوای لە رووسیا کرد لە بۆشایی ئاسماندا بەرپرسانە مامەڵە بکات، دووپاتیکردەوە هەنگاوەکانی رووسیا، بۆ لەباربردنی ئاشتیی جیهانییە لەسەر ئاستی بۆشایی ئاسمان و داوایکرد لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

رووسیا تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە

رووسیا تۆمەتبارکردنەکانی ئەمریکای لەبارەی بەکارهێنانی چەک لە بۆشایی ئاسماندا رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە تواناکانی رووسیا لە بۆشایی ئاسماندا، هەڕەشەی لەسەر هیچ وڵاتێک دروستنەکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، کە وەڵامی تۆمەتبارکردنەکانی ئەمریکا و بەریتانیای داوەتەوە، دەڵێ "تاقیکردنەوەکانی 15ی ئەم مانگە، هەڕەشەی لەسەر سیستەمی هیچ وڵاتێکی دیکە لە بۆشایی ئاسماندا دروستنەکردووە، لەوەش گرنگتر پێشێلی هیچ رێککەوتن و یاسایەکی نێودەوڵەتی نەکردووە".

رووسیا لێدوانی بەرپرسە ئەمریکی و بەریتانییەکان بە 'گورزی دەستپێشخەرانەی میدیایی' ناودەبات کە واشنتن دەستیپێکردووە بۆ 'شێواندنی وێنەی چالاکییە ئاسمانییەکانی رووسیا'.

وەزارەتەکە لای خۆیەوە ئەمریکا و بەریتانیای بە هەنگاونان بۆ پەرەپێدانی چەکی دژە مانگە دەستکردەکانی رووسیا تۆمەتبارکرد. دیمتری پیسکۆڤی گوتەبێژ بەناوی کرملینەوە، گوتی "رووسیا پشتگیری چەکداماڵینی تەواو دەکات لە بۆشایی ئاسماندا، لەگەڵ دانەنانی هیچ جۆرە چەکێک لە بۆشایی ئاسماندا".

هەرچەندە بەرپرسە رووسییەکە دەڵێ "مانگی دەستکردی کۆزمۆس 2543، تەنیا چاودێری مانگە دەستکردەکانی رووسیا دەکات"، بەڵام رۆژنامەی روسیسکا گازێتای حکومی دەڵێ "ئەو مانگە دەستکردە توانای بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی مانگە دەستکردەکانی دیکەی لایەنەکانی دیکەوە هەیە".

فەرەنسا بۆشایی ئاسمان بە مەیدانێکی نوێی چالاک ناودەبات

سوپای فەرەنسا لای خۆیەوە رایگەیاند کە بۆشایی ئاسمان، مەیدانێکی چالاکی نوێیە و ناوی سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزە ئاسمانییەکان و بۆشایی ئاسمان گۆڕی، ئەمەش دەستەواژەیەکی نوێیە کە سنووری نوێ بۆ هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە دادەنێت.

فلۆرانس بارلی، وەزیری سوپای فەرەنسا، بە رۆژنامەی لاپرۆڤێنسی راگەیاندووە، بۆشایی ئاسمان موڵکیەتی هاوبەشی هەیە لەپێناو زانستەکاندا، ئەو دەڵێ "ئەوێ رووبەرێکە هێشتا هێزەکان ململانێی تێدا دەکەن بۆ باڵادەستبوون".

وەزیرە فەرەنسییەکە دووپاتیکردووەتەوە، پاریس "بەشدار نییە لە هەر هەوڵێکی پڕچەککردندا"، دڵنیایی دا، وڵاتەکەی پابەندە بە بەکارهێنانی ئاشتییانەی بۆشایی ئاسمان، بەڵام جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە بەرپرسن لە دەستنیشانکردنی هەر هەڕەشەیەک کە بۆی هەیە رووبەڕووی فەرەنسا ببێتەوە.

ئەوەشی راگەیاند کە فەرەنسا پلانی هەیە، بۆ بەردەستخستنی مانگی دەستکردی زیاتر لەپێناو سووڕانەوە بۆ گرتن و دەستنیشانکردنی هەموو ئەوانەی کاری نادۆستانە لە بۆشایی ئاسماندا ئەنجامدەدەن.

لەبارەی مانگە دەستکردەکانی داهاتووی وڵاتەکەیەوە، بارلی دەڵێ کامێرای 360یان لەسەردەبێت، لێزەریان لێدەبەستن بۆ گرتن و دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت زیاد لە پێویست لە مانگە دەستکردەکانیان نزیکببنەوە.

ساڵی رابردوو، سەرچاوەیەکی سەربازیی فەرەنسی بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسای راگەیاندبوو، پەرەیان بە فیشەکهاوێژی تایبەت بە مانگە دەستکردە فەرەنسییەکان داوە، کە توانای تێكشکاندنی رووکەشە هەتاوییەکانی هەر مانگێکی دەستکردی هەیە ئەگەر هەوڵبدات لێی نزیکببێتەوە.

فەرەنسا بودجەیەکی ساڵانەی بە بڕی دوو ملیار یۆرۆ بۆ بابەتەکانی بۆشایی ئاسمان لە رووی سەربازی و سڤیلییەوە تەرخانکردووە، بەڵام هێشتا لە سێ وڵاتە پێشەنگەکەی ئەو بوارەوە دوورە: ئەمریکا 50 ملیار دۆلار، چین 10 ملیار دۆلار و رووسیا 4 ملیار دۆلار.

مێژووی ململانێکە

هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان و دەستگرتن بەسەریدا، بە بەشێک لە جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دادەنرێت، کە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا سەریهەڵدا.

هەنگاوی یەکەم، ئەوکاتەبوو کە یەکێتیی سۆڤیەت یەکەم مانگی دەستکردی بەناوی سپۆتینگ1 لە 4ی ئۆکتۆبەری 1957 ناردە بۆشایی ئاسمان و ماوەیەکی کەم پاش ئەوە و هەر لە هەمان ساڵدا، سپۆتینگ 2ی هەڵدا.

چەند مانگێک لەپاش هەوڵە سەرکەوتووەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەفەرمی هاتە نێو ململانێیەکەوە و یەکەم مانگی دەستکردی دۆزەرەوەی ناردە بۆشایی ئاسمان. 

تووندتربوونی جەنگە ساردە ئاسمانییە ئاشتییانەکە، لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوام بوو. یەکێتیی سۆڤیەت لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەمریکادا، یەکەم زیندەوەری رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد کە سەگێک بوو بەناوی لایکا. سەگەکە پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی بۆ بۆشایی ئاسمان گیانی لەدەستدا. 

لە 12ی نیسانی 1961دا یۆری گاگارینی ئاسمانگەڕی سۆڤیەتی، بووە یەکەم مرۆڤ لە بۆشایی ئاسماندا. دوای 23 رۆژ لە گەشتەکەی گاگارین، ئالن شیپاردی ئاسمانگەڕی ئەمریکی، سووڕانەوەیەکی لاوەکی بۆ ماوەی 15 خولەک لە بۆشایی ئاسماندا ئەنجامدا. ساڵی 1962 جۆن گلینی ئاسمانگەڕی ئەمریکی، بووە یەکەم کەس لە بۆشایی ئاسماندا بەچواردەوری زەویدا بسووڕێتەوە، پاش ئەوە یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1963دا ڤالێنتینا تیریشکۆڤای وەک یەکەم ئافرەت رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.

هەنگاوی گەورە و باڵادەستبوونی ئەمریکا بەسەر بۆشایی ئاسماندا، ساڵی 1969 روویدا، کاتێک لە 21ی تەممووزی ئەو ساڵەدا، نیل ئارمسترۆنگ بووە یەکەم مرۆڤ لە مێژوودا پێ بخاتە سەر خاکی مانگ و یەکەم مرۆڤ بوو لەسەر هەسارەیەکی دیکە بنیشێتەوە. ئەم رووداوە ئەوکات لەلایەن 500 ملیۆن کەسەوە تەماشا دەکرا. ئەو ململانێیانە لە مێژوو و کاتی جیاواز و بەشێوازی جیاواز تاوەکو کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو بەردەوامبوون.

سەرهەڵدانەوەی ململانێکە بە تەکنەلۆژیای نوێ

رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، هەڵوەشانەوەی کۆمارەکانی ئەو یەکێتییە لەدوای ساڵی 1991، هەلی باڵادەستبوونی زیاتری بۆ ئەمریکا بەسەر بۆشایی ئاسماندا رەخساند، بەڵام بەشێکی دیکەی تووندبوونەوە و خەستبوونەوەی ململانێکە، جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە، کاتێک دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاریدا لقێکی نوێ بۆ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بکاتەوە بەناوی هێزە گەردوونییەکان (Space Force)، ئەم هێزە وەک بەشەکانی دیکەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە شێوەی هێزە ئاسمانییەکان و هێزە دەریاییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. یەکەم بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو هێزە نوێیە 40 ملیۆن دۆلار بوو. جیا لە ئەمریکا، رووسیا و چینیش هەمان هێزی تایبەت بەبۆشایی ئاسمانیان لە ژێر ناوی جیاوازدا هەیە.

سیستەمەکانی دەستنیشانکردنی شوێن

ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا زۆر لایەنی هەوڵدەر بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمانی سەرقاڵکرد، لاساییکردنەوەی ئەو سیستەمە پێشکەوتووەی دەستنیشانکردنی جێگا ناسراو بە (جی پی ئێس)بوو. ئەمریکا یەکەم وڵات بوو کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئەو سیستەمەی دروستکرد و کاری پێکرد و بەکارهێنانە سەرەتاییەکانی سیستەمەکە، لەسەرەتادا تەنیا بۆ لایەنی سەربازی بوو کە ئەمریکا بەکاریدەهێنا، بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجە جیاوازەکان لەسەر زەوی، مووشەکبارانکردنی ئامانجەکان بە وردییەکی زۆرەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی هێزە زەمینییەکان لە رێگەی ئاسمانەوە.

لە بەرامبەر جی پی ئیسی ئەمریکیدا، کە ئێستا لە جیهاندا بە بەربڵاوی کاری پێدەکرێت و بۆ زۆر ئامانجی مرۆیی و سڤیل بەکاردەهێنرێت. چەندین وڵات هاتنە سەر هێڵ بۆ دامەزراندنی هەمان سیستەم لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، رووسیا سیستەمی گلۆناسی دروستکرد، چین سیستەمی بایدۆ و یەکێتیی ئەوروپاش سیستمی گالیلۆ، کە هەموویان لە ژێر ناوە جیاوازەکاندا، هەمان ئەرک جێبەجێدەکەن کە دەستنیشانکردنی جێگا جیاوازەکانە لە ئاسمانەوە.

ئەو چەکانەی لە بۆشایی ئاسماندا بەکاردەهێنرێن

ململانێی نێوان هێزە گەورەکان لە بۆشایی ئاسماندا، مێژوویەکی بەرچاوی هەیە، ساڵانی رابردوو بە جەنگی ئەستێرەکان ناونرا و بەهەوڵێکی دیکەی زلهێزەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان و دەستگرتن بەسەر هەسارە جیاوازەکاندا، تەماشا دەکرا. ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان دڵەڕاوکێی دروستکردووە، بەردەوامبوونی ئەو جەنگە بێدەنگەیە کە لە بۆشایی ئاسماندا هەڵگیرساوە یان خەریکە هەڵدەگیرسێت.

ئەگەر جەنگە ئاسمانییەکان بگەنە ئاستی جەنگی راستەقینە، پێدەچێت چەندین چەکی جیاواز لەنێوان زلهێزەکان لەبەردەستدا بێت بۆ ئەو شەڕە، لەوانەش مووشەکەکانی زەمین بە ئاسمان کە لە بنکە سەربازییەکانی سەر زەوییەوە بۆ تێکشکاندنی مانگە دەستکردەکان بەکاردەهێنرێت (پێشتر ئەمریکا و چین بۆ تێكشکاندنی مانگە دەستکردە پەککەوتووەکانی خۆیان لە ئاسماندا، ئەو تاقیکردنەوەیەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە). 

جۆری دووەمی چەکە ئاسمانییەکان، مووشەکی ئاسمان بە زەوییە، کە لە مانگە دەستکردەکانەوە ئاراستەی زەوی دەکرێت، لە هاوشێوەی مووشەکەکانی کرووز. ئێستا هەندێک لەو وڵاتە زلهێزانە، کاردەکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی لێزەرەوە ئاراستەی ئەو مووشەکانە بکەن و بەوەش مووشەکەکانی ئاسمان بە زەوی، دەبێتە خاوەنی توانایەکی بێوێنە.

چەکی سێیەمی ئاسمانی، مووشەکەکانی ئاسمان بە ئاسمانە، ئەم مووشەکانە لە مانگە دەستکردەکانەوە دەتەقێندرێت و ئاراستەی مانگە دەستکردەکانی دیکە دەکرێت بۆ لێدان و تێكشکاندنیان.

رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی چەکدارکردنی بۆشایی ئاسمان

لە کاتێکدا هەوڵەکانی هەمووان بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان و چەکدارکردنی چڕ بوونەتەوە، پێشتر چەندین پەیماننامە و رێککەوتنی جیاواز لەنێوان وڵاتاندا بۆ دابینکردنی لانیکەمی ئاسایشی بۆشایی ئاسمان واژۆکراوە. رێککەوتنی بۆشایی ئاسمانی ناسراو بە (ئۆ ئێس تی) دیارترین پەیماننامەی نێودەوڵەتی ئەو بوارەیە. 98 دەوڵەت، لە نێویاندا ئەمریکا، رووسیا و بەریتانیا واژۆیان لەسەر ئەو پەیماننامەیە کردووە کە رێگە دەگرێت لە بڵاوەپێکردنی چەکە ئەتۆمییەکان و چەکە کۆمەڵکوژەکان لە خولگەکانی زەویدا. پەیماننامەکە باسی لە چەکە ئاسایی و تەقلیدییەکان نەکردووە.

جەنگ لە بۆشایی ئاسماندا روودەدات؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر دووبارە دەبێتەوە، ئەگەرچی هەشتاکانی سەدەی رابردوو چەندین هەنگاو و پڕوپاگەندەی جیاوازی بۆ هەڵگیرسانی جەنگی ئەستێرەکان لەنێوان زلهێزەکاندا بەخۆوە بینی، بەڵام ئەو جەنگە بەکردەیی هەڵنەگیرسا، چونکە هەردوولای جەنگە پێشبینیکراوەکە (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت)، لە ئاستی تواناکانی رکابەرەکەیان دڵنیانەبوون و پەنابردنە بەر شەڕیان بەجۆرێک لە سەرکێشی دەزانی.

ئێستا کە سیستەمی چاودێری، سیخوڕی و زانیاری کۆکردنەوە لای ئەو دوو هێزە لە ئاستێکی باڵادایە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و مەیدانی جەنگە پێشبینیکراوەکە یاریزان و لایەنی نوێی تێکەوتووە، دیارترینیان چینە کە پێدەچێ بەخێراییەکی زۆرەوە بۆ گەیشتنە رکابەرەکانی بەڕێکەوتبێت.

لەسەر زەوی، ململانێ، تووندی، دەمارگرتن و تەنانەت وردە شەڕیش لەنێوان ئەو سێ لایەنە سەرەکییەدا بەڕێوەدەچێت، لە ئاسمانیشدا پریشکی شەڕ پێدەچێ لە سەرەتاکانی هەڵگیرساندا بێت، بێئەوەی دیار بێت لەو شەڕەدا یاریزانەکان تا کام سنوور دەڕۆن؟


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif