نوسینی خراپ!

ليست هناك تعليقات

ڕەزوان یاڵانپێیی
-
یەکێک لە نوسینە هەرە خراپەکان ئەو نوسینانەن کە مرۆڤ ڕوو لە خوێنەرانی دەکات و وای نیشان دەدات کە بە زمانێکی واقیعی و حەقیقی لە گەڵیان دەدوێ، لە کاتێکدایە نوسەر بە زمانێکی خەیاڵاوی دو لە واقیع شتانێکیان بۆ ڕیز دەکات، نوسەری گەورەی میسر نەجیب مەحفوز لەسەر زاری پاڵەوانی یەکێک لە ڕۆمانەکانی دەڵێت مرۆڤ کاتێک ناتوانێ بە شێوەیەکی ئاسایی ژیانی خۆی بژیت، ئەوا پەنا دەباتە بەر نوسین و لە ڕێگای نوسینەوە جیهانێکی خەیاڵاوی بۆ خۆی دروست دەکات.

نوسینی فکری و فەلسەفی کاریگەری ئەرێنی زۆری بە سەر مێژوی جیهانی و مرۆڤایەتیەوە هەبوە، وەک نوسینەکانی جان جاک ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر کە بە کاریگەرترین هۆکارە گرنگەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی فەڕەنسی دادەنرێن لەئەوروپا، هەر ڕاپەرین و حەرەکەیەکی میللی ئەگەر بە نوسینی فیکری و نوسینی باش ڕێی بۆ خۆش کرابێت و پەروەردە کرابێت ئەوا ئەو شۆڕشە هەم جۆش و خۆشترە و هەمیش هیوای سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی زیاتر بەدەست دێت.

پەیوەندی نوسەر بەدەسەڵاتەوە، کە هەندێک کەس پێی وایە کە دەبێت نوسەر دژایەتی دەسەڵات بکات بۆ ئەوەی بە بیروبۆچونی ئەوان نوسەرێکی واقعبین و نوسەرێکی قەڵەم بەدەستی باش بێت، هەندێکی دیکەی نوسەر بەتەواوی نوسینی خۆیان دەخەنە خزمەت دەستەڵاتەوە و بیروباوەڕی خۆیان دەگۆڕن و لەکاتێکیشدا خۆیان باوەڕیان بە نوسینەکە نیە، باشتر وایە نوسەر نە دژایەتی تەواوی بێ هۆی دەسەڵات بکات بۆ ئەوەی خەڵکێکی دژ بە دەسەڵات لە خۆی ڕازی بکات و نە بە تەواوی سیفەتی کەسایەتی خۆی و بۆچونە واقعیەکانی خۆیشی لە دەست بدات.

کارێکی ناشیرین و قێزەونە کە نوسەرێک لە لایەک خۆی بە پیاوی دەسەڵات بزانێ و شاباشی گەورە وەربگرێت، لەلایەکی تریش باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مافی خەڵکی و پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی خەڵکی لەلایەن دەسەڵاتەوە بکات و بیەوێ بە شێوەیەکی زۆرزانی و فرە زانی و فێڵبازی هەردو بەرە هەم دەسەڵات و هەمیش ناڕازی دەسەڵات لە خۆی ڕازی بکات و بە شوێن پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی بێت و ئارەزوە مادی و مەعنەویەکانی خۆی تێر بکات، کە بەداخەوە زۆربەی نوسینەکانی نوسەران و ڕۆشنبیرانی ئێمە وان کە لە پشتی ئیمامی عەلیەوە نوێژ دەکەن و لەسەر سفرەی معاویە دادەنیشن، هەر بۆیە نوسینەکانیان کاریگەریان نابێت و ناچێتە قاڵبی نوسینی فکریەوە.

نوسەر دەبێ ئازادیشی تێدا بەدی بکرێت، ئازادی خەڵکی تر نەبەزێینێت و هەست و نەستی خەڵک بریندار نەکات، بەداخەوە هەندێک نوسین هەیە پڕە لە قسەی نەشیاو و ناشیرین، تەنانەت دەگاتە شێواندنی مقەدەساتی بەرامبەر، هێندە نوسیەکانی ژەهراوی، لەلایەک، لە ڕویەکی دیکە کۆمەڵێک نوسەر گیروگرفتی کۆمەڵ و کۆمەڵگا و گیروگرفتە سیاسیەکان و کۆمەڵایەتیەکان دەقۆزنەوە و گەنجان بەرەو ئاژاوەگێڕی و دەرئەنجامێکی خراپ و نادیار دەبات، بۆیە ئەم جۆرە نوسینانە دەچنە خانەی نوسینی خراپەوە، نوسینی خراپیش بەرهەمێکی باشی نابێت و ئاکامەکەی نوسەر لە کەسایەتی خۆیشی دەدات.








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif