یەكەم گەشتی دەرەوەی كازمی

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەئوف

مستەفا كازمی لە یەكەم گەشتی سیاسی بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆك وەزیرانی عیراق كە وڵاتانی ئێران و عەرەبستانی سعودیە و ئەمریكا دەگرێتەوە، زۆر دۆسێی قەبە و قورس لەخۆدەگرێت.

هەرچەندە بڕیاربوو گەشتەكەی لە عەرەبستانەوە دەستپێبكات، بەڵام تێكچوونی باری تەندروستی شا سەلمانی پادشای سعودیە، لەناكاودا رێڕەوی سەردانەكەی گۆڕی بۆ تاران، لەكاتێكدا سعودیە و ئێران وەكو دوو جەمسەری ئیقلیمی ‌و ركابەری شیعی و سوننی ئومێدی زۆریان لەسەر ئەو سەردانەی كازمی هەڵچنیوە، كە هەریەكەیان دەخوازن عیراق لەو ململانێ سەختەی نێوانیاندا بەلای خۆیاندا رابكێشن.

تاكو كار گەیشتە ئەوەی وەزیری دەرەوەی سعودیە رایبگەیەنێت كە هەڵبژاردنی سعودیە وەكو یەكەم وڵات بۆ سەردانیكردنی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە، هەڵوێستێكی بەرز و شەرەفمەندایە و دواخستنیشی بۆ ئەوەیە كە خاوەنشكۆ پێشوازی لێبكات ‌و گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت.

لە بەرامبەریشدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران كە 19/7/2020 سەردانی بەغدای كرد، رایگەیاند كە عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی خۆی پێشوازی لە كازمی دەكات و ئەمەش دووەم بەرپرسە كە خامنەیی دەیبینێت، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بۆیە دوو رۆژ دوای ئەو بەروارە، لە 21/7 كازمی بە سەرۆكایەتیی وەفدێكی رەسمیی گەیشتە تاران.

هەگبەی دۆسێكانی كازمی 
یەكەم دۆسێ كە پێدەچێت كازمی بیكاتەوە و گرنگ بێت بۆ دۆخی هەنووكەیی عیراق، كەمكردنەوە و خاوكردنەوەی گرژی و هەڵكشانی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و سعودیە و ئێرانە، ئەمەش لە رێگای گەیاندنی مەسج و ناوبژی سیاسی دەبێت لەلایەن كازمی-یەوە، هەرچەندە پێشتریش عادل عەبدولمەهدی هەوڵی بۆ دا، بەڵام ئاكامی نەبوو.

لێرەدا ئێرانییەكان مەبەستیانە نیازپاكی خۆیان بۆ كازمی دەرببڕن لە رێگەی ئەوەی مەسجێك بنێرن بۆ سعودیە و ئەمریكا، بەڵام ئەمریكییەكان كە ئامانجیان سنووردانانە بۆ دەستوەردانەكانی ئێران لە عیراق، لەم هەنگاوەی ئێران لە رێگەی كازمییەوە خۆشحاڵ نین.

هاوكات لەگەڵ ئەم باسوخواستانەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، كە وڵاتەكەی ئامادەی دانوستان و وتوێژە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری ناوچەكە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە و ململانێكان و پێداگری كرد لەسەر ئەوەی كە دیالۆگ تەنیا رێگایە بۆ چارەسەری قەیرانەكان.

یەكێكی تر لەو دۆسێ هەستیار و گرنگانەی كە كازمی لە سەردانەكەی ئێراندا باسیكردووە، بێگومان دۆسێی میلیشیا چەكدارەكانە، ئەوانەی كە نزیكن لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەتایبەتی كە كازمی لە بەرنامەی كابینەكەیدا هەر لە سەرەتاوە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت چەك بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و جگە لەوە لەهیچ لایەن و كەسێكی تری قبوڵ ناكات و پێدەچێت ئەم داخوازییەی لە ئێرانییەكان كردبێت، بەتایبەتی زۆرێك لەو گروپانەی وەلائیان بۆ ئێران هەیە.

هەر تایبەت بەم بابەتە، هەموومان شاهیدی پێكادان و بەریەككەوتنەكانی ماوەی رابردووی عیراق بووین.

هەربۆیە كازمی لە گەشتەكەیدا سەرنجی ئێرانییەكانی بۆ سی خاڵ و سی پێوەری گرنگ راكێشاوە، ئەوانیش:

1. پاراستنی سەروەریی عیراق.
2. بەرژەوەندیی باڵای گەلی عیراق.
3. بەرژەوندیی هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە سەردانی دەكات.

لەم هەنگاوەشدا ئەمریكییەكان پشتیوانی كابینەكەی كازمی دەكەن، هەروەكو لە زاری مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە رایانگەیاند.

دۆسێی وزە
یەكێكی دی لەو دۆسێیانەی كە كازمی باسی دەكات و خەمی گەورەیەتی، دۆسێی وزەیە، بە تایبەتی كارەبا كە لە 17 ساڵی رابردوودا كابینە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق دەستەوەستان بوون لە ئاستیدا، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 62 ملیار دۆلاریان بۆ خەرجكردووە.

هەرچەندە سەردانەكەی كازمی بۆ سعودیە دواخرا بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی پادشای وڵاتەوە، بەڵام پێشتر وەزیری دارایی عیراق و جێگری سەرۆك وەزیران چەند لێكتێگەیشتن و رێكەوتنێكی لەگەڵ ئیمزا كردبوون لە بوارەكانی وزە و فێركردن ‌و وەبەرهێنان و وەرزش و سێكتەری تریشدا.

هەر تایبەت بە سعودیە، لە 16\7\2020 لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسێكەوە، عیراق و ئەمریكا و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداوی عەرەبی رێكەوتن كە تۆڕی كارەبای عیراق ببەستنەوە بەوڵاتانی كەنداوەوە، ئەمەش كاردانەوەی ئێرانی لێدەكەوێتەوە و بەتایبەتی تائێستا عیراق 1200 مێگاوات كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، جگە لە غازی شل بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif