فراکسیۆنی کۆمەڵ: بەشداریی کۆبوونەوە ناکەین ئەگەر وەزیرەکان بەشدارنەبن

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رووداو، رایگەیاند بەشداری لە کۆبوونەوەی 27ی تەممووزی پەرلەمان ناکەن ئەگەر وەزیرەکان بەشداری نەکەن و دەشڵێت "پارتی و یەکێتی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن".

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات "تەوەری هەر دانیشتنێکی پەرلەمان پەیوەندیی نەبێت بە ژیان و گوزەرانی ئێستای خەڵک، بەشدار نابین"، دەشڵێت، پارتی و یەکێتی پەرلەمانیان "دەستەمۆ" کردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان باسیشی لەوە کرد "داوامانکردووە حکومەت لەڕێگەی پەرلەمانەوە روونکردنەوە لەسەر قەرزەکانی بدات. نابێت هیچ کەسێک خۆی لە پەرلەمانی کوردستان پێ بەرزتربێت". ئەوەشی خستەڕوو "وەزیرەکان لە پەرلەمان ئامادەبن ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوە دەکەین. کۆمەڵ داوایکردووە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە پەرلەمان ئامادەبن."

سەردانی شاندەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا مژارێکی دیکەی ئاخاوتنەکان بوو، عەبدولستار مەجید گوتی "هەشت گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا کراون، پەرلەمان ئاگای لێ نییە. پەرلەمانی کوردستان ئاگاداری گفتووگۆکانی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا نییە، رۆڵی پەرلەمانی کوردستان کەمکراوەتەوە. بەجۆرێك پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەستەمۆکراوە و پەرلەمان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە".

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی کاری ئۆپۆزیسیۆنیان ئاماژەی بەوە دا "لە هەموو وێستگەکان هەڵوێستمان هەبووە. لە وڵاتانی پێشکەوتوو سەرۆکی پەرلەمان لە ئۆپۆزیسیۆنە بۆئەوەی بتوانێت چاودێریی ئەدای کارەکانی بکات".

عەبدولستار مەجید ئەوەشی گوت "داوامانکردووە کەیسەکەی سۆران عومەر بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، چونکە پێموانییە دادگاکان سەربەخۆبن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif