ڕاپۆرت: دیموکراسییەت بە لولەی دەبابەکانەوە دێت و دەمێنێتەوە؟‌

ليست هناك تعليقات


ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ناوچە هەرە گەرم و پڕ رووداوەکانی جیهانە، زۆربەی ناکۆکییەکانی جیهان لەم ناوچەیەدا یەکلادەکرێنەوە، بۆیە بووە بە شوێنی دەیان جەنگ و پێکدادانی خوێناویی، لەم ناوچەیەدا کە دەیان کودەتای سەربازی تێدا ئەنجام دراوە، بەردەوام باس لە هێنانی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ دەکرێت.

تورکیا؛ وڵاتی کودەتاکان
یەکێک لەو وڵاتانەی کە بە دەست کودەتا و هێزی سەربازییەوە ناڵاندوویەتی تورکیایە، ئەو وڵاتەی نزیکەی هەموو ١٠ ساڵ جارێک فەرماندەکانی سوپا کودەتا ئەنجام دەدەن، وڵات دەکەن بە سەربازگە و دواتر بە ئاسانی کورسیی بۆ دەسەڵاتی مەدەنی چۆڵ ناکەن.

لەم وڵاتەدا تاکو ئێستا چەندین کودەتا ئەنجامدراون، کودەتاکان زۆەربەیان لەلایەن ئەو فەرماندانەی سوپاوە ئەنجام دراون کە نیشتمانیی و نەتەوەیی بوون، بیانووی هەموو کودەتاکنیشیان ئەوە بووە کە دەسەڵات لە بنەماکانی کۆماری تورکیا لایداوە و تورکیا و ئاسایشە نەتەوەییەکەی خراونەتە مەترسییەوە.

یەکێک لە کودەتا دیار و بەناوبانگەکانی ئەم وڵاتەش کودەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بوو، کە لەلایەن کەنعان ئێڤرەنەوە سەرپەرشتیکرا و حکومەتەکی سولەیمان دەمیراڵ لەکارخرا، ئەمەش سێیەمین کودەتا بوو لە دوای کودەتاکانی ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ و ١٢ی ئازاری ١٩٧١.

سەرەڕای ئەوەی هەموو کودەتاکان بە بیانووی هێنانی دیموکراسی ئەنجام دراون، بەڵام ئەوانەی لەم وڵاتەدا ئەنجامدران تورکیایان بردە دواوە و هەزاران کەسیشی کردە قوربانی، دیموکراسیش هێندەی دیکە پاشەکشەی کرد و دەسەڵاتی سەربازەکان بەهێزتر بوو.

مالی؛ دیموکراسی بەسەر دەبابەکانەوە
لەگەڵ ئەوەی قۆناغی دوای کودەتاکان بریتییە لە زاڵبوونی دیکتاتۆرییەت، بەڵام ئەزموونی وڵاتی مالی شتێکی دیکە بوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کودەتاچییەکان دوای کودەتاکەیان لە ساڵی ١٩٩١ دەسەڵاتیان رادەستی دەسەڵاتی مەدەنی کردەوە.

دوای چەند رۆژێک لە خۆپیشاندان لەو وڵاتەدا گروپێک لە فەرماندەکانی سوپا هەستان بە لابردنی موسا تەراروی لە پۆستی سەرۆکی وڵات، ئەوەش دوای مانەوەی بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لەو پۆستەدا.

توێژەران هۆکاری سەرەکی ئەم کودەتایە بەسەر تەرارویدا بۆ کوشتنی سەدان خۆپیشاندەر دەگەڕێننەوە کە لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەنجامدرا، ئەمەش ئەو فەرماندانەی سوپای ناچار کرد دەستوەردان بکەن و لە دەسەڵات دووریبخەنەوە.

دوای ئەنجامدانی کودەتاکە ئامادۆ تومانی تۆریە فەرماندەی کودەتاکە بەڵێنی دا دەسەڵات رادەستی حکومەتی مەدەنی بکات و بەڵێنەکەشی بردە سەر، دوای ١٠ ساڵ تۆریە لە سوپا خانەنشین کرا و هاتە نێو سیاسەتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تاکو لە ساڵی ٢٠١٢ کودەتای بەسەردا کرا لە پۆستەکەی بەردەوام بوو.

ئەم کشانەوەی تۆرییە دوای کودەتاکەی و رادەستکردنی دەسەڵات بە حکومەتی مەدەنی نموونەیەکی دەگمەن بوو لە ناوچەکەدا، بۆیە هەمیشە بە گرنگییەوە باسی دەکرێت.

دوای کودەتاەی ١٩٩١ مالییەکان دەستورێکی نوێیان دانا کە گرنگترین مادەی ئەوە بوو هەموو پێنج ساڵ جارێک دەبوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و سەرۆکیش دەتوانێت بۆ جاری دووەم خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بە شێوەیەکی دیموکراسی لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا و رۆژنامەنووسی بەرگریکار لە دیموکراسی ئەلفا کوناری بوو بە سەرۆکی وڵات.

دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٢ و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئاڵوگۆڕی پێکرا، ئەمەش بوو بە نموونەیەکی دیاری دیموکراسی لە کیشوەری ئەفریقا.

ئەم ئەزموونە دیموکراسییە بە کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٢ بەسەر تۆرییەدا خرایە مەترسییەوە، ئەم کودەتایەش کاتێک روویدا تۆرییە چەند رۆژێکی کەمی مابوو کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەییەکەی بێت.

هۆکاری سەرەکی ئەم کودەتایەش ئەوە بوو، سەرەڕای بوونی دیموکراسی، بەڵام هەژاری بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردبوو کە گەیشتە ٦٨٪، نەخوێندەواری گەیشتە ٢٨٪، ئەوە جگە لە کێشەی بێکاریی و چەندین کێشەی دیکە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەزموونی دیموکراسیی نموونەیەکی بێوێنە بوو لە ئەفریقا.

مۆریتانیا
دوای مالی مۆریتانیا ئەو وڵاتە بوو کە هیوای بە ئەفریقا بەخشی، ئەزموونە زۆر کورتە دیموکراسییەکەی مۆریتانیا ژیانی بەبەبەر مێژووی دیموکراسییەتدا کردەوە لەو کیشوەرەدا، بەڵام زۆری نەخایاند ئەم دیموکراسییەتە بوو بە ژێر زنجیری دەبابەکانی سوپای ئەو وڵاتەوە.

لە ساڵی ١٩٩١وە چەند چاکسازییەک لەلایەن سوپاوە ئەنجامدرابوو، کە بڕیاریدا بوو فرەحزبی پەیڕەو بکرێت و ئازادیی رۆژنامەگەریی فەراهەم بکرێت، رەخنەگرانیش پێیان وایە بەشێکی ئەم چاکسازییانە دەرئەنجامی هەوڵ و فشارەکانی میترانی سەرۆکی فەڕەنساوە بووە.

ئەعلا ولید محەممەد فال لە ساڵی ٢٠٠٥ کودەتایەکی بەسەر معاویە وەلید تایع سەرۆکی وڵاتدا ئەنجامدا و بەڵێنی دا کە دوای کودەتا دەسەڵات رادەستی سەرۆکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە دەکات، ئەمەش دوای دوو ساڵ لە قۆناغی کاتیی، فال بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر و هەڵبژاردنەکەی ساڵی ١٩٩٧یش بە پاک و بێگەرد دادەنرێت.

ئەم ئەزموونە دیموکراسییە تەنها ساڵێک تەمەنی کرد، ئەوە بوو دوای ساڵێک محەممەد وەلید عەبدولعەزيز کودەتای بەسەر سەيدى محەممەد وەلید شێخ عەبدوڵا یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتدا ئەنجامدا، کە چاودێرانی ئەو وڵاتە بە کودەتا بەسەر رۆحی گۆڕان و ناوەڕۆکی دیموکراسی ناوی دەبەن.

لە دوای ئەم کودەتایەوە، سوپای ئەو وڵاتە توانی پێگەی خۆی لەنێو پڕۆسەی سیاسیی و دەوڵەتدا بەهێز بکات، فەرماندەکانی سوپاش بەردەوام لە رێگەی هەڵبژاردنە داخراوەکانەوە کە گومانی زۆریان لەسەرە، لە نێوان خۆیاندا دەسەڵات ئاڵوگۆڕ پێدەکەن.
ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif