شەڕی دانپێدانان

ليست هناك تعليقات
فارس نەوڕۆڵی
-
مرۆڤ لە لەدایک بوونییەوە و ھەر لە سەرەتای منداڵییەوە، چی بە ھاوار ھاوار، چی بە زمانی جەستە داوای پێزانین دەکات. کاتێک منداڵ ھاوار دەکات گەورەکان درەنگ لێی تێدەگەن کە داواکاری ھەیە برسییەتی، ئەم گریانە بۆ ئەوەیە کە بزانیت برسییەتی، بەڵام ھەندێ گریان و ھاوار ھەیە گەورەکان و دایک و باوک لێی تێناگەن پزیشکەکان نەبێت چونکە ھەموو ھاوارێکی منداڵ برسییەتی نییە، ئەگەر سەیری کۆمەڵگای دواکەتوو یاخود تازە پێگەشتوو بکەی دۆخی سیاسی و ئەقڵی سیاسی وەک دۆخی منداڵ وایە کە ویستی شتێکی ھەبوو دەست دەکات بە ھات و ھاوار چونکە وا ھەست دەکات زمانی قسەکردن ڵاڵە و گوێی بیستن کەڕە، نمونە گەلی کورد لەلایەن زلھێزەکانەوە دابەشکرا بۆ چوار بەش لەو کاتەوە کورد لە شەڕی ئیعتراف دایە ئێمە ئەنفال کراین، کیمیاباران کراین، شەڕەکەمان وەک ئەفسانەی، سیزیف، ھەمیشە بەردەوام بووە بۆ لوتکە و ھاتوینەتەوە خوارەوە، ئەم بەردەوامیە شەڕی دوو ئاگاییە لە پێناو ئیعتراف کردن و ئیعتراف نەکردندا، ئێمە قوربانیمان داوە تا جیھان بمانبینێ و ئیعترافمان پێبکەن بەڵام تا ئێستا جێگای ئیعتراف نین بۆ دۆخی دەوڵەت، ئەوەی کێشە گەورەکەیە ئیعترافی ناو خودی کورد خۆیەتی بەخۆی، تا ئێستا رێکنەکەوتووین کە ھەموومان یەک سەرچاوەمان ھەبێت وەک کارەکتەر وەک داینەمۆ بۆ جوڵاندنی ھێزی گشتی میللی کە ئەمەش پێویستی بە گرێبەستی سیاسی کۆمەڵایەتییە.

ھەتا ئەم ناوەندە باڵایەمان نەبێت لەسەر ئاستی گشتی جێگای ئیعترافی ھەموومان بێت و ببێتە فریادڕەس لامان ئەوا ئیعترافەکان بۆ ئاستی گشتی و ھێزەکان بەتەواوی لەنگەر ناگرێ، ئەمەش دەبێ ئەو ناوەندە باڵا و فریادڕەسە ھەر کەس لە رێگای خۆیەوە بۆی بڕوات لە رێگای ئەوانی دیکەوە بۆی نەڕوات چونکە گرێکان راستەوخۆ دەستی بۆ نەبەین ناکرێنەوە، ئەم گرژییەی ئێستای ھەرێم بەشێکی پەیوەندی بەو شەڕی ئیعترافەوە ھەیە، ئەوەی خاڵی ئیجابییە لەم دۆخەدا پێدەچێ لە ئەقڵی حیزبەکان گۆڕانێک رووی دابێت کە خاڵێکی ئەرێنیە، ئەویش گواستنەوەی شەڕە لە شەڕی سڕینەوەی یەکتری بۆ شەڕی ئیعتراف.

ئەم گۆڕانکارییە دەبێت بمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی بەدوای کۆدی ھاوبەشدا بگەڕێین بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکان، ئاخر ناکرێ نەتەوەیەک بە درێژای مێژوو لەگەڵ داگیرکەران و لەگەڵ جیھاندا لەشەڕی ئیعتراف دابێت و کەچی بۆ ناو خۆشی شوێنێک نەکەن بە جێگای ئیعترافی ھەموویان، بۆ ئەوەی لەو جێگاوە پڕۆسەی ئیعتراف لە رێگای گرێبەستەوە دابەش بکرێت بەپێی بونیاد و ھێزی کۆمەڵایەتی ھێزەکان، ئێستا ھێزەکان گەشتنە ئەو باوەڕەی کە ناتوانن ئەوی دیکە بسڕنەوە، کەواتە دەبێت دابەزن بۆ ئاستێکی ئیعتراف بۆ ئاستێک لە چوارچێوەی میللی و یاسایدا، ئەمەش بەوە دەبێت ھیچ لایەک بۆ ئیعتراف بەدەستھێنان تەقدیری زیاد لە پێویستی خۆی نەکات بۆ سەرووی بەرژەوەندی گشتی چونکە ئەمە دەچێتە دۆخی( خود جاھیلی) و لێرەوە بەرەو کارەسات دەڕوات.

کەواتە دەبێت پێش ئەوەی گەردەلوولی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە را پێچمان کات پەلە بکەن لە کۆکردنەوەی ماڵی کورد دا، ھەر چەند زەحمەتە بەڵام موستەحیل نییە، بۆ ئاسایی بوونەوەی ئەم دۆخە ھێوربوونەوەی خۆمان پێویستە، ئەمەش دەبێ بیرمان ھێورکەینەوە و لەژێر دەستی ئەقڵی سادەی فەیسبوک چی بیھێنینە دەرەوە و سیاسەت لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیدا وەرگرین، چونکە لەم رێگەیەوە دەگەینە مەعریفەی سیاسی و ھەڵھێنانی مەتەڵە سیاسیەکان ئەوکات کێشەکان بە ئاسانی چارەدەبن.

بۆ کۆکردنەوەی بۆچوونەکان و تێگەشتن لە مانای ئیعتراف ئەو جیھان بینیەی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکی ھەرێم کردوویانە بە بنەما بۆ جوڵەکردن بە ھەموو لایەک دەڵێت (ھیچ رێگرییەک نییە کە ئێمە رێک نەکەوین تەنھا کەوچکێک دڵسۆزی دەوێت) کەواتە دەبێت ئەقڵانی ئیدارەی ململانێی ناوخۆ بدەین، وەک زانست و لۆژیک ھەوڵی بەدەستھێنانی ئیعتراف بدەین و لێی تێبگەین نەک بە نەفەسی ئینکاری و خۆسەپاندن بەرژەوەندی کوردیش لەوەدایە ھەموو ھێزە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەپێی پێگە و قورسایی و رۆڵی یەکتری ئیعتراف بە یەکتر بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif