دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند فەرمانێکی ئەنجوومەنی دادوەری بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی چەند دادوەرێک، بەوە وەسفکرد پاڵپشتیی یاسایی نییە، چونکە پشتی بە یاسایەکی فیدراڵی بەستووە و پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە.
دەستەی دەستپاکیی هەرێم کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا، کە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی دادوەری کردووە، ئاماژەی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنەکە کردووە، لەبارەی درێژکردنەوەی خزمەتی چەند دادوەرێک و تێیدا هاتووە، "ئەم بڕیارەتان پاڵپشتیی یاسایی نییە".
لە نووسراوەکەدا هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، ئەنجوومەنەکە لە فەرمانەکەیدا ئاماژەی بە یاسای درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرانی ژمارە 39ی ساڵی 2007 کردووە، لە کاتێکدا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە، بەوپێەی بڕیارەکە فیدراڵییە و بەپێی بڕیاری ژمارە 11ی ساڵی 1992، دەبێت لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بکرێتە یاسا، دواتر دەتوانرێت جێبەجێبکرێت.
دەستەی دەستپاکی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "ئەو بڕیارانە تەنها پەیوەست نییە بە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵکو پەیوەستە بە هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، بۆیە نابێت ئەو بڕیارە هیچ لێکەوتەیەکی دارایی هەبێت و داواکارین هەڵیبوەشێننەوە".
دەستەکە داوای لە ئەنجوومەنی دادوەریش کرد، ئەگەر پێویستیانە خزمەتی دادوەرەکان درێژبکرێتەوە، "داوا لە پەرلەمانی کوردستان بکەن کە یاسای ئاماژەپێکراو بە بڕیارێک لە کوردستان کاری پێبکرێت".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق