عەمبارەکانی نەوتی ئێران لە پڕبوون نزیک بوونەتەوە

ليست هناك تعليقات

ئاژانسی ڕۆیتەرز، دوێنێ سێشەممە، ئاشکرای کرد بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە و عەمبارەکانیش پڕ بوون، بەوپێیەی سزاکانی ئەمریکا و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تەنگی پێ هەڵچنیون. 

ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەندێک ماڵپەڕی داتای تایبەت بە پیشەسازیی نەوت و بازرگانیی وڵاتانی جیهان، ڕاپۆرتێکی لەبارەی بڕی نەوتی عەمبارکراوی ئێران و بارودۆخی وڵاتەکە بڵاوکردەوە، لە کاتێکدا ماوەی دوو ساڵە، سزاکانی واشنتن بەسەر تاراندا سەپێندراونەتەوە و پەتای کۆرۆناش تەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە زانیارییەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی فاکتس گلۆبەڵ ئینێرجی کراوە، کە ئاشکرای کرد لە مانگی نیساندا بڕی نەوتی عەمبارکراوی ئێران، 54 ملیۆن بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەم، تەنها 15 ملیۆن بەرمیل بووە، لە مانگی حوزەیرانیش بۆ 63 ملیۆن بەرمیل بەرز بووەتەوە.

دامەزراوەی کپلێر بۆ زانیاریی هەواڵگریی بازاڕ، مەزەندەی ئەوەی کردووە تێکڕای نەوتی عەمبارکراوی ئێران 66 ملیۆن بەرمیل نەوت بێت. لە کاتێکدا ئەم بڕە دەکاتە لە سەدا 85ی قەبارەی توانای عەمبارکردنی وڵاتەکە.

داتاکانی ماڵپەڕی ڤێسڵز-ڤالیو ئەوەی خستووەتەڕوو، ئێران 54 کەشتیی نەوتهەڵگری هەیە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتەکە. وتەبێژی گرووپی کۆمپانیاکانی نۆردن بۆ گواستنەوە ڕوونی کردەوە، "پێشبینی دەکرێت عەمبارکردنی نەوتی وڵاتەکە بەردەوام بێت، بەوپێیەی پێناچیت کەشتییەکان بتوانن بەمزووانە بازرگانی بکەن".

ساڵی 2018 سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند لە ڕێککەوتنی ناووکی لەگەڵ ئێران دەکشێتەوە و سەرجەم سزاکانی پێشووی، بە زیادیشەوە، بەسەر ئێراندا سەپاند. ئەمەش وای کرد مامەڵە بازرگانییەکانی تاران نزیک لە وەستانی تەواوەتی ببێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، وەک ڕێکارێکی تەندروستی زۆرینەی سێکتەرە پیشەسازییەکانی ئێران وەستان، کە ئەمەش کێشەیکی دیکەی بۆ ئابووری و بازرگانیی وڵاتەکە دروستکرد.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif