محمد نوری
-
١-خەتای نەنكمە
ئەبو حەسەنی ئەشعەری لە یەكێك لەمزگەوتەكانی بەسڕە وانەی بە قوتابییەكانی دەوتەوە،بەڵام كە لەوانەكە بووە تەماشای كرد ئەو قورئانەی كە داینابوو دزراوە ،تەماشای روخساری قوتابییەكانیشی كرد هەمووی لەتاو تەقوا وبابەتی ناودەرسەكە چاویان پڕە لە فرمێسك وبەگوێڕایەڵی دانیشتووبون،بۆیە رووی كردە قوتابییەكانی پێی وتن :هەمووتان دەگرین ئەی كەواتە كێ قورئانەكەی دزی ؟
هەمووتان باسی گەندەڵی دەكەن ،هەمووتان باسی چاكسازیی وچاكردن وباشكردنی حكومڕانی دەكەن ،لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر قسە و فەیسبووكتان پڕە لە دروشمی چاكەی گشتی وگەڕانەوەی هەقی میللەت و پاكسازیی وپاكردنەوەی وڵات لە گەندەڵكار و لادەر ودز .هاوارتان دەڵیی سەدای بولبولە كاتێك باسی مافی خەڵك وموچەخۆردەكەن، پڕمان دەكەن لە رستەی پڕ جوانی شەفافیەت و نەهێشتنی مەحسوبیەت و گەڕانەوەی دەستپاكیی بۆ هەموو جومگەیەك .
تەماشابكەن ئەو بەرپرسانەی كە كە دوێنێ لە لوتكەی دەسەڵاتبوون ،پەرلەمانتارەكانی تەمەنێكە خانەنشینی وەردەگرن،وەزیر وبریكارەكانی عەیامی زوو ،سەركردایەتییەكان وبەرپرسە حزبییەكانی كە نەك خۆیان،بەڵكو كچ وكوڕ وبوكەكانیشیان خاوەنی دەیان پرۆژەی قەبەی بازرگانین، ئەم لەشكرە لە خەڵكی دەوڵەمەندبووی دوای راپەڕین هەموویان دەڵێن گەندەڵی هەیە ، كەواتە كێ گەندەڵە؟ ئەوان دەنگی تەقوای راستگۆیی ودەستپاكی بەرزدەكەنەوە، ئەی كەواتە كێ قورئانەكەی دزی ؟
یادی بەخیر دایكی باوكم ساڵی ١٩٥٦بەنەخۆشی كۆچی كردوە ،تەنانەت باوكم بە خەیاڵ شكڵی دایكی خۆی دێتە بەرچاو ،نەنكم پێش روخاندنی پادشایەتی وهاتنی ئاشوبی كۆماریی ماڵئاوایی لە ژیان كردوە ،زۆرجار گومانم لادروستدەبێت ،لەخۆم دەپرسم :تۆ بڵی هۆكاری گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەو نەنكەی من نەبێت؟
٢-نەخۆشخانەیەك بۆ درۆزنەكان
ئەدوارد میتشل (١٨٥٢-١٩٢٧)یەكێكبوو لەو چیرۆكنووسانەی كە چیرۆكەكانی دەچێتە خانەی خەیاڵی زانستی . یەكێك لە رۆمانە كورتەكانی بە ناوی (رۆژێك لەگەڵ درۆزنەكانە)،ئەم رۆمانە باسی پیاوێكی دەوڵەمەند دەكات كە دوای مردنی وەسیەت دەكات سامانەكەی تەرخانبكرێت بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەك بۆ چاكبوونەوە لەدرۆ ،وەسێتەكەی جێ بەجێ دەكەن ودەزگاكەیەك بۆ دەربازبوون لەدرۆدروستدەكەن . كاری ئەم دەزگایە وایە كە بەچەند قۆناغێك خەڵكی درۆزن چاكبكەنەوە ،قۆناغی یەكەم شەش مانگی زۆرە ملێی كە كەسەكان تیكەڵ دەكرێن تا زۆرترین و قورسترین درۆ بكەن تا وای لێدیت خۆیان ئیترقیز لە درۆ بكەنەوە .
كاتی نەهاتوە ئەم چیرۆكە بكەینە واقع؟ پێویست بەوەناكات لەم هەرێمەدا نەخۆشخانەیەك بۆ درۆزنەكان دروستبكەین؟ بەڵام ئایا چەند هەزار دۆنمان دەوێت بۆئەوەی دەزگایەكی وا بونیادبنێن؟ چەند هەزاركەس دەخرێنە ناو ئەم نەخۆشخانەیەوە ؟ چۆن راستگۆ لە درۆزن جیابكەینەوە ؟لەكاتێكدا هەمووی بەناوی راستییەوە شانامەی درۆ دەڵێن ،هەمووی درۆ بەراستی دەفرۆشنەوە ، كەواتە نەخۆشخانەیەكی وا پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە نەخۆشی سیاسییەكان و رۆژنامەنوسان وبازرگانەكان و هونەرمەندان و چالاكەوانەكان و هەموو چین وتوێژێك، هەرچەندە هەر چارەسەریش نابن،چونكە هەستدەكرێت درۆ بووەتە بەشێك لە خانەی زیندووی لەش لەسەردەمی دوای راپەڕینەوە.
٣-مەنجەڵ و سەرقاپەكەی
ئیبن ئەسیر كە یەكێكە لە مێژوونوسەكانی عەرەب باس لەوەدەكات،كاتێك خەڵك وەلیدی كوڕی عەبدولمەلیكی خەلیفەیان دەدی پرسیاری تەلار وكارگەیان لێدەكرد چونكە بەوە باناوبانگ بوو . كە سلێمانی كوڕی عەبدولەملكیان دەدی پرسیاری خورادن و ژنهێنانیان لێدەكرد ،چونكە ئەم خەلیفە بە ژن وخوردنی خۆش ناوبانگی دەركردبوو .بەڵام كە عومەری كوڕی عەبدولعەزیزیان دەدی باسی نوێژ وقورئان ورۆژوگرتنیان لێدەكرد ،چونكە بە تەقوا ودەستپاكی ناوبانگی دەركردبوو .
بۆیە ئاساییە ئێستا هەمووی كە بەیەك دەگات باسی گەندەڵی و بێ ریزیی و جنیو و درۆ بكەن چونكە مەجلیسی بەردەوام ئەوەیە . قابیلە لەگەڵ سەركردایەتیی حزبەكان باسی دەستپاكی بكرێت؟
كەواتە موناقەشە و گفتوگۆكانمان هەرهەمووی بووتە باسی گەندەڵی وبردن و خواردن .
هەر وابوەسەرقاپ بەدوای مەنجەڵی خۆیدا دەگەڕێت
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق