ماجد خلیل
-
لە پەراوێزی مەرگی (ئەحمەد رازی) دا
شقارتە، هەموومان بینیومانە، کارتۆنێکی لاکێشەیی بچوک، وەکو سکەیەک پاڵت پێوەدەناو گورزەی شەمچەکانی دەهاتە دەرێ، کە سی چل چیلکەی باریکی سەرداپۆشراو بە کبریتی سورو سەوزی تێدابوون. ئەوانە پێیان دەوترا دەنکە شقارتە، یان شەمچە.
لاکانی کارتۆنەکە زبرو روشبوون. سەرە چیلکەکەی لێدەخشێنراو کڵپەی ئاگرێک، لە شێوەی گڕی مۆمێک بەرز دەبوویەوەو لەماوەی پێنچ چرکەدا بەرەبەرە چیلکەکەی دەسوتان.
چیلکەکەش لارو رەش دەبوویەوە. کاتێ سیگارێکت پێ دادەگیرساند، ئیدی بەفویەک یان چەندجارێ راتدەوەشاند، گڕەکە دەکوژایەوەو چیلکەکە فڕێ دەدرا.
هەندێک جاریش کە دانێکمان کلۆربووایەو ژانی هەبووایە، دەیانوت ئەو کبریتەی تێڕادەن خاس دەبێت.
زیاد لە بیست ساڵە شقارتەم نەدیوەتەوە. چەرخ کە ئێرانی پێیدەڵێن فەندەک، هاتوو بۆ هەتایە مۆمی شقارتەی کوژاندەوە.
خۆ پێشتریش چەرخ هەبوو، وەلێ کڵاش لەپێی مەیدانەکە هەر شقارتەبوو، وردەوردە چەخ هاتوو بەڕەی لەژێرپێی شقارتەدا سوتاند. ئێستە شقارتە یادگاییەکەو بەس.
تەمەنی ئەو سەدو هەشتا ساڵێ بوو، ئینگلیزەکان لەسەدەی نۆزدەدا دایانهێناو لەسەدەی بیستویەکدا بێماڵئاوایی سەری نایەوە.
شقارتە کارگەکانی عێراق خاسیان دەکرد، لەنەوەدەکاندا شقارتەی ئێرانیشم بینی، لەسەرەوە لێیان نوسرابوو:کبریت تبریز، یان میانگین خلال ٤٠ عدد.
شقارتە لە یادەوەریی ئێمەدا داگیرساوە. بەرگی سەر شقارتەکان، کایەیەکی کەلتوریی زاڕۆیمان بوو، وێنەکانمان هەڵدەهێناو کۆمان دەکردنەوە. رەسمێن، یان رەسم رەسمێنە رازی کوشتنی کاتەکانمانی لەخۆیدا حەشاردابوو.
رەسمێن، بە دوو کەس و سێ کەس دەکرا، بەنۆرە رەسم دادەنرا، گەر ئەو وێنەیەی بەرانبەر دایدەنا، وەک ئەوەی تۆبووایە، ئەوە تەواوی ئەو وێنانەی کە تۆ داتناون دەیبردنەوە. هەندێ زاڕۆی بەدجنس و عەجول هەبوون، لەکاتی رەسمێنا غەشیان دەکرد، دەیانوت تەڵەمانداناوە، ئیتر هەزار بەزمۆ رەزمی گزیکردن هەبوون.
رەسمێن رێک وەک پۆپجی ئێستا ناوی بە خراپی رۆشتبوو، منداڵی زەنگین و شلە شارییەکان قەرەی بەرگە شقارتەو رەسمێن نەدەکەوتن. زیاتر یارییەکی کوڕانە بوو. لە کولتوری کوردەواریدا یارییەکانی منداڵ، لەنێوان کوڕو کچدا جیاوزبوون. کچان خەتخەتێن و پەتپەتێن و کوڕانیش رەسمڕەسمێن و قەرەقەراو هتد. بەڵام ئێستە رەسم و وێنە لە قەڵەمڕەوی سناپ و ئینستادا، زیاتر لەلایەن کچانەوە قۆڕغکراون.
وێنەکانی ئەودەم گەلێ لە شوێنەوارەکانی عێراق و ناوچەکە بوون، هەندێ وێنەی ئەفسانەیی و سەرەگاکەی عەشتارو ئەفلام کارتۆن و وێنەی یاریچییەکان بوون. بۆیەکەمجار وێنەی (ئەحمەد رازی)م بە بەرگی شقارتەوە دی، نازانم بەرگی شقارتەبوو یان رەسمی بنێشت. ئای خودایە، سەرچاوەی یارییە کلاسیکییەکان چۆن چۆڕەیان بڕاو زەڕدەواڵەی تەکنەلۆژیا لێیدان، چلۆن وێنەو رەسم و گەمەکان لەگەڵ تەمەنی زاڕۆیمان ئەوانیش گەورە نەبوون و جێیان هێشتین. هیچ لەو وێنانە نەهاتن لەگەڵمان، بەدەگمەن رەسمی سەر شقارتەکانیش هاتن بۆ ئێرە، ئەوانیش بەرگەی ئەم بەڕبەڕیەت و پەتای ژیانە ناگرن، داعش شوێنەوارەکانی تەقاندەوەو کۆرۆنا کێوێکی یادەوەری و ئەفسانەی گۆڵگۆڵێنی کاڵکردەوە.
ئای خودایە وێنەکان تا رەسوسپی بوون، رەنگینتر دەهاتنە ناو ناخمانەوە، وێنەکان تا سادەتر بوون، خاکیتر لە خەیاڵماندا ئۆقرەیاندەگرت.
ئێستا وێنەکان رەنگاورەنگ و روون و رەوانن، وەڵێ لەناو ناخماندا رەشوسپین، لە رۆحماندا تاریکن، پیسبونی چاو، پیسبونی ژینگە، پیسبونی رۆح، پیسبونی ژیانیان نەخشاندووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق