کێ بەرپرسیاری هەڵکشانی کۆرۆنایە؟

ليست هناك تعليقات

دكتۆر فایق گوڵپی
-
ماوەی چەند رۆژێکە لە سلێمانی و پاریزگاکانی تری هەرێم، پەتای کۆرۆنا سەریهەلداوەتەوە، بەرپرسانی دەسەلات کەمتەرخەمی خەڵک بە هۆکاری سەرهەلدانەوەی پەتاکە دادەنێن، منیش دەڵیم هۆکاری هەڵکشانەوەی پەتاکە ئەمانەیە.

١.رێنمایی تەندروستی و پشکنینی کۆرۆنا، لە خاڵە سنوریەکانی نێوان هەرێم و ئێران جێبەجێنەکرا، بە جدی پشکنین بۆ ئەو کەسانە نەکرا کە لە ئێرانەوە دەگەرانەوە، یان بۆ ئەو بازرگانە ئێرانیانەی سەردانی هەرێمیان دەکرد، دوێنێ کەناڵی تەلەفزیۆنی NRT رایگەیاند کە ١٨ هەژدە رۆژە لە خاڵی پشکنینی باشماخ پشکنین بۆ کەس نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران سەرچاوەیەکی سەرەکی گواستنەوەی کۆرۆنای هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە لە شارێکی سنوری وەک پێنجوێن، لە یەک رۆژدا ٥١ کەس تووشی کۆرۆنا دەبن.

٢.دەسەڵاتی هەرێم بە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆوە، نەیتوانی قەناعەت بە خەڵک بکات کە کۆرۆنا هەیەو و نەخۆشیەکی مەترسیدارە، بۆ خۆپاراستن دەبێت رێنامیی تەندروستی پەیرەو بکرێت.

٣.حکومەت نەیتوانی دەرمانی پێویست بۆ پشکنینی خەلکی گومانلێکراو بە دەستبخات، لە پارێزگای سلێمانی چەندان ئەندام پەرلەمان و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی رایانگەیاند، ژمارەی ئەو پشکنینانە بۆ خەڵکی سلێمانی دەکرێت لە چاو شارەکانی تری هەرێمدا، کەمە، کەچی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی، بەرپرچی رەخنەی ئەو کەسانەیان دایەوە و وتیان ئەوە راست نییە.

٤.لە کاتی بڵاوبونەوەی پەتاکەدا لە پارێزگای سلێمانی، چەند کەسێک کۆچی دواییانکرد، بەرپرسانی ئیداری تەندروستی دەیانوت ئەو کەسانە بە هۆی کۆرۆناوە مردوون، بەرپرسانی زانستی-پزیشکی نەخۆشیەکانی کۆرۆنا دەیانوت ئەو کەسانە بە کۆرۆنا نەمردوون و بە دەردی تر مردوون. ئەم بۆچوونە ناکۆکە لە سەر هۆکاری مردنی ئەو نەخۆشانە، هێندەی تر خەلکی کوردستانی لە دەزگا تەندرستیەکانی هەرێم بێمتمانە کرد.

٥.قەرەنتینە و پشکنینی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی هەرێم گەرانەوە، کەمتەرخەمی و گەندەڵی تێداکرا، بازرگانێکی خەڵکی دەربەندیخان لە ئەوروپا گەرایەوە، لە فرۆکەخانەی سلێمانی قەرەنتینە نەکرا.دوایی دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەهۆی ئەوەوە نزیکەی ٣٠-٤٠ کەس لە دەربەندیخان دووچاری کۆرۆنا بوون.

ژمارەیەک بەرپرسی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپاوە لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانیەوە گەرانەوە، هیچیان قەرتینەنەکران، ئەمە وایکرد خەڵک گالتەی بە کۆرۆنا بێت و گرنگی پێنەدا.

دوو کەس لەوانەی لە ئێران گەرانەوە ( خەڵکی هەلەبجە و کۆیە بوون)لە سلێمانی پشکنینیان بۆ کرا، سەرەتا وا راگەینرا کە کۆرۆنایان نییە و نێردرانەوە ماڵەوە، بەڵام دوای ماوەیەک دەرچوو هەردووکیان دووچاری کۆرۆنا بوون، بەوەش ئەو دوو کەسە بۆ ماوەیەک ڤایۆەسەکەیان لە ناو خەڵکدا بڵاوکردەوە. 

بۆیە خەڵک بە بریارەکانی قەدەغەی هاتوچۆی وەزارەتی ناوخۆ رازی نابێت، لەبەر ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دواکەوتووە، حکومەت هاوکاری خەڵکی زیانلێکەوتوش ناکات، خەلک دەڵێت با بە کۆرۆنا بمرین و لە برساندا نەمرین.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif